
لە ڕابردوودا ململانێی سەربازیی فەڵەستین و ئیسرائیل لە چوارچێوەی جوگرافیای خۆیاندا قەتیس دەبوو، بەڵام ئێستا پریشکی ئەو ئاگرە هەمیشەییەی نێوانیان تەشەنەی سەندووە و تینە گەرمەکەی هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوە. گۆڕانکاری وا هاتووەتە ئاراوە لە دەرەوەی چاوەڕوانییەکان بوو، لە نموونەی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و کوژرانی بەشێك لە سەرکردە گرنگەکانی مقاوەمەی ئیسلامی و کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران لە لوبنان و نەمانی لە سووریادا.
هەموو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە دەستیپێکردووە و لێکەوتەکانی تائێستا بەردەوامە، دیارنییە لەو ئاستەی ئێستا دەوەستێت یاخود ڕۆژانی داهاتوو بابەتگەلی دیکە دێنەئاراوە و شکڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەمووان بەدیار دەکەوێت.
کۆتاییە خێراکان
دەتوانرێت بگوترێت هەر هەڵبژاردنێکی نوێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ڕووداوی وا دێنێتە ئاراوە، کە زۆرجار بە خەیاڵی مرۆڤدا نەهاتووە یاخود پێشبینی ناکرێت لەو وادەیەدا ڕووبدات، لە نموونەی ڕووخان و هەڵاتنی بەشار ئەسەد لە سووریا، کە نزیکترین و تازەترین نموونەیە.
زۆر ناچمەوە بۆ ڕابردوو لەپێناو باسکردنی تەوقیتی کۆتاییەکانی وەك ئوسامە بن لادنی سەرکردەی قاعیدە و زەرقاوی و ئەبوبەکر بەغدادی و کێ و کێ، بەڵکو ڕووخانە خێراکەی ڕژێمی بەعسی سووریا و کەوتنە خێراکانی تر دەکەمە خاڵی هەڵوەستەکردن و لێکدانەوە، کە ڕووخانی ئەسەد هەرە بەهێزترین بوومەلەرزەکان بوو لەپاش بوومەلەرزەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی ئیسرائیل.
سەرکێشی یاخود هەڵە ستراتیژییەکەی بزووتنەوەی حەماس بە سەرکردایەتی مەیدانیی یەحیا سینوار لە 7ی ئۆکتۆبەردا، وەك دەوترێت زێڕینترین هەلی مێژوویی بۆ پێچەوانەبوونەوەی هیلالی شیعی هێناوەتە ئاراوە، هیلالێك کە دەیان ملیار دۆلار و سەرچاوەیەکی گەورەی مرۆیی و سەربازی و سیاسی تێدا خەرج کرا.
هیلالی شیعی بەسەرکردایەتیی ئێران، بە بەشداریی بەشێك لە شیعەکانی عیراق، بەعسییەکانی سووریا، حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەکانی یەمەن و سەرەلەقێی حەماس، تەواوی ناوچەکەی تەنیبوو. نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەپێشەوەیاندا سەردار قاسم سولەیمانی، تەونی جاڵجاڵۆك ئاسای هیلالەکەیان چنیبوو، بەڕادەیەك پلانەکە بەرەوپێش چووبوو، کە مەترسی ڕاستەقینەی لەسەر وجودی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروست کردبوو.
ئێرانییەکان نەك تەنها لە جوگرافیای هیلالەکەدا، بەڵکو وەك دەوترێت لە هەندێك وڵاتی دەرەوەی جوگرافیای هیلالەکەش بەهێز بووە، بەڵام بە سەرکێشییەکەی حەماس، سەرەتای کۆتاییهاتنی هیلالەکە دەرکەوتووە، ئەگەرچی ئێرانییەکان و بەرەی موقاوەمە ڕەتی دەکەنەوە و پێیانوایە پاشەکشێی کاتییە و شکست ناهێنن، چونکە کارەکەیان ڕەوایە و بەرگرییە لە ناسنامەیان.
هەرچەندە بەرپرسانی باڵای ئێران بە هەموو شێوەیەك ڕەتی دەکەنەوە پێکهێنەرانی بەرەی موقاوەمە (بەشدارانی هیلال) لاواز بووبن، بەڵام واقیع شتێکی ترمان پێ دەڵێت و هیلالەکە خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە.
هەڵگەڕانەوەی وێنەی هیلالەکە بە کاردانەوەی هەرە تووندی ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، کاتێك لە زەمین و ئاسمان و دەریاوە خۆی کرد بە غەززەدا، لەناو دڵی تارانی پایتەختی ئێران دەستی گەیشتە ئیسماعیل هەنیەی سەرکردەی حەماس، هێزی بردە باشووری لوبنانەوە، حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای دۆزییەوە و کوشتی، هاشم سەفیەدینی جێگرەوەی نەسروڵڵای لە کەمترین ماوەدا کوشت، هەروەها لەدوای پێنج دەیە لە حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەد، لە سووریا کۆتایی بە ڕژێمی بەعس هات، چەندین جاریش ئیسرائیل دەستی لە حوسییەکانی یەمەن وەشاندووە و بە هێزی ئاسمانی، ژێرخان و سەرخانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ئەندامەی هیلالی شیعی هەڵتەکاندووە، ڕەنگە دیمەنی دیکەش مابێت، بەڵام نامەوێت پێش بکەوم.
هیلالی شیعی چییە؟
هیلالی شیعی دەستەواژەیەکی سیاسییە، مەبەست لێی ئەو رێڕەوە جوگرافییەیە، کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شیعەکان بەشێوەیەکی چڕ تێیدا دەژین، کە لە ئێرانەوە دەستپێدەکات و بە ئاراستەی باکوور دەچێتە عێراق و سووریا و لوبنان، بە ئاراستەی باشووریش دەچێتە بەحرەین و سعودیە و یەمەن.
ئەم دەستەواژەیە لە سەرەتاکانی مانگی دیسەمبەری ساڵی 2004، لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەم پادشای ئوردن لە میانی سەردانێکیدا بۆ ئەمریکا بەکارهات کاتێك قسەی بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆست کرد و ترسی ئەوەی نیشان دا، حکومەتێك لە عیراقدا بێتە سەر حوکم، کە هاوکار و یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕژێمی بەعسی سووریا بێت بۆ دروستکردن و بنیاتنانی هیلالێك لە ژێر نفوز و دەسەڵاتی شیعەدا، کە تا لوبنان درێژببێتەوە.
هەر ئەوکات نەیشاردبووەوە، کە دەرکەوتن و بەهێزبونی هیلالی شیعی، دەبێتە مایەی مەترسی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و کێشە سەرهەڵدەدات.
ئەوکاتەی شا عەبدوڵڵا ناوی هیلالی شیعی بەکارهێنا و لە میدیادا تەقییەوە، یەمەن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆیدا نەبوو، دوای چەند ساڵێك حووسییەکان بوونە دەسەڵاتداری سەنعای پایتەختی یەمەن و بە جوانی هیلالەکەی گەورە و فراوانتر کرد، ئەگەرچی سنووری وشکانی لەنێوان ئێران و یەمەندا نییە و دەریا باشترین خاڵی بەیەکگەیشتنیانە.
ئەگەر دیزاینەری ئەم هیلالە قاسم سولەیمانی نەبێت، ئەوا باشترین و بەهێزترین و لێهاتووترین کەسایەتی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسیی ئێران بووە بۆ جێبەجێکردنی.
قاسم سولەیمانی لە ماوەی کارکردنی لە پرۆژەکەدا، بەردەوام لەنێوان هەر چوار پایتەخت "تاران، بەغدا، دیمەشق و بەیرووت" لە جووڵەدا بوو. لە جێبەجێکردنی پلانی هیلال، بەهێزکردنی، چەسپاندنی، پاراستنی، پشتگرتنی هاوپەیمانەکانیان، لەناوبردنی مەترسییەکان، ئامادەیی مەیدانی هەبوو، تەنانەت لە دامرکاندنەوە و قەتیسکردنی شۆڕشی سووریا لە جوگرافیایەکی بەرتەسکدا، نەهێشتنی خۆپێشاندانەکانی تشرینی پارێزگا شیعەنشینەکانی عێراق، کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی لوبنان، ڕۆڵی هەرە کاریگەری بینیوە، جا بە ئامادەبوونی فیزیکی بووبێت یاخود بە ئیعاز و ئیلهام وەرگرتن بێت لە تێڕوانین و ڕێنماییەکانی.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە 3ی کانوونی دووەمی 2020 لەلایەن ئەمریکاوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، گورزی هەرە گەورە بەر پەیکەری تەواونەبووی هیلالەکە کەوت، چونکە باشترین سەربازی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە چالاکی کەوت، ئێستاشی لەگەڵدا بێت و تا ماوەیەکی زۆریش دۆزینەوەی شوێنگرەوەی زۆر زەحمەت دەبێت.
وێنە گەورەکەی لاوازبوونی هیلال یاخود بڵێین پێچەوانەبوونەوەی هیلالەکە بە تەنها لە نەمانی سولەیمانیدا قەتیس نابێت، بەڵکو گۆڕانی عەقڵی تیمی حوکمڕانییە لە ئیسرائیلدا، کە پلانیان فراوانکردنی سنووری جوگرافییە و بیر لە جێبەجێکردنی رێڕەوی داود دەکەنەوە تا بگەنە فورات.
بە لێکدانی بابەتە مەوزوعییەکانی وەك کوژرانی سولەیمانی، خۆپیشاندانی خودی شیعەکان لە هەرسێ وڵاتەکە، 7ی ئۆکتۆبەری 2023، گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، باشترین هەل بوون بۆ ئیسرائیلییەکان بۆ جێبەجێکردنی پلان و ستراتیژی پێچەوانەکردنەوەی هیلالەکە، ڕاستر بڵێین؛ هەلی زێڕین بەدەستهات.
ئەمجارە هیلالەکە نەك کەلێنی تێکەوتووە، بگرە ستراتیژ و فیکرەکە لەوەدایە چۆن هیلالەکە پێچەوانە بکرێتەوە.
غەززە پلانی یەکەمە، ئەگەرچی شانازییەك هەیە بۆ بەرگەگرتنی حەماس و خۆڕاگری خەڵکی ئەو ناوچەیەی فەڵەستین و دواجار گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەدوای چەندین خولی دانوستاندن، بەڵام ئامانجی ستراتیژیی سیاسی و نفوز شتێکی تر دەڵێن.
پلانی دووەم باشووری لوبنانە، لەوێ هیچ کەسێك لەبەردەم ئاگری ئیسرائیلدا پارێزراو نییە (بە بەیروتی پایتەختیشەوە)، ژمارەیەکی زۆری سەرکردەکانی حیزبوڵڵا کراونەتە ئامانج و کوژراون بە خودی ئەمینداری گشتیی حیزبەکەشەوە.
لە سووریا حوکمی 50 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد کۆتایی پێهێنرا. لە یەمەن ئەنساڕوڵڵای حووسی بەردەوام ئاگرباران دەکرێن و ژێرخانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان گەورەترین زیانی بەرکەوتووە و توانای سەربازییشیان لاواز کراوە.
عیراقیش لەبەردەم رەحمەتی شەفاعەتی ئەمریکییەکاندایە، بەڵام ڕەنگە ئەو ڕەحمەتە تا ماوەیەك بێت و لە ماوەی دووەمی حوکمڕانیی ترەمپ-دا کۆتایی پێبێت. لێرەدا مەبەست ئایندەی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامییە، کە ئایا لە کار و چالاکییەکانی ڕابردوویان دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوام دەبن؟ یاخود حکومەتی عیراق بە پاڵپشتیی مەرجەعیەت (فتوایەکی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی) ئەم بابەتە بەشێوەیەکی دروست و یاسایی چارەسەر دەکات و مەترسی و هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر عێراق دوور دەخاتەوە؟
ئیسرائیلییەکان خەونی گەورەی مێژوویی و ئایینییان هەیە، کورد وتەنی؛ لای زۆرێك خەیاڵ پڵاوییە، بەڵام لای خۆیان مایەی جێبەجێکردنە (بەتایبەت لە ڕەوشی شڵۆقاوی ئێستا). خەونی جوگرافیایەکی فراوانتر لەوەی ئێستا (لە نیلەوە تا فورات)، وەك ئەوەی ترەمپ وتوویەتی؛ ڕووبەری ئیسرائیل لەسەر نەخشە بچووک دەردەکەوێت و هەمیشە بیر لەوە دەکاتەوە چۆن دەکرێت فراوان بکرێت.
هیلالی ئێرانی نەك شیعی
بە لێکدانەوەی ڕووداو و پێشهاتە خێراکان، هیلالی شیعی، کە ساڵی 2020 جارێکی دیکە شا عەبدوڵڵا باسی کردەوە، ئەمجارە بە هیلالی ئێرانی نەك شیعی ناوی هێنا، لە دوا ساتەکانی تەمەنیدایە. دیارنییە ڕابەر و بەرپرسانی باڵای ئێران ئاستی ململانێکە بەهێزتر و فراوانتر دەکەن؟ یاخود ئەوەی ماوە دەیپارێزن و زیانەکان لەوەی ئێستادا ڕادەگرن و وەك دەوترێت؛ زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە.
لە گۆڕانکارییە خێراکانیش، دوای دوو ساڵ پرسی سەرۆکی لوبنان یەکلاکرایەوە، کاندیدی دڵخوازی حیزبوڵڵا کشایەوە، کە بە درێژایی ئەو دوو ساڵە نەیدەهێشت سەرۆکی نوێ بۆ وڵاتەکە هەڵبژێردرێت، بەڵام دواجار جۆزێف عەون، پیاوی سەربازی و وەك ئەوەی باسی دەکرێت دژە هیلال، بووە سەرۆکی ئەو وڵاتە ماندووە.
هەموو ئەوەی لە 20 ساڵی ڕابردوودا لەم ناوچە بێ ئارامەدا ڕووی دا و بوار بە ئێران درا پەلی زۆر بهاوێت، بەم کۆتاییە خێرایانە خەریکە دەبنە خۆڵەمێش.
زیانەکان بۆ ئێران زۆرن، دەکرێت هەندێکیان بخەینەڕوو؛
1-بەفیڕۆچوونی پارەیەکی زۆر و بودجەیەکی زەبەلاح، لەکاتێکدا وڵاتەکە لەژێر ئابڵووقەیەکی توونددایە و باری ئابووری خراپە.
2-تێچووی هیلالەکە و زیانە ئابوورییەکانی بۆ وڵاتەکە و هاووڵاتیانی زۆر گەورەیە، خەڵك ناڕەزاییە و نایشارنەوە.
3-پەرشوبڵاوی و زەحمەتی ئیدارەدانی ئەو بەرە فراوانەی هیلالەکە دەیگرێتەوە.
4-لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر سەرکردەی سەربازی و ڕاوێژکار و ڕاهێنەر لە نموونەی قاسم سولەیمانی.
5-پشتگرتنی بەشار ئەسەد و پێشکەشکردنی هەموو پاڵپشتییەك، بەڵام ئەو دواجار بەرگەی گوشارەکانی نەگرت و هەموو شتێکی بۆ ئێرانییەکان سفر کردەوە.
6-هەندێك لێدوان و قسەی دزەپێکراوی لێپرسراوانی سیاسی و فەرماندە سەربازییەکانی ئێران دژبە ڕووسیا لەسەر ڕووداوەکانی سووریا، پێدەچێت کێشەی ڕاستەقینە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هاتبێتە ئاراوە، کە ئەگەر شتێکی وا ڕووبدات، دەکرێت بە گەورەترین زیان بۆ ئێران هەژمار بکرێت.
7-دواجاریش لەدەستدانی دوو پایتەخت و دوو بەرەی ململانێ.
ڕێڕەوی داود و خەونی ئیسرائیلی گەورە
هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی "ڕێڕەوی داود" سەرەتای پێچەوانەکردنەوەی هیلالەکەیە، ئەو هەنگاوانە خێران و لە هەمانکاتدا خاون، بەڵام ئەگەر بڕیاری جێبەجێکردنی 1005 درابێت، ئەوا مەسەلەکە تەنها کاتە و هیچی تر.
کاتێك هیلالی شیعی نایەتەدی و لەوپەڕی گەشە و نماوە بەرەو پووکانەوە و پاشەکشێ هەنگاو دەنێت، هێرشێکی پێچەوانە دەستپێدەکات و ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت بە پشتیوانی ئەمریکا خەونی "رێڕەوی داود" بکەنە دیفاکتۆ.
هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل و کوشتن و بە دیلگرتنی سەدان ئیسرائیلی و ژمارەیەك بیانی، وەرچەرخانێکی گەورەی لە مێژوودا هێناوەتە ئاراوە، کە دەنگدانەوەکەی لە سنووری ئیسرائیل و فەڵەستیندا نەوەستایەوە، پەرچەکرداریش ئەوەندە گەورە بوو، کە سنوورێکی بەرفراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.
پاش وێرانکردنی غەززە، ئاگربەستێك لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس پەسەند کرا. ئیسرائیل دەستی گەورەی لە حیزبوڵڵای لوبنان وەشاند و لە چەند ڕۆژێکی کەمدا دوو ئەمینداری گشتیی ئەو حیزبە بەهێز و هاوپەیمانە تەقلیدییەی ئێرانی کوشت. بەشار ئەسەد و حوکمی ڕژێمی بەعس لە سووریا ڕووخان. ئێران بە چڕی موشەکباران کرا. عێراق بە شەفاعەتی ئەمریکا گورزی نەخوارد، حوسییەکانی یەمەنیش زیانی گەورەیان بەرکەوت.
هەموو ئەو ڕووداوانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێداون، لە چوارچێوەی پەرچەکرداری ئیسرائیلدا بوون و ڕەنگە لەو ئاستەشدا نەمێنێتەوە و 2025 شتی تازەی پێبێت.
ئیسرائیل لەناو سنووری جوگرافی ئێستایدا قبووڵکراو نییە و هەمیشە لە حاڵەتی بەرگریدایە لەگەڵ دەورووبەری، بەڵام دەرفەتە زێڕینەکەی ئێستا، دۆخەکە تەواو پێچەوانە دەکاتەوە و ستراتیژی فراوانبوون و پەلهاویشتن پەیڕەو دەکرێت، بۆیە پرسی "ڕێڕەوی داود" وروژێنراوە و لەو ڕوانگەیەوە ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت ببنە خاوەنی زەوییەك، کە لە نیلەوە تا فورات دەگرێتەوە و "ئیسرائیلی گەورە" دێتە ئاراوە، کە بە تەواوی شکڵ و شێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.
ڕێڕەوی داود خەونێکی لەمێژینە
ئەم ڕێڕەوە لە سیناریۆیەکی گریمانەییەوە بووەتە دیفاکتۆیەك، کە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات، بەتایبەت کە باری ناوچەکە بۆ حکومەتەکان لار بووە و کەس لە خۆی دڵنیا نییە.
"ڕێڕەوی داود" پێشبینی تەوراتییە و لەژێر تایتڵی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ)دا جێبەجێ دەکرێت. لەو ڕێڕەوەدا نە بوار بە بوونی (میلیشیا) دەدرێت، نە هێزێك، کە نیمچە دەوڵەتێك بێت و دژە ئیسرائیل بێت.
لەسەر زەوی و لەناو نەخشەدا، "ڕێڕەوی داود" لە کەناراوەکانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستپێدەکات و بەناو جۆلان، دەرعا، سوەیدا، ڕەققە، دێرەزوور و تەنەف-ی سووریادا تێدەپەڕێت تا دەگاتە ڕووباری فورات و سنووری عێراق تەوق دەدات.
هەموو ڕێڕەوەکەی داود لەژێر چاو و چاودێریی ئەمریکادا دەبێت، شتێکی لەخۆوە نییە، کە زۆربەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەونە سەر ئەو ڕێڕەوە.
ئیسرائیلییەکان باوەڕیان وایە، کە مەملەکەتی کۆنی جووەکان زۆر بەرفراوان بووە، باشووری سووریا سەر بە شانشینەکەیان بووە، کە ناوچەیەکی کشتوکاڵیی پڕ خێر و بەرەکەتە و خاوەنی ئاوی سازگارە، کە لە باشووری دیمەشقەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە حەوزی ڕووباری یەرمووك و دۆڵی حۆران، لە خۆرئاواوە جەبەل ئەلشێخ بووە و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە جەبەل ئەلدروز بووە.
ئەو ئیسرائیلە گەورەیەی بەشێکی ئەدەبیاتی ئیسرائیل پێکدەهێنێت، تەنها بەشێکی ناوچەکانی سووریا و سنووری عێراق ناگرێتەوە، بەڵکو بەشێك لە خاکی ئوردن و میسر و سعودیەش دەگرێتەوە.
خانمە نووسەری ئیسرائیلی "سیمدار بری" لە بەرنامەیەکی کەناڵی 10ی ئیسرائیلدا باسی لەوە کردووە، ئەگەر خەونە مێژووییەکە بەدی بێت ئەوا بەشێوەیەکی نهێنی ئیسرائیل لەگەڵ ئوردن و میسر ڕێکدەکەوێت و دەستبەرداری بەشێکی خاکەکانیان دەبن.
پلانی گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەنها لە ژوورە تاریکەکانەوە تاووتوێ ناکرێت، ئەوەتا بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل کۆتاییەکانی ساڵی 2024 لە مینبەری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ئاشکرا دوو نەخشەی بەرزکردەوە، کە بەوتەی خۆی میحوەری شەڕ و میحوەری چاکەیە و مەبەستی "ڕێڕەوی داود" بوو لەوەی چاك و باشە. هەروەها جەختی کردەوە، بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کاردەکەن بۆ هەڵوەشاندنی میحوەری شەڕ. ئەو وتیشی: شێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین.
لای ئەوان میحوەری شەڕ (لوبنان، سووریا، عێراق و ئێران) دەگرێتەوە. کاتێکیش دەڵێن، ئەو میحوەرە هەڵدەوەشێنن، بە پراکتیك دەستیانپێکردوە، ئەوەتا لە لوبنان سەرۆك و سەرۆكوەزیران لە دەرەوەی حیزبوڵڵای هاوپەیمانی ئێرانن. لە سووریا دوای 50 ساڵ کۆتایی بە حوکمڕانیی ئەسەدەکانی هاوپەیمانی ئێران هێنرا. هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر هاوپەیمانەکانی ئێران هەیە. خودی ئێرانیش لە پەلهاویشتن خراوە و دەبێت ئاگاداری ناوخۆ بێت لە دەستی دەرنەچێت.
ئیسرائیل لە خەیاڵی ئەوەدایە ببێتە چەقی دەوڵەتانی ناوچەکە، واتە ببێتە سەنتەر و ڕۆڵی گەورەتر بگێڕێت
پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە، بۆ سازکردن و ئامادەکردنی "ڕێڕەوی داود"، ئایا هەر دەبێت حەماس و حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و حووسییەکان کۆتاییان پێبهێنرێت و دواتر ئاشتی بەرقەرار بکرێت؟ ئەم بیرکردنەوەیە ئەوەندەی لە مەحاڵەوە نزیکە، ئەوەندە لە واقیعەوە نزیك نییە.
ئەوەتا دوای 15 مانگ لە جەنگێکی وێرانکەر و خوێناوی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، دانوستاندن هاتەئاراوە و دیلەکان و دەستگیرکراوەکانی نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن. لەوەش زیاتر، چەکدارانی حەماس بەوپەڕی ورە بەرزی و ڕێکخراویی لەناو غەززەدا دەرکەوتن. دیلەکان لەو ناوچانەدان، کە ئیسرائیل 15 مانگە هەزاران سەربازی تێدا بڵاوکردۆتەوە و بەدوای دیلەکاندا دەگەڕێت.
هەروەها حەماس مەرجی هەیە و هەڕەشە دەکات، لە کاتی پێشێلکردنی ئاگربەست، دیلەکان دەکەونە مەترسییەوە. جا بیهێنە بەرچاوت، بابەتەکە لە غەززەی بندەستی خۆیاندا وا زەحمەت و قورس بێت، داخۆ بۆ حزبوڵڵای دوور و حەشدی شەعبی دوورتر و حووسی دوورەدەست چۆن بێت؟
لەگەڵ ئەوەشدا مادام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "ناوەندی سەرەکیی سەرچاوەی وزە" بێ ساحێبە و هەر هێزێك بیەوێت دەستی بەسەردا دەگرێت یاخود وێرانی دەکات، بۆیە دەشێت پلانەکەی ئیسرائیلیش بۆ "ڕێڕەوی داود" سەربگرێت و جێبەجێ بکرێت، بە تایبەت کە ئەمریکا بوونی سەربازیی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە و ڕووسیا و ئێرانیش ئامادەیی ستراتیژی و گەورەیان نەماوە.
هەرچی ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتانی عەرەبییەوە هەیە، ڕەنگە یەك خاڵ هەبێت وایان لێبکات کاردانەوەیان بەرامبەر بە جێبەجێکردنی "ڕێڕەوی داود" نەبێت، ئەویش کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران و لاوازبوونی هاوپەیمانەکانیەتی لە تەواوی ناوچەکەدا.
لەدوای ڕووخانی ئەسەد، ئیسرائیل لەناو سووریادا چی کردووە؟
1-ناوچەی لە چەکداماڵراوی نێوان هەردوو وڵاتی کۆنترۆڵ کرد و لە ڕێککەوتننامەی ڕاگرتنی شەڕی نێوان هەردوولا کشایەوە، کە لە ساڵی 1974ـەوە لەنێوانیاندا ئیمزا کرابوو.
2-لوتکەی چیای (ئەلشەیخ)ی ستراتیژی کۆنترۆڵ کرد، کە بەرزترین لوتکەیە لە سووریادا و بەسەر لوبنان و فەلەستین و ئوردن و خودی سووریادا دەڕوانێت.
3-ڕووبەری 600کم2ی لە سووریا داگیرکردوە، کە دەکاتە 1%ی خاکی ئەو وڵاتە.
4-لەو ڕووبەرەدا، 12 بنکەی سەربازی چەسپاندوە.
5-بنیامین ناتانیاهۆ دەڵێت، ئەوەی کردوویانە، ڕێوشوێنێکی کاتییە و بۆ بەرگری و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکە، ئەگەر لەلایەن سووریاوە بۆ سەر ئیسرائیل بێتەئاراوە، بە کورتییەکەی لەوێ دەمێننەوە تا گرەنتی ئەمنییەتی سەر سنوور بەدەستدەهێنن.
6-لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، لە ماوەیەکی کورتدا 480 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی سووریا ئەنجامدا و هێزی ئاسمانی بە تەواوی وێرانکرد هەر لە فڕۆکەی جەنگییەوە تا هێلیکۆپتەری هێرشبردن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕادار و سەکۆی دژە ئاسمانی و جبەخانەی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەروەها لەو هێرشانەدا کەشتیگەلی سەربازیی لەناوبرد، سەرەڕای بنکە سەربازییەکان و سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی و پیشەسازیی سەربازی.
دوو دەوڵەتی نوێ "کوردی و دروزی"
لەنێو ئەو کێشمەکێشە سیاسی و ئەمنی و ڕەوشەی دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 هاتۆتەئاراوە، لێکدانەوەی بەشێك لە یار و نەیار وایە، کە دەوڵەتی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەدایك دەبێت، دەوڵەتی دروزیش لە باشووری سووریا لە دایك دەبێت، کە هەردووکیان لە ڕێڕەوی تەنەف بە یەك دەگەن و دەکەوێتە سێگۆشەی سنووریی نێوان سووریا و ئوردن و عێراق و بنکەی سەرەکی هێزەکانی ئەمریکای لێیە.
تەنانەت بەشێك لە نووسەران و ڕۆشنبیران و سیاسییەکانی عەرەب پێیانوایە بوونی ئەمریکییەکان لە سووریا هیچ پەیوەندییەکی بە ڕوبەڕوبوونەوەی داعشەوە نییە، تەنانەت وای دەبینن داعش درۆیەکی گەورەیە و لە ژێر ئەو بابەتەدا "ڕێڕەوی داود" جێبەجێ دەکرێت و باشترین پارێزەریش بۆ رێڕەوەکە، بوونی ئەو دوو دەوڵەتەیە، کە گرەوی هاوپەیمانێتییان لەسەر دەکرێت و بریتین لە کورد و دروز.
ئەگەر لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردی ببێتە واقیع، ئەوا کورد بۆ یەکەمجار دەگاتە سەر دەریا و وەرچەرخانێکی گرنگی جیۆسیاسی ڕوودەدات، بەڵام مەحاڵە تورکیا بەو بابەتە رازی ببێت، چونکە زەرەرمەندی یەکەم دەبێت، هەم لە ڕووی جیۆسیاسی، هەم لە ڕووی پێگەی میحوەری و هەم لە ڕووی ئابوورییەوە.
بە تەماشاکردنی وێنە گەورەکە و هەڵسەنگاندنی هێزەکان، ئاسان نییە ئەو هەموو خاوەن بەرژەوەندییە پێکەوە لە ناوچەکەدا هەڵبکەن. بەڵام ئایندە بۆ بەهێزترینە و براوەکان لە داڕشتنەوەی ناوچەکەدا، قسەی یەکلاکەرەوە و کۆتاییان دەبێت.
ئەگەرچی هەنگاوە سەرەتاییەکانی "ڕێڕەوی داود" دەبینرێن، بەڵام ئەگەر بووە واقیع، دەکرێت سوودەکانی بۆ ئیسرائیل لەم خاڵانەدا کۆبکرێنەوە؛
1-دەرچەیەکی وشکانییە بۆ ئیسرائیل و لە ئابڵوقەدانی ڕزگاری دەبێت.
2-سنووری جوگرافی بەرفراوان دەبێت و خەونی (ئیسرائیلی گەورە) بەدیدێت.
3-رێگایەکی بازرگانیی گرنگ دەبێت لەنێوان ئاسیا و کەنداو و ئەوروپا.
4-ناوەندی گوێزەرەوەی وزە دەبێت و پرۆژەی گەورەی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
5-دەسەڵاتی سەربازیی ئیسرائیل فراوان دەبێت.
6-ڕۆڵی هەرێمایەتی ئیسرائیل بەهێز دەبێت.
ئەگەر "ڕێڕەوی داود" وەك ئەوەی ئیسرائیل دەیەوێت، جێبەجێ بکرێت، ئەوا ڕووخساری ئەم ناوچەیە بە تەواوی دەگۆڕێت، باشوری کوردستانیش دەکەوێتە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکانەوە، ئەوەتا کەسێکی وەك د.مەئیر میسری، ئەندامی لیژنەی مەرکەزیی پارتی کرێکارانی ئیسرائیل و مامۆستای زانستی سیاسی لە زانکۆی عیبری لە ئۆرشەلیم - قودس لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیبووی، "کەرکووك بەشێکە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل'.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
بوێری وەک پێویستییەکی پیشەیی بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لە میدیاکاندا؛ ئاڤا وەک نموونە
23 کاتژمێر لەمەوپێش
دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و چەند پێشنیازێک
20 شوبات
لە پەتی سێدارەوە تا ملپێچ
18 شوبات
سهرۆک بارزانی؛ ڕووگهی چوار پارچهی كوردستان
17 شوبات
له ئیمرالییەوە بۆ سەری بڵند
16 شوبات
لە سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە بوونی هەیە؟
12 شوبات
ترەمپ دەبێتە بەشێک لە جەنگی جیهانیی دژ بە " ئایدۆلۆژیای جێندەر"
12 شوبات
"ماتگدرون"
9 شوبات
هەنسکێ لە مەرگی 'کاکە وریا' دا
7 شوبات
پاراستنی مافی مامۆستایان و سەقامگیری نیشتمان
5 شوبات
- بیروڕا
- 18 شوبات
لە پەتی سێدارەوە تا ملپێچ
- بیروڕا
- 16 شوبات
له ئیمرالییەوە بۆ سەری بڵند