فرەدەنگی لە نووسینی ئەکادیمیدا

فرەدەنگی لە نووسینی ئەکادیمیدا

گرافیک: ئاڤا نیوز

پەرەپێدانی زانست لە ڕێگەی گوتار و دەنگی جیاوازەوە یەکێکە لە لایەنە گرنگەکانی بواری ئەکادیمی. لە نووسنی ئەکادیمیدا، نووسەر کۆمەڵێک دەنگ بەکاردەهێنێت کە لە ڕووی کردارییەوە تێکەڵەیەکە لە دەنگی نووسەر خۆی لەگەڵ دەنگی کەسانی دیکە. بۆ وێنە، کاتێک نووسەر پشت بە بەڵگە یان ڕاوبۆچوونی کەسانی دیکە دەبەستێت، ئاماژەی ڕوون بە سەرچاوەی بەڵگە و ڕاوبۆچوونەکان دەکات. لێرەدا ئاماژەکردن بە سەرچاوە بەشێکی گرنگی دەنگە جیاوازەکان پێک دەهێنێت. چونکە هۆکارێکە بۆ جیاکردنەوەی دەنگی نووسەر و بیروبۆچوونەکانی لە دەنگ و بیروبۆچوونی کەسانی دیکە. بە مانایەکی دیکە، لە نووسنی ئەکادیمیدا نووسەر بە تەنها دەنگی خۆی دەرنابڕێت، بەڵکو دەنگی کەسانی دیکەش دەردەبڕێت. ئاماژەکردن بە سەرچاوەش ڕێگایەکە بۆ جیاکردنەوەی دەنگی خۆی لە دەنگی ئەوانی دی.

 

فرە دەنگی لە ناو نووسنی ئەکادیمیدا، بریتییە لە دەنگی نووسەر لەگەڵ خستنەڕووی دادپەروەرانە و وردی دەنگی کەسانی دیکە کە لە لێداونێکی ڕوون و ڕاستەوخۆدا تێکەڵ کراون. ئەم تێکەڵکردنە بەندە بە زۆر شت، لە سەرووی هەموویانەوە تێگەیشتنی تەواو لە سەرچاوەکان و پێویستی بۆ یارمەتیدانی خوێنەر بۆ تێگەیشتن لە بیروبۆچوونەکانی نوسەر و ئەو سەرچاوانەشی کە پشتی پێ بەستوون. بەشێوەیەکی گشتی لەناو نووسراوە ئەکادیمییەکاندا چوار دەنگی ئەکادیمی جیاواز دەبینرێن، ئەوانیش بریتین لە: دەنگی خۆیی، دەنگی دەرەکی، دەنگی ناڕاستەوخۆ و دەنگی ڕاستەوخۆ. دەنگی خۆیی (Own voice) بابەتێکە، بیرۆکەیەکە، بڕگەیەکی ڕەسەنە کە لەلایەن نووسەرێکەوە نووسراوە یان شیکردنەوە و هەڵسەنگاندێکی ڕەسەنە کە تیایدا نووسەر تیشکی خستۆتە سەر بەرهەمی نووسەرێکی دی. لە دەنگی دەرەکی (External voice)دا نووسەر دەقی کەسێکی دیکە کورت و پوخت دەکاتەوە یان دووبارە داڕشتنەوەی بۆ ئەنجام دەدات، بەڵام ناوی نووسەری دەقەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە دەقەکەدا نانووسرێت، بەڵکو بە پێی یەکێک لە شیوازەکانی نووسین دەخرێتە ناو کەوانەیەکەوە. لە دەنگی ناڕاستەوخۆ (Indirect voice)دا، نووسەر کاری نووسەرانی دی کورت کردۆتەوە یان دووبارە دایڕشتووەتەوە، بەجۆریک ناویان لە دەقدا هاتووە و بەشێوەیەکی گونجاو ئاماژە بە سەرچاوەکە کراوە. لێ لە دەنگی ڕاستەوخۆ (Direct voice)دا نووسەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەقی نووسینی کەسیکی دیکەی وەرگرتووە و وەک خۆی بەبێ دەستکاری لە کارەکەیدا بەکاری هێناوە، دواتر ئاماژەیەکی ڕوونی بە سەرچاوەکە کردووە. لە زۆربەی دەقەکاندا هەرچوار دەنگەکە بەکار دەهێنرین، بەڵام جۆر و شیوازی بەکارهینانیان لەسەر پسپۆڕی و بوار و بابەتی لیکۆڵینەوە وەستاوە. بۆ وێنە ئەو پەرەگرافە نموونەیەک لە فرە دەنگی لەناو دەقێکی ئەکادیمیدا دەخاتەڕوو:

 

"نیگەرانییەکان سەبارەت بە پرسی سەلامەتیی خۆراک و زیادبوونی ڕووداوەکانی ژەهراویبوون بە خۆراک لە ساڵانی حەفتاکان بەدواوە بە شێوەیەکی بەردەوام گەشەیان کردووە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەو نیگەرانیانەدا زاراوەی مەترسیی خۆراک لە میدایاکاندا دەرکەوتووە (Knowles et al, 2007). بەپێی کامپبێل و فیتزجێرناڵد (2001)، ترس لە خۆراک بۆ یەکەم جار پەیوەندی بە بەستنەوەی دیاردەی زیانبەخشی حەبەکان بە سیانیدەوە هەبووە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئەمریکا، لە ڕێگەی ئەمەوە میدیاکان دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی نادڵنیایی سەبارەت بە سەلامەتیی خۆراک کە لەسەر ئاستی گشتیدا کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوادا هاتووە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی ڕۆڵی تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی-دیمۆگرافییەکان لە چارەسەری زانیارییەکانی سەلامەتیی خۆراک لەبەردەستدا نەبووە (Mazzocchi et al., 2008, p.3)."

 

بە سەرنجدان لە پەڕەگرافەکەدا، تێبینی تێکەڵەیەک لە چەندین دەنگی جیاواز دەکرێت، بە جۆرێک بەکارهێنانی ئەو فرە دەنگییە لایەنێکی جەوهەریان لە پەرەسەندنی گفتوگۆ و ئارگیومێنتی ئەکادیمی پەڕەگرافەکە پێکهێناوە. وێرای ئەوەی بەڵگەکان گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام لە چوارچێوەی گریمانە یان گفتوگۆدا خراونەتەڕوو کە نیگەرانیی گشتییان سەبارەت بە سەلامەتیی خۆراک و ڕووداوەکانی ژەهراویبوونی خۆراک نیشان داوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە دەنگی نووسەر لەناو پەڕەگرافەکەدا وەک بەشێک لە گفتوگۆ و لێکدانەوە و گێڕانەوە بەکار هاتووە. هەورەها فرە دەنگی و بەکارهێنانی دەنگی ئەکادیمی جیاواز لایەنێکی جەوهەری یەکپارچەیی ئەکادیمی (وەرگێڕان، ئاماژە) و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە (بنیاتنانی گفتوگۆ)ی پەرەگرافەکەیان پێکهێناوە، جگە لە نیشاندانی ئاستێکی بەرزی نووسین و پابەندبوون بە بنەماکانی نووسینی ئەکادیمی.

شەیری بکە لە: