لە سەرەتای مانگی نیسانەوە ئیسرائیل و ئێران چوونەتە نێو شەڕێكی ڕاستەوخۆ

لە سەرەتای مانگی نیسانەوە ئیسرائیل و ئێران چوونەتە نێو شەڕێكی ڕاستەوخۆ

گرافیک: ئاڤا نیوز

ئالێن فراشۆن ـ Alain Frachon، سەروتارنووسی لێ مۆند، لە سەروتاری ئەمڕۆی خۆیدا، ئاماژەی بە دەستپێكی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران داوە. هەرچەندە نووسەری وتارەكە، بڕوای وایە بە هێرشی ئەپرێلی ئیسرائیل بۆ سەر كونسولگەریی ئێران لە دیمەشق، ڕاستەوخۆ ئێران و ئێسرائیل چوونەتە نێو شەڕەوە.


فراشۆن، شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بە شەڕی غەزە گرێ دەداتەوە و دەڵێت: مادام تراژیدیای غەزە بەردەوامە، هەموو ڕۆژێك مەترسیی شەڕی دووەم لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست لە ئارادایە و دواجاریش ئەم  شەڕە لوبنانیش دەگرێتەوە.


ئالێن فراشۆن، ئاماژەكردن بە هێرشە مووشەكییەكانی حیزبوڵا كە لەم پێنج مانگەی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل زیادی كردووە، باس لەوە دەكات لە پشت ئەم هێرش و شەڕەی ئیسرائیل و حیزبوڵا، سێبەری حكومەتەكەی تاران یا زڕباوكی حیزبوڵا دیارە. 


بە پێی وتارەكەی لێ مۆند، كۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لە ڕێگەی میلیشیا لوبنانییەكان، خەریكی شەڕی یەكترین. لەگەڵ ئەوەشدا، فراشۆن پێی وایە بە هێرشی سەرەتای ئەپرێل بۆ سەر كونسولگەری ئێران لە دیمەشق یا لە ڕاستیدا بۆ سەر خاكی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریە، ئیسرائیل زیاتر پێی هەڵێنایەوە، چونكە ئەم هێرشە نەك حیزبوڵای لوبنان، بەڵكو زڕباوكەكەی، واتە كۆماری ئیسلامی بە ڕاستەوخۆیی كردە ئامانج.


بە واتایەكی دیكە، بەم هێرشە، دوو بەرەی دەرەكیی شەڕی بەوەكالەت، دەگۆڕدرێت بۆ شەڕی ڕاستەوخۆ. ئێستا كۆماری ئیسلامی هەڕەشەی كردووە كە بە هێرشی ڕاستەوخۆ وەڵامی هێرشە ڕاستەوخۆكانی ئیسرائیل دەداتەوە.


ئالێن فراشۆن، بیری هێناوەتەوە كە هێرشی سەرەتای ئەپرێل بۆ سەر كونسولگەری ئێران، لە زۆر ڕووەوە گرنگ بوو، چونكە لەو هێرشەدا 16 كەس لەوانەش محەمەد ڕەزا زاهیدی و سێ یاریدەدەری كوژران. 


بە قسەی سەروتارنووسەكەی لێ مۆند، كوژراواوەكان، پیاوی سەرەكی و دەستەبژێری نیزامی كۆماری ئیسلامی بوون لە دەرەوەی سنوورەكان كە تۆڕی میلیشیا عەرەبییەكانیان ئاراستە دەكرد.


فراشون پێی وایە كۆماری ئیسلامی پشتبەستن بەم میلیشیا چەكدارانە خۆی كردووەتە یەكێك لە زلهێزەكانی ناوچەكە و لە ژێر ناوی "بەرەی مقاومەت" هەڵكەوتەی خۆی دەپارێزێت.


ئەم "بەرە"یە، لە ڕاستیدا خزمەتی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرژەوەندییەكانی ئەو نیزامە ئیسلامییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەكات. ئەو مووشەكانەی كۆماری ئیسلامی كە دراونەتە دەست حیزبوڵای لوبنان و دەتوانن شارە گەورەكانی ئیسرائیل بكەنە ئامانج، بۆ پاراستنی حەماس و پرسی فەلەستین نین، بەڵكو بۆ پێشگرتنن لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران.


بە پێی نووسینەكەی ئالێن فراشۆن، ڕاستە كە لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، حیزبوڵا مەترسیدارترە لە حەماس، بەڵام حیزبوڵا ڕەگ و ڕیشەی لە نێو كۆمەڵگەی لوبنانیدایە و هێزێكە چووەتە نێو پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە،  بۆیە فراشۆنیش نووسیویەتی حیزبوڵا ناتوانێت تەنیا ئامرازێك بێت بە دەست كۆماری ئیسلامییەوە، بەڵكو دەبێت پێگە كۆمەڵایەتییەكەی خۆشی لە لوبنان و نێو خەڵكی ئەو وڵاتە بپارێزێت.


سەرۆك و كەسایەتییە سیاسییەكانی لوبنان داوایان لە حیزبوڵا كردووە لەسەر شەڕی ئیسرائیل لە غەزە پێی زیاتر لە بەڕەی خۆی ڕانەكێشێت و  بە ئاشكرا كارێك نەكات كە ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر لوبنان، چونكە وەها هێرشێك بۆ سەر لوبنانێك كە شیرازەی لێك ترازاوە، وێرانكەرانە دەبێت و بەرپرسیاریەتیی ئەم وێرانبوونەش ڕوو لە حیزبووڵا دەبێت كە بێجگە لە شێعەكانی لوبنان، لەو وڵاتە زۆر خۆشەویست نییە!

 

نووسەر: ئالێن فراشۆن، سەروتارنووسی لێ مۆند

سەرچاوە: لۆمۆند

وەرگێڕان: ئاڤا نیوز

شەیری بکە لە: