بەهۆی هاوبەشیی هەواڵگرییەوە ئەمریکا و بەریتانیا لەپێشەوەن

بەهۆی هاوبەشیی هەواڵگرییەوە ئەمریکا و بەریتانیا لەپێشەوەن

دوو ساڵ لەمەوپێش ئاهەنگی 75 ساڵەی کاری هاوبەشمان گێڕا؛ 75 ساڵ لەمەوبەر کە (ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا - CIA) لە 1947 دامەزرا. بەڵام هاوبەندیی هەواڵگریی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ لەوە کۆنتر دەگەڕێتەوە، نزیک لەکاتی دامەزراندنی (دامەزراوەی هەواڵگریی نهێنیی بەریتانیا - SIS) لە ساڵی 1909 کاتێک بۆ یەکەمجار ئێمە پێکەوە ترسی تووندوتیژیی دەوڵەت لەسەر دەوڵەتمان لە ئەوروپا بینی. 

ئەمڕۆ، دوای نزیکترین هاوکارییەکان لە جەنگی جیهانیی یەکەم، جەنگی جیهانیی دووەم و شەڕی سارد، بەدواشیاندا خەباتی هاوبەشمان لە دژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، ئەو هاوبەشییە چووەتە ناو قووڵایی پەیوەندییەکی هاوبەشی نێوان وڵاتەکانمان. هیچ هاوپەیمانێکی جێمتمانەتر و بە بەهاترمان نییە.

بەڵام ئێستا ئاڵنگارییەکانی ڕابردوو خێراتر دەبن و لەگەڵ گۆڕانە تەکنەلۆژییەکەش ئاوێتە دەبن. ئێمە ئەمڕۆ لە سیستەمێکی نێودەوڵەتیی پڕ لە کێبڕکێدا، کە وڵاتان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بێوێنە لە هەڕەشە دەبنەوە، هاوکاریی یەکدی دەکەین. 

(CIA) و (SIS) پێکەوە لەڕووی شەڕی دووژمنکارانەی ڕووسیا و پووتین لە ئۆکراینا دەوەستنەوە. ئێمە بینیمان کە ئەمە بەڕێوەیە و توانیمان کۆمەڵی نێودەوڵەتی جۆش بدەین تا بتوانین هەموو پێکەوە پاڵپشتی لە بەرگریی ئۆکراینا بکەین. ئێمە وەک بەشێک لەم هەوڵە نوێ و کاریگەرە، بەوریاییەوە هەندێک لە نهێنییەکانمان لە ڕیزی نهێنیبوون لادا.


مانەوە بەو جۆرە لە هەموو کات گرنگترە. پووتین لە پێشێلکردنی سەروەری و سەربەخۆیی ئۆکراینا سەرکەوتوو نابێت. کردەکانی ڕووسیا پێشێلی ئاشکرای چارتەری نەتەوەیەکگرتووەکان و نۆرمە جیهانییەکانە. ئێمە لە یارمەتیدانی هاوبەشە هەواڵگرییە ئازا و بەهێزە ئۆکراینییەکانمان بەردەوام دەبین. ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین و یارمەتیی خۆڕاگری، نوێگەری و ورەی ئۆکراینا دەدەین. 

پێکدادانەکە نیشانی دا کە تەکنۆلۆژیا، بە تەنیشت ئازایەتیی بێوێنە و چەکوچۆڵی باوەوە، دەتوانێت دۆخی شەڕەکە بگۆڕێت. ئۆکراینا بووەتە یەکەم جەنگ لە جۆری ئاوێتەکردنی سۆفتوێری کراوە لەگەڵ تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی مەیدانی جەنگ، بەکاربردنی وێنەی بازرگانی و سەربازیی مانگە دەستکردەکان، تەکنۆلۆژیای درۆن، ئامرازی جەنگی ئەلکترۆنیی پێشکەوتوو و سادە، سۆشیاڵ میدیا، هەواڵگریی سەرچاوە کراوە، درۆنی دەریایی و ئاسمانی بێسەرنشین و ئۆپەراسیۆنی زانیاریی – هەروەها هەواڵگرییە ئاماژەیی و مرۆییەکانیش – لەو خێرایی و قەبارە بێوێنەیەدا. لە هەمووی زیاتر، ئەمە گرنگیی خۆگونجاندن، تاقیکردنەوە و نوێگەری نیشان داوە.
 

جگە لە ئۆکرانیا، ئێمە بەردەوام دەبین لە کاری هاوبەش بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کەمپەینە بێباکە تێکدەرانەی لە سەرتاسەری ئەوروپا هەیە و لەلایەن هەواڵگریی ڕووسیاوە بەڕێوەدەچێت؛ هەروەها بەکارهێنانی خراپی تەکنەلۆژیا بۆ بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکاری کە بۆ دروستکردنی کێشە لە نێوانمان دیزاین کراون.

لە سەدەی بیست و یەکەمدا، قەیرانەکان بەدوای یەکدیدا نایەن. لەکاتێکدا کە سەرنج و سەرچاوەی گرنگ لە دژی ڕووسیا جێگیرکراون، ئێمە پێکەوە لە شوێن و بوارەکانی دیکەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ناسەقامگیری جیهانی کاردەکەین. 

بۆ هەردوو (CIA) و (SIS)، دەرکەوتنی چین ئاڵنگارییەکی هەواڵگریی و جیۆپۆلەتیکیی بنەڕەتیی سەدەی بیست و یەکەمە و دامەزراوەکانمان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کارە لەپێشینەیە ڕێکخستوونەتەوە. لە هەمان کاتدا، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم وەک چەکی هاوبەشییەکەمان ماوەتەوە و ئێـمە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەوانی دیکەش کار دەکەین بۆ پاراستنی نیشتیمانەکانمان و لەناوبردنی هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعش. 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (SIS) و (CIA) کەناڵە هەواڵگرییەکانمانیان لەپێناو دانبەخۆداگرتن و کەمکردنەوەی گرژییەکان بەکاربردوون. دامەزراوەکانمان بێوەستان کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ڕێککەوتنی ئاگربەست و بەردانی بارمتەکان لە غەززە، کە دەتوانێت کۆتایی بەئازار و لەدەستدانی بەئازاری ژیانی فەڵەستینییە مەدەنییەکان بهێنێت و دوای 11 مانگ لە بەندبوونی دۆزەخیانەی ژێر دەستی حەماس بارمتەکان بۆ ماڵ بگەڕێنێتەوە. بیڵ ڕۆڵێکی کاریگەری لە کۆکردنەوەی لایەنەکانی دانوستانکار بینیوە، بە یارمەتیی هاوڕێ میسری و قەتەرییەکانمان. ئێمە لە پێکەوەکارکردن بەردەوام دەبین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا. 

هێشتنەوەی سوودی تەکنەلۆژی بۆ دڵنیابوون لە سوودی هەواڵگری هاوبەشمان زۆر گرنگە. (SIS) و (CIA) ناتوانن بە تەنیا ئەمە بکەن — هاوبەشییەکەمان بە تۆڕێک لە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت زیاتر بووە.

ئێمە ئێستا ژیریی دەستکرد بەکاردێنین، بە ژیریی دەستکردی دروستکەریشەوە، تا بتوانین چالاکیی هەواڵگریی ئەنجام بدەین و پەرەشیان پێبدەین – لە پووختکردنەوەوە بۆ بیرۆکەدان سەبارەت بە یارمەتیدانی ناسینەوەی زانیاریی سەرەکی لە دەریایەک لە زانیارییدا. ئێمە ڕاهێنان بە ژیریی دەستکرد دەکەین بۆ یارمەتیدانی پارێزگاریکردن و بۆ "تیمی سوور"ی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی دەتوانین هێشتا تا ئەو کاتەی پێویستمان بێت نهێنییەکە بپارێزین. ئێمە تەکنەلۆژیاکانی کڵاود بەکار دێنین تا زانا مەزنەکانی داتاکانمان بتوانن زۆرترین داتامان بۆ دروست بکەن، هەروەها ئێمە هاوبەشی دەکەین لەگەڵ زۆر کۆمپانیای داهێنەر لە ئەمریکا، بەریتانیا و تەواوی جیهان.

لە هەموو ئەم کارەدا، خەڵکە نایابەکەمان، باشترین نموونەکانی خزمەتی گشتیی لێبووردووانە و نیشتیمانپەروەریی، لە ناو چەقی ئەرکەکەی ئێمەدان. هاوبەشیی ئێمە لەسەر کاری هاوبەشمان لە تەکنەلۆژیا، شیکاری و ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی دەرەوەی وڵاتەکانمان بونیاتنراوە – ئەمە پەیوەندییەکانی بریکارەکانیشمان دەگرێتەوە. ئەمانە پیاوان و ژنانی ئازان کە لەگەڵ ئەفسەرەکانمان کار دەکەن بۆ وەستاندنی بۆمبەکان، کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی و گەیاندنی زانیاریی بە ئێمە سەبارەت بە نیەتی نەیارەکانمان. 

هیچ پرسیارێک لەسەر ئەوە نییە سیستەمی جیهانیی نێودەوڵەتی – ئەو سیستەمە هاوسەنگەی کە ئاشتی و سەقامگیرییەکی سنوورداری لێکەوتووەتەوە و هەروەها پێوەر و دەرفەت و گەشەسەندووییەکانی ژیان بەرزکردوونەتەوە – لە ژێر هەڕەشەدایە بە جۆرێک کە لە سەردەمی شەڕی ساردەوە نەمانبینیوە. بەڵام بەرەنگاربوونەوەی سەرکەوتووانەی ئەم مەترسییە بەشێکی بنەڕەتیی پەیوەندییە تایبەتەکەمانە. متمانە، شەفافییەت، ئاڵنگاریی بوونیاتنەرانە و هاوڕێیەتی ئەو تایبەتمەندییانەن کە دەتوانرێت بۆ چوونە ناو سەدەی داهاتوودا پشتیان پێببەسترێت، هەروەها چۆن دەتوانرێت بۆ چارەنووسی هاوبەشمان بۆ هێشتنەوەی پاڵەوانەکان بۆ ئاشتی و سەقامگیریی پشتیان پێببەسترێت.


وەرگێڕان: هۆشەنگ دارا
سەرچاوە: فاینانشیاڵ تایمز

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: