گرنگیی فیلمی کفن لە پیشەسازیی سینەمای کوردیدا

دانا محەممەد عبدوڵڵا

دانا محەممەد عبدوڵڵا

سەرۆکی بەشی سینەما و شانۆ لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی هەولێر

گرنگیی فیلمی کفن لە پیشەسازیی سینەمای کوردیدا

نزار سەلامی و چریکە عەبەڕەش لەکاتی نواندن لە فیلمی کفن، گرافیک؛ ئاڤا نیوز

سینەمای کوردی لەم ساڵانەی دواییدا لەڕووی بەرهەمهێنانی فیلم و ژمارەی بینەرانەوە پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، تەنیا لە هەشت مانگی ئەم ساڵدا حەوت فیلم بەرهەمهاتوون، بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژەپێکردنە چ لە ئێستا و چ لە ڕابردوودا فیلمە کوردییەکان لە چەند ژانرێکی دیاریکراو و تەوەری تایبەت بەرهەمهاتوون، وەک (ئاوارەیی و جەنگ، چیرۆکی تراژیدیا و جینۆساید، کۆمیدیا). بەڵام فیلمێکی کوردی بە ناوی (کفن) توانیویەتی ڕەچە بشکێنێت و دەروازەیەکی نوێ بۆ سینەمای کوردی بکاتەوە، لە ماوەی یەک کاتژمێر و 44 خولەک، بە ژانری ترسناک، کە ژانرێکی نوێیە لەناو سینەمای کوردیدا بەرهەمهاتووە. 

یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی سینەمای هەر نەتەوەیەک بینەرەکەیەتی، بۆیە ئەگەر لە ڕابردوودا بینەرانی کورد تەنیا بە زمانی بیانی فیلمی ترسناکیان بینیبێت، لە ئێستا بەدواوە فیلمی کفن دەرفەت بە بینەرانی کورد دەدات جیاواز لە ڕابردوو بە زمانی شیرینی کوردی فیلمی ترسناک ببینین، لە هۆڵە سینەمایییەکانی کوردستان و عێراق نمایش دەکرێت و سەرنجی بینەران و فیلمسازانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، بووەتە پڕفرۆشترین فیلمی ترسناکی کوردی. کە ئەمەش گرنگی گەورەی لە ئابووری و پیشەسازی سینەما هەیە و گەرەنتی بەدەستهێنانی داهات و دابینکردنی بودجە و بەردەوامی ڕەوتی فیلمسازی کوردی دەکات.

تەنیا لە یەکەمین هەفتەکانی نمایشکردنیدا 25 هەزار بینەری هەبووە، لە ڕیزبەندی باشترین فیلمە کوردییەکانە بەپێی هەڵسەنگاندنی بینەران لە پێگەی IMDbـی جیهانی ڕەیتینی 8.7ـی بەدەستهێناوە.

بۆ ئەوەی شیکردنەوە لە ناوەڕۆکی فیلمی کفن بکەین، ئەم فیلمە باس لە پرسێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی خێزانێکی کورد دەکات، کە بەدەست نووشتە و سیحرەوە دەناڵێنن، ئەمەش تەوەری سەرەکی و ململانێ و سەرجەم ڕووداوەکانی فیلم بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لە چیرۆکی فیلمدا خێزانێک کە کوڕ و کچێکی گەنجن تازە هاوسەرگیرییان کردووە، نیشان دەدرێت نووشتە و سیحر چۆن دەبێتە هۆکاری سەرەکی تێکچوونی شیرازەی ماڵەکەیان و تاوەکو کۆتایی فیلم بەدەستییەوە دەناڵێنن.

دەتوانین بڵێین نووشتە و  جادوو لەو دیاردە و تەوەرە واقیعانەن ڕەگێکی کۆنی ئایینی و کولتوورییان لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە و چەندین کەس ڕۆژانە زەبری دەروونی و ماددییان بەرکەوتووە. گوتاری ئەم فیلمە بەدواداچوونی بۆ چەندین تەوەری هەستیاری کۆمەڵایەتی و ترسناک دەکات کە هۆکارە بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و زەقکردنەوەی ئەو دیاردە قێزەونانە، کە لە ئاستێکی قووڵدا پەیوەندیدار و کاریگەری لەسەر هەست و بیرکردنەوەی بینەران هەیە کە هۆکارە بۆ گرفت و جیابوونەوەی چەندین خێزان (ژن و پیاو، برا و خوشک، هاوڕێ و خزم)، بۆیە دەتوانرێت بەشێوەیەک دەسەڵاتە گەورەکەی هونەری فیلمسازی بەکاربخرێت کە هۆکارێک بێت بۆ ڕەخنەگرتن لە دیاردەیەکی ناو کۆمەڵگە و پەروەردەکردنی تاکێکی بەئاگا و تەندروست، ئەمەش کاریگەری هەیە و یەکێکە لە هۆکارەکانی زۆری ژمارەی بینەرانی فیلمی کوردی کفن.

سەبارەت بە فۆرمی فیلمی کفن، دەرهێنەر و ستافی تەکنیکی توانیویانە تایبەتمەندی ژانری ترسناک لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمدا جێبەجێ بکەن، لەڕێگەی دروست بەکارهێنانی تەکنیکی سینەماتۆگرافی و جووڵە و قەبارەی گرتەکان و ڕیتم و تیمپۆی مۆنتاژی سێنس و سکوێنس بەتایبەت لە گرتەکانی کۆتایی فیلم کە لە خزمەت گوتاری فیلمدا بەکارخراوە و، توانراوە کەشێکی ترس و تاریک نیشان بدرێت، لە زۆر دیمەندا تەکنیکی ڕووناکی سەرەکی کز (Low Key Light) بەکارهاتووە کە بووەتە هۆکاری دروستکردنی سێبەری تۆخ (hard) کە ئەمەش زیاتر کەشێکی ترسناکی خوڵقاندووە و تەرکیزی خستووەتەسەر کارەکتەرەکان و  کاریگەری زیاتری لەسەر دەروونی بینەران کردووە. سەرەڕای ئەوەی کواڵیتی فیلم لە ئاستێکی بەرز و بە ستانداردی جیهانی بەرهەمهێنراوە، هاوکات تەکنیککارانی دەنگ لەڕێگەی میوزیک و کارتێکەری دەنگی بەشێوەیەکی کاریگەر بەکارهاتووە و بووەتە جێگای سەرنجی بینەران و یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی فیلم، هاوکات بە پرۆداکشن، دەرهێنان، نواندن و کۆمپۆزیشنەوە وا بەکارخراوە فیلمەکە هەم ترسناک و هەم چێژبەخش بێت. سەرەڕای ئەوەی هیچ بەرهەمێکی هونەری بێ کەموکوڕی نییە.

بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە سەرکەوتنێکی گەورەی لە پیشەسازی سینەمایی کوردی بەدەستهێناوە و یارمەتیدەر بووە بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی بینەرانی سینەمای کوردی و ئیلهامبەخشە بۆ نەوەیەکی نوێی فیلمسازانی کورد لە بەرهەمهێنانی فیلم لە ژانری ترسناک. 

سەرکەوتنی فیلمی کفن بەڵگەی بوونی بەهرەی فیلمسازانی کوردە، دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی و گەشەکردن و پەرەسەندنی سینەمای کوردی لە ساڵانی داهاتوودا چاوەڕوانی بینینی فیلمی پێشکەوتووتر لەم ستافە بکەین. فیلمەکە لە نواندنی (چریکە عەبەڕەش، کارۆ سەوز، نزار سەلامی، سازگار فواد و چەندین ئەکتەری ئەستێرەی کوردستانە) لە نووسین و دەرهێنانی سروشت عەبەڕەشە و بەرهەمهێنانی باهۆز نەسرەدینە و بەرهەمی میترۆنۆم پرۆدەکشنە بە هاوبەشی لەگەڵ ئاڤا میدیا.

لە کۆتاییدا هیوادارم بینەری فیلمی کفن بن و چێژ لە فۆرم و ناوەڕۆکی ببینین. هاوکات هاورای ئەو بیروڕایەیی دەرهێنەری نێونەتەوەی کوردی بەهمەنی قوبادیم کە دەڵێت: (سوپاس بۆ بینەرانی کورد کە پشتیوانی لە فیلمی کوردی کفن دەکەن، هەر فیلمێک بە زمانی کوردی بێت دەبێت هەموومان پشتیوانی بین، چونکە فیلمی کوردی گرنگترین پەنجەرەیە بۆ دونیای دەرەوە و جیهان).

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: