عادل ئیمام  شکۆیەکی بێ کۆتا

شەیری بکە لە:
عادل ئیمام  شکۆیەکی بێ کۆتا

ئاڤا دیجیتاڵ

 

عادل ئیمام هەڕەمی چوارەمی میسر،  ئەستێرەیەکی پرشنگدار و نواندنکاری بەزمەساتی عەرەبی ، لە پاش نیو سەدە شادی بەخشین دواجار هەڵکشانی تەمەن دەبێتە سەرکڵۆم و دەروازەی هونەری هونەرمەند بەڕووی هەوادارانی دادەخات.


چیرۆكە سەرەكییەكە: میدیا میسڕییەکان وەک ئەوەی شانەی هەنگوینیان بەرچنگ کەوتبێت، لەو کاتەی دەنگۆکانی خێزانی هونەرمەندی پایەبڵند عادل ئیمامیان بیست، هەر زوو  بە ئەندازەی خێرایی ڕووناکی هەواڵی دەستبەرداربوونی شانازی عەرەبییان  بە ڕووی دنیادا واڵا کرد، بە دوای خۆشیدا کاردانەوەکان جگە لە خەم و پەژارەی ترسی  نزیکبوونە لە کۆتا وێستگەکانی ژیان هونەرمەند بوو بە باسی گەرمی ڕۆژ، هەمووان بە تاسەوە لەبیری یادگاریی بەرهەمەکانی هونەرمەندەکە دۆش داماون.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: بە دیاریکراوی لە ساڵی  1964 لەو کاتەی باوانی عادل ئیمام دنیایان لێببوو بە چەرمی چۆلەکە لە خەمی بژێویی ژیانیاندابوو، عادل بۆ یەکەمین جار لە شانۆگەریی "أنا وهو وهی" لە ڕۆڵی سەرەكییدا دەركەوت کۆتایی بە ژیانی کوللە مەرگی خێزانەکەی هێنا، ئیدی کاروانی هونەرمەند دەستی پێکرد، دوای ساڵانێکی دوور و درێژ خزمەتکردن لە بواری نواندن لە سەر تەختەی شانۆ و ڕوونمای تەلەفزیۆن و سینەماکان، لە کۆتاییدا رامی کوڕی عادل ئیمام دەنگۆکانی پشت ڕاستکردەوە ، گوتی باوکی بڕیاریداوە خۆی تەرخان بکات بۆ ژیانی خێزانی و چێژ لە کەشوهەوای خێزانی لەنێو منداڵ و نەوەکانیدا ببینێت.


ڕامی  ئەوەشی ڕوونی کردووە  كە میدیاکارەکان خۆیان لەهەواڵی بێ بنەما و چەواشەکاریی بە دوور بگرن، چونکە باوکی  چێژ لە تەندروستییەکی باش وەردەگرێت و لەناو خێزان و خانەوادەی خۆیدا رۆژەکانی بەسەردەبات.


زانیاری زیاتر: پاش چوار ساڵ بەسەر دوا دەرکەوتنی هونەریی عادل ئیمامدا تێپەڕیوە، لە کاتێک زنجیرەی “ڤالێنتینۆ”ی پێشکەش کرد، دواتر لە گۆڕەپانی هونەریی وون بوو و بەرچاو نەکەوت، بەردەوام لە نێو دەنگۆی رەوشی تەندروستی و باسی پێشکەشکردنی بەرهەمی نوێ ناوی دەهات.


عادل ئیمام ئەکتەرێکی سینەمایی و تەلەفیزیۆن و شانۆی میسڕییە، بە یەکێک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکانی میسڕ و جیهانی عەرەبی دادەنرێت، بە ڕۆڵە کۆمیدییەکانی ناسراوە کە پرسە سیاسی و ڕۆمانسی و کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ دەکات، عادل ئیمام لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە ژیانی هونەری کردووە، خاوەنی زیاتر لە 126 فیلم و 16 زنجیرە و 11 شانۆگەری و زنجیرەیەکی ڕادیۆییە لەگەڵ گۆرانیبێژ عەبدولحەلیم حافز.


بە زوويی شوێنی خۆی کردۆتەوە لە نێو دڵی دەیان ملیۆن هەودار، عادل ئیمام  لە بواری هونەريی کلتوری لە مێژووی میسڕی مۆدێرن، بەو پێیەی فیلمەکانی شوێنکەوتوو و هەوادارێکی بەرفراوانی پەیدا کرد و وتەکانی نێو فیلمەکانی بوونەتە وێردی سەر زار، ئەکتەرێکی مشتومڕاوییە، کە سەرەڕای ناوبانگ و هەوادارانی لە هەمانکاتدا دوژمنی لە بازنەی هونەريی و جەماوەرییدا دروست کردووە، لە ساڵی 2000 وەک باڵیۆزی نیازپاکی بۆ کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانکراوە.


باكگراوند: عادل محەمەد ئیمام محەمەد بوخارینی کە ناسراوە بە عادل ئیمام، لە 17ی ئایاری 1940 لە گوندی شەهای سەر بە پارێزگای مەنسوورە لە پارێزگای دەهقەلیەی میسر لەدایک بووە، لە قوتابخانەی حیلمییە خوێندوویەتی، پاشان چووەتە قوتابخانەی ناوەندی بنباقدان، پاشانیش بۆ قوتابخانەی ناوەندی ئەلمەرقەسییە لە ئەسکەندەریە، دوای تەواوکردنی خوێندن، عادل ئیمام پەیوەندی بە فاکەڵتی کشتوکاڵی زانکۆی قاهیرەوە کرد، سەرەتای ژیانی هونەری لەسەر شانۆی زانکۆی قاهیرە دەستی پێکرد، کە ساڵی 1963 لەوێ بەشداری لە شانۆگەری (أنا وهو وهي) کرد لە ساڵی سێیەمی زانکۆی.
عادل ئیمام هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ هالە شەلقانی كردووه‌ و خاوه‌نی سێ منداڵه‌ بە ناوەکانی: ڕامی و سارا و محه‌مه‌د.


ژیانی هونەری: هەر چەندە عادل ئیمام لە ساڵی 1962 بە ڕۆڵی بچووک دەستی بە کاری هونەری کرد، بەڵام ناوبانگەکەی لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادی کرد و پەلی کێشا بە جیهانی عەرەبیدا، لە ڕێگەی ڕۆڵە کۆمیدییەکانیەوە کە تێکەڵ بە کەسایەتی سیاسی بوو بەتایبەت دوای شانۆگەری (مدرسە المشاغبین) لە ساڵی 1973.

 

یەکەمین کاری دەگەڕێتەوە بۆ شانۆگەری (أنا وهو وهي) لە ساڵی 1963 و لەوێوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە شانۆگەرییەکەدا هەریەک لە فوئاد موهەندس و شویکار ڕۆڵی سەرەکییان تێدا گێڕا، عادل ئیمام ئەو کاتە خوێندکاری زانکۆ بوو، لەو کاتەدا فوئاد موهەندیس داوای ڕووخسارێکی نوێی کرد بۆ نمایشکردنی شانۆگەرییەکە و لەنێو 90 پێشبڕکێکار عادل ئیمامی هەڵبژارد، لە سینەماشدا سەرەتای ئەو لەو فیلمانەدا بوو کە تیایدا بە شێوەی کۆمیدی دەرکەوتووە و تێکەڵ بە ڕۆمانسی بووە، وەک فیلمی (مراتی مدیر عام) لە ساڵی 1966، (كرامە زوجتی) لە ساڵی 1967 و (عفریت مراتی) 1968، لە هەموو ئەم فیلمانەدا سەڵاح زولفیقار و شادیە ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن شانبەشانی عادل ئیمام. 
دوای فیلمەکانی (رضا بوند، المراية، بحبك يا حلوة، حب المراهقات، برج العذرا‌و و حەوت فیلمی تر) لە نێوان 1970 و 1971، ناوبانگەکەی لە ناوەڕاستی و کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە لەڕێگەی چەند فیلمێکەوە دەستی پێکرد کە ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا، بەڵام ڕێگای پاڵەوانێتی ئاسان نەبوو چونکە 10 ساڵی پێچوو تاوەکوو ببێتە ئەستێرە.


 ڕۆڵی سەرەکی لە چەند فیلمێك گێڕا کە ئەو کاتە زۆر بەناوبانگی کرد، وەک: (البحث عن فضيحة، عنتر شايل سيفه، البحث عن المتاعب). فیلمی "إحنا بتوع الَاتوبيس" بە یەکێک لە گرنگترین فیلمەکانی سینەمای میسڕ دادەنرێت، بەو پێیەی دەستی خستۆتە سەر کۆمەڵێک پرسی سەختی سیاسی، کە ئەوەش بۆ عادل ئیمام تازە بوو. هەروەها فیلمی "رجب فوق صفيح ساخن" لە ساڵی 1979 لەگەڵ سەعید ساڵح و ناهد شەریف ناوبانگێکی بەرفراوانی بەدەستهێنا.


لەگەڵ سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا، فیلمەکانی کاراکتەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان گرتەبەر کە بە شێوەیەکی کۆمیدی بەرژەوەندییەکانی پیاوێکی ئاسایی سەرشەقام لە کۆمەڵگەی میسڕی و عەرەبیدا دەردەخات، دواتر لە فیلمەکانی وەک (مرجان احمد مرجان، بوبوس و زهایمر) کۆمەڵێک سەرکەوتنی نوێی بەدەستهێنا.

 

كاریگەری و لێكەوتەكان: زۆرجار ڕووبەڕووی ڕەخنە و مشتومڕ دەبێتەوە، بەتایبەت لەلایەن ئیسلامییەکانەوە کە هەندێك لە ئیسلامییەكان ڕەخنەیان لێدەگرت بەهۆی گاڵتەكردن بە هەندێك گرووپی ئایینی، وەك لە شانۆگەری (الواد سید الشغال) و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی ئایینی و پێشکەشکردنی ڕۆڵی گرووپە تیرۆریستەكان وەك لە فیلمی (الإرهابی). کە لەو دەرکەوتنانەدا هێرش دەکاتە سەر ئیسلامیی سیاسی و تۆمەتبارکردنیان بە هاندانی توندوتیژی. لە فیلمی (طيور الظلام) لەلایەن هەندێک کەسەوە ڕەخنەی لێگیرا بەهۆی ئەوەی بەشێک لە فیلمەکانی دیمەنی ناشایستە لەخۆدەگرێت.


جارێکی تر تووشی ڕەخنە بوویەوە کە ڕاوێژی بە پاپا شنۆدە، سەرۆکی کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی قیبتی میسڕ کردووە، بۆ ئەوەی ڕۆڵی قەشەیەک لە فیلمی حەسەن و مارکۆسدا بگێڕێت، هەندێکی دیکەش بە هەمان هۆکار ڕەخنەیان لێدەگرت و بەهۆی ئەوەی بە وتەی هەندێک لە ڕەخنەگران پێشتر لە هیچ بەرهەمێکدا ڕاوێژی بە ئەزهەر نەکردووە سەبارەت بەو ڕۆڵانەی کە تێیدا مامەڵەی لەگەڵ پرسەکانی پەیوەست بە ڕەوتی ئایینی ئیسلامی کردووە. 


لە دووی شوباتی 2012 دادگای تاوانەکانی قاهیرە سزای سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند و داوای بڕی هەزار جونەیهی لێکرد بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئیسلام لە ڕێگەی کارە هونەرییە سینەماییەکانییەوە، ئەمەش بەپێی سکاڵایەک لە ساڵی 2011 بەهۆی ڕۆڵگێڕانی لە زۆر فیلمی وەک (مرجان أحمد مرجان وحسن ومرقص والإرهابی). لە 12ی ئەیلوولی 2012، دادگای تێهەڵچوونەوە عادل ئیمامی لە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئایین بێتاوان دەرکرد و ڕایگەیاند کە لە کارەکانیدا هیچ سوکایەتییەک بە ئیسلام و ئایینە یەکتاپەرستەکانی دیکە نەبینراوە، بۆیە سزاکە هەڵوەشایەوە.


ئەو خەڵاتانەی عادل ئیمام بەدەستی هێناون
خەڵاتی باشترین ئەکتەر بۆ ساڵی 1995 بۆ فیلمی (الإرهابی) لە فێستیڤاڵی فیلمی قاهیرە.


خەڵاتی دەستکەوتی تەمەن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی 2005.


خەڵاتی لیژنەی دادوەری نێودەوڵەتی بۆ باشترین ئەکتەر لە ساڵی 2006 بۆ فیلمی عیمارە یعقوبیان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ساوپاولۆ.


خەڵاتی باشترین ئەکتەری گێڕانەوە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی تریبیکا لە نیویۆرک لە ساڵی 2006.


خەڵاتی باشترین ئەکتەر بۆ ساڵی 2007 بۆ فیلمی عمارە یعقوبیان لە فێستیڤاڵی فیلمی قاهیرە.


خەڵاتی دەستکەوتی تەمەن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی 2008.


خەڵاتی ڕێزلێنان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مەراکش لە ساڵی 2014.


خەڵاتی زێڕینی تانیت لە فێستیڤاڵی فیلمی قرطاج 2016.


مەدالیای نیشتمانی شایستەیی لە کەرتی ڕۆشنبیری پلە یەک لەلایەن سەرۆکی توونس باجی قائد سبسی لە ساڵی 2016.


کۆی بەرهەمەکانی عادل ئیمام کە زیاتر لە 126 فیلم و 16 زنجیرەی تەلەفزیۆنی و 11 شانۆنامەی شانۆیی و زنجیرەیەکی ڕادیۆیی تێدایە، ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی هونەرمەند  بەو پیشەیە و کاریگەرییە بەردەوامەکانییەتی لەسەر کولتوری میسری و عەرەبی. ڕۆڵەکانی بە تەنها لەبواری بەزمەساتدا چەقی نەبەستبوو،  بەڵکو گێڕانەوەی سیاسی و ڕۆمانسی و کۆمەڵایەتیش لەخۆگرتبوو.


لە کۆتاییدا، عادل ئیمام جێدەستی خۆیی لە دڵی بینەران بەجێهێشتووە لە ئێستاشدا ناوی لە لوتکەی هونەری عەرەبیدا تەماشا دەکرێت.

شەیری بکە لە: