ترەمپ دەبێتە بەشێک لە جەنگی جیهانیی دژ بە " ئایدۆلۆژیای جێندەر"

ترەمپ دەبێتە بەشێک لە جەنگی جیهانیی دژ بە " ئایدۆلۆژیای جێندەر"

دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پووتین، گرافیک، ئاڤا نیوز

لە فەرمانێکدا کە لە  بەرواری 27-1-2025 بڵاوکرایەوە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، وەزارەتی بەرگری جەخت دەکاتەوە لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی مەرجەکانی بەئەندامبوون لە هێزە سەربازییەکان و بەپێی فەرمانەکە کەسانی ڕەگەزگۆڕاو بە شایستە دانانرێن بۆ خزمەتی سەربازی.


دوو ڕێکلام کە بەشێک بوون لە کامپەینی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا، دەریانخست جێگیرکردنی پرسەکانی کەسانی ڕەگەزگۆڕاو چەندە کاریگەرە لە کۆکردنەوەی پشتیوانی و دەنگی دەنگدەرانی ئەمریکا. لە یەکێک لە ڕێکلامەکاندا بە بەکارهێنانی ڤیدیۆکانی کامالا هاریسی ڕکابەری ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا کە لە ساڵی 2019 بەڵێنی گۆڕانکاریکردنی لە سیستەمی زیندانەکانی ئەمریکا دا، بە جێگیرکردن و ئاسانکاری لە دەستگەیشتن بە نەشتەرگەری بۆ هەموو زیندانییەک کە بیەوێت نەشتەرگەری ڕەگەزگۆڕین بکات، لە ڕێکلامەکەدا کە لەکاتی یارییەکی تۆپی پێ بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتبوو: "کامالا بۆ ئەوانە، سەرۆک ترەمپ بۆ تۆیە".

لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە  پشتیوانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە پیاوانی ڕەشپێست و لاتینی و ژنان بۆ دۆناڵد ترەمپ زیادی کرد، بەهۆی پشتیوانی لە دەنگی ناڕەزایەتی و نیگەرانی لە بەشداریکردنی کەسانی ڕەگەزگۆڕاو لە وەرزشی کچان و ژنان، پەیوەست بەم پرسەش ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 5-2-2025، ترەمپ فەرمانێکی دیکەی دەرکرد بۆ دوورخستنەوەی کەسانی ڕەگەزگۆڕاو لە وەرزشەکانی ژنان و کچان.

 هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ بوو بە دەنگ و ڕەنگی ئەو ئەمریکیانەی کە پێیانوابوو کۆمەڵگە زۆر بەخێرایی گۆڕاوە، ئەنجامی ڕاپرسییەکی ساڵی 2018 دەریخستووە نزیکەی 60%ی جەماوەری کۆمارییەکان {پارتەکەی ترەمپ} وتوویانە "هەست دەکەن کەسێکی نامۆن لە وڵاتەکەی خۆیاندا". 

هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، "بیر لەوە بکەرەوە کە وڵاتی منداڵیت لێ بسەنرێتەوە."  ئەوان گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییان وەک لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتییان باس کردووە و ئەم گۆڕانکارییە کاریگەرییەکی تووندڕەوانەی هەبووە لەسەریان بەشێوەیەک لە ڕاپرسییەکی ساڵی 2021دا کە لەلایەن پەیمانگای ئینتەرپرایسی ئەمریکییەوە کراوە، دەرکەوتووە 56%ی کۆمارییەکان هاوڕابوون کە ”شێوازی ژیانی نەریتی ئەمریکی ئەوەندە خێرا نامێنێت کە ڕەنگە ناچار بین هێز بەکاربهێنین بۆ وەستاندنی."

 لە سەرانسەری جیهاندا، زۆرێک لە خەڵک مافی هاوڕەگەزبازان، بەیاساییکردنی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزبازان، مافەکانی ڕەگەزگۆڕاو و چاودێریی جێندەری بۆ کەسانی کەم تەمەن وەک هەڕەشەیەکی شارستانی دەبینن.

وەک جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، لە ساڵی 2019دا لە وتارێکیدا نووسیویەتی: “بۆچی خێزان دووژمنە؟  بۆچی خێزان ئەوەندە ترسناکە؟  یەک وەڵام هەیە بۆ هەموو ئەم پرسیارانە، چونکە پێناسەمان دەکات،  چونکە ناسنامە و بوونی ئێمە پێناسە دەکات، چونکە هەموو شتێک کە پێناسەمان دەکات ئێستا دووژمنە”.

ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە بە سەرکردی بەرەیەک دژ بە پرسی ڕەگەزگۆڕین کە لە سەرانسەری جیهاندا گەشە دەکەن، لە پۆڵەندا و هۆڵەندا، هیندستان، فەرەنسا و ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەرازیل، هەنگاریا و چەندین وڵاتی دیکەش.

یەکێکی تر لە هاوبیرەکانی ترەمپ ڤلادیمێر پووتینە، بەشێوەیەک ڕووسیا لە ماوەی 20  ساڵی ڕابردوودا بووە بە چرایەک بۆ ئەم بەرەیە و پێشوەختە ڕێکاری دژ بە پڕوپاگەندەکانی ڕەگەزگۆڕینی گرتووەتە بەر، لە ساڵی 2006 شارە بچووکەکانی ڕووسیا دەستیان کرد بە دەرکردنی یاساکان کە "بانگەشەی هاوڕەگەزبازان" قەدەغە دەکەن.

قەدەغەکردن لە ساڵی 2013 بوو بە یاسای فیدراڵی و ڕووسیا خۆی وەک پایتەختی "بەها خێزانییەکان"ی جیهان ناساند.  ڕووسەکان  سەبارەت بە کەسانی ڕەگەزگۆڕاو دەڵێن "بوونەوەرێکن جەنگێکی ئاشکرایان لەسەر کۆمەڵگەی ڕووسیا ڕاگەیاندووە، ئامانجیان لەناوبردنی نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکانە.

* ئێمەش وەک ئاڤا خۆمان بە بەشێکی جەنگەکە دەزانین، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئاڤاوە یەکێک لە دروشمە سەرەکی و نەگۆڕەکانمان پاراستنی خێزانە و بەشێکە لە دەستووری کارکردنی ئاڤا، بە جۆرێک ئاڤا شاشەی هەموو خێزانێکە، پێچەوانەی کەناڵەکانی دیکە، ژن و پیاو و منداڵ و گەنج و پیر ڕوویان هەیە کاتێک کۆدەبنەوە سەیری شاشەی ئاڤا بکەن. ئێمە لە ئاڤا بەهیچ جۆرێک هەواڵی دژی خێزان و تەنانەت هیچ هەواڵێکیش بڵاوناکەینەوە زیان بە کۆمەڵگە و هیچ تاکێک بگەیێنێت، وێڕای ئەمە هەواڵی دەستدرێژی و کێشەی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزگۆڕین و .. هیدت بە هەموو شێوەیەک لە ئاڤا قەدەغەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: