ئەگەر بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی لێی بدرێت بازرگان و خەڵکی مەدەنی چی بکەن؟
- بیروڕا
- 11 کاتژمێر لەمەوپێش

ئەو ڕووداوەی دوێنێ لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و میدیاكاران ڕوویدا، بەشێكە لەو فەوزا و كێشە نادیسپلینییەی بەشێكی زۆر لە دامودەزگا سەربازی و ئەمنییەكانی ئەو دەڤەرە هەیانە و پێویستی بە چارەسەر هەیە.
ئەمەش یەكەمجار نییە حاڵەتی پەلاماردانی لەو شێوەیە ڕووبدات، بەڵكو پێشتریش پەلامار و تەقە و میلڕاكێشانی ئەم هێزانە لەگەڵ هێزی دیكە یان لەبەرامبەر خەڵكی سیڤیل دووبارە بۆتەوە و دواتریش ئیجرائاتێكی ئەوتۆش نەكراوە، یاخود بە دیسپلینی سەربازیی پرۆفیشناڵ چارەسەرنەكراوە، تا گەرەنتی دووبارەنەبوونەوەی بكرێت.
ئەوەی ڕوویدا، لە سەرەتاوە دیارە تەنها حساب نەكردن نەبوو بۆ بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی، بەڵكو حساب نەكردن و ڕێز نەگرتنیش بوو لەو هەموو دەزگا میدییایەی سەرقاڵی وەرگرتنی لێدوانی بەرپرسەكەی مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی، زیاد جەبار بوون.
ئاخر لەسەرەتاوە دیمەنەكان دیارە، ئۆتۆمبێلەكەی هێزەكانی ئاسایش كە دێت كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی زیاد جەبار تێكدەدات و هیچ حسابێكی بۆ ناكات، لە كاتێكدا زیاد جەبار لە حاڵەتی لێدواندایە بۆ دەیان میدیاكار و كەناڵی ڕاگەیاندن و هێزەكەی ئاسایشیش لە حاڵەتێكی ئیمیرجینسیدا نین.
ئەو هێزە چەكدارەی كە هاتە ناو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكە، نە ڕێزی زیاد جەباری گرت وەك بەرپرسی مەڵبەند، نە ڕێزی مایک و میدیاكانیشی گرت، نەڕێزی ئەوانەشی گرت كە میوانی ڕێوڕەسمەکەی خەڵاتی 'بلە' بوون.
بەڵكو بە فشار دروستكردن و هۆڕێن لێدان كۆنگرەكەی زیاد جەباریان تێكدا و پشێویەكی سەیریان نایەوە كە هیچ پێویست نەبوو!
خۆ ئەگەر ڕۆژنامەنووسێك یان هاووڵاتییەكی ئاسایی ناڕەزایەتی دەرببڕیایە لەو كارە - كە مافی خۆیان بوو- بێگومان لە بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانی خراپتری پێدەكرا.
بێگومان هەموومان دەزانین لە دنیادا دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە كاتی كار و ڕووماڵدا پارێزبەندی خۆیان هەیە و نابێ كارەكەیان لێ تێكبدرێت، بەڵام ئەو هێزەی سەر بە یەكێتیی نیشتمانی هیچ حسابێكیان بۆ ئەو كۆبوونەوە میدیاییە نەكرد لەو جێگایەدا، ئەمە جگە لەوەی دواتریش پەلاماری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتیان دا و وەك خۆی دەڵێت: لە ماوەی چەند خولەكێكدا زیاتر لە 30 شەقی بەركەوتووە !
حاڵەتەكەی ئەم جارەش وەك زۆربەی جارەكانی دیکە ئەوەی سەلماند، ئەم هێزانە بەڕاستی پێویستیان بە دیسپلینكردنێكی سەربازی و یاسایی تۆكمە هەیە، چونكە ئەگەر ئەوان ڕێگە بە خۆیان بدەن ئەو پەلاماردانە نایاسایی و نادیسپلینە بەرامبەر بەرپرسی مەڵبەندی حیزبی دەسەڵاتداری شارەكە ئەنجام بدەن و باكیان نەبێت، دەبێ سبەی بەرامبەر هاووڵاتییەكی ئاسایی یان بازرگانێك یاخود چالاكوان و سیاسیەكی دیكە لە پارتێكی دیكە چی ئەنجام بدەن.
ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەم هێزە بڕیاریان داوە لە پەلاماردانی چین و توێژە جیاوازەكانی شاردا هیچ سنوورێك نەخوێننەوە و تەنانەت هیچ بەرپرسێكی مەدەنی و سەربازی ئەو شارەش لە دەستی ئەم هێزە پارێزراو نین.
هێزی سەربازی دەبێ فێر بكرێت كارەكانی بە پرۆفیشناڵی و بەڕێزەوە ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگەر پەلاماریش بدات - لە حاڵەتی ڕێپێدراو- دەبێت بەشێوەی دیسپلینێكی سەربازیی تۆكمە و پرۆفیشناڵ كارەكەی ئەنجام بدات نەك وەك شەڕەگەڕەك بە شەق و پێلەقە و قۆناغ وەشاندن پەلاماری هەمووان بدات.
ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئەو هێزە فێر نەكراوە ڕێز بگرێت، نە ڕێز لە هاووڵاتی و نەڕێزیش لە میدیا و كاری ڕۆژنامەوانی و نەڕێزیش لە پلە و پۆستە گشتییەكان، نەفێری ئەوەش كراوە لەناو كۆبونەوەیەكی گشتیدا چۆن هەڵسوكەوت بكات.
لەڕاستیدا هێزەكانی ئاسایش ئەركیان دروستكردنی ئارامی و دڵنیاییە وەك بەناوەكەیانەوە دیارە و، بە پێی یاسا و ڕێنماییەكانیش ئەوە ئەركیانە، بەڵام ئەو حاڵەتەی لە سلێمانی و لە كاتی بەخشینی خەڵاتی بلە ڕوویدا، ئاماژەیەكی مەترسیدارە كە ئەم هێزە لە بری پەخشكردنی دڵنیایی و ئارامی، پشێوی دروست دەكات.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
چەند دێڕێک بۆ یادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ
23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !
23 نیسان
چەخماخەیەک لە قاهیرەوە .. 127 ساڵ خەباتی بێوچانی وشەی کوردی
22 نیسان
سێ ڕێڕەوی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
19 نیسان
ژینگە و ژینگەپارێزی وەک ئەرکێکی ئایینی و ئینسانی
16 نیسان
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سەرەتای بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی
16 نیسان
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
14 نیسان
ئەوان هەموویان لێرە بوون؛ ئەنفال هات و ڕایپێچان و نەگەڕانەوە
13 نیسان
سەرکردەکانی کورد دەبێ چ وانەیەک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرن؟
13 نیسان
ترامپ چی دەوێت؟
10 نیسان
- بیروڕا
- 23 نیسان
سەرۆک بە تەنیا هاتە ژوورێ !