هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ ئەمجارە بازرگانان لەسەر هێڵن و پێشبڕکێیەکە "تووند" دەبێت

شەیری بکە لە:
هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ ئەمجارە بازرگانان لەسەر هێڵن و پێشبڕکێیەکە "تووند" دەبێت

ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسی باڵای عێراق

 

لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە چەند لیستێکی جیاواز داوە، بەڵام بە نیازن دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان کۆببنەوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک وەک "چوارچێوەی هەماهەنگی" ئێستا کە سەرجەم لایەنەکانی لەخۆبگرێت. بەڵام لە ئێستاوە شێوە و نەخشەی هێزە سیاسییە شیعەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025 دیار نییە کە چۆن دەبێت و ململانێکان چۆن دەبن؟

وێنە گەورەکە: بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت ڕکابەرییەکی تووند لە نێوان لایەنە سیاسییەکان هەبێت و گۆڕانکاریش لە نەخشەی سیاسیی ئێستای عێراق ڕووبدات.

لێدوانی فەرمی: سەرکردەیەک لە ڕەوتی فوراتەین، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: سوودانی دەیەوێت هاوپەیمانییەکی فراوانی هەڵبژاردن پێکبهێنێت کە هەموو لایەن و پێکهاتە سیاسییەکان لەخۆبگرێت، نەک تەنها پێکهاتەی شیعە، بەڵکو هەنگاو دەنێت بۆ بەشداریکردنی حزب و کەسایەتییە سوننە و کوردییەکان بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا بیانخاتە نێو هاوپەیمانێتیی هەڵبژاردنی خۆیەوە.

هاوپەیمانێتی مالیکی: سوودانی لە دەرەوەی چوارچێوه که نابێت و لێشی ناترسین

 

دیارترین لایەنی شیعە لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا بە سەرۆکایەتى نووری مالیکى دووپاتى کردووەتەوە کە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى داهاتوودا بە لیستێکى جیا خۆی کاندید دەکات، هاوکات دووپاتى دەکاتەوە کە دواى هەڵبژاردن لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگى کۆدەبێتەوە.

عومران کەرکوشی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: "ئێمە بە لیستێک بەشداری دەکەین" و جەختی لەوە کردەوە کە "لە ماوەی دوای هەڵبژاردندا جارێکی تر لەگەڵ هەموو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەبینەوە بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی ناو ئەنجوومەنی نوێنەران، وەک ئەوەی ئێستا هەیە."

کەرکوشی ڕاشیگەیاند: "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هیچ ترسێکی لە محەممەد شیاع سوودانی و هاوپەیمانەکانی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو نییە، چونکە ئێمە بنکەی جەماوەریمان جێگیرە، هاوکات ئێمە هاوبەش و هاوپەیمانمان لە هەموو هێزە سیاسییەکانەوە هەیە و لە کۆتاییدا سوودانیش هەر لەنێو ئەو چوارچێوەیەدا دەبێت.

هاوپەیمانی پارێزگارەکان و بازرگانان لەگەڵ سوودانی

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران پلانی هەیە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا لە ڕێگەی هاوپەیمانێتییەکەوە خۆی کاندید بکات کە بریتییە لە ڕەوتی فوراتەین کە پارتێکی سیاسی سەر بە سوودانییە و هاوپەیمانی لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی هەیە، کە کاریگەری لە هەردوو ناوچە سوننی و شیعییەکاندا هەیە. بەگوێرەی سێ سەرچاوە کە قسەیان بۆ ئاڤا میدیا کردووە.

سەرچاوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە "سوودانی لێکتێگەیشتنێکی باشی هەیە و لە پرۆسەی دانوستاندایە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، وەک فراکسیۆنی سەنەد، بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و ئەبو عەلا وەلایی". بەڵام ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەکانەوە دەردەکەون ئاماژە بەوە دەکەن کە "سوودانی پێی باشترە ئەحمەد ئەسەدی بە جیا لە ئەبو عەلا وەلایی بچێتە ناو هەڵبژاردنەکانەوە".

لەلایەکی دیکەوە، سوودانی لێکتێگەیشتنێکی بەهێز و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ژمارەیەک پارێزگار هەیە، لەوانە محەمەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری واست و نوسەیف خەتابی، پارێزگاری کەربەلا کە سەرکردەیەکی دیاری حزبی دەعوە بوو.

بە گوتەی ئەو سێ سەرچاوەیە، "سوودانی هەلێکی باشی هەیە لە پارێزگای نەینەوا، بە لەبەرچاوگرتنی نزیکی پارێزگاری نەینەوا لێی، هەروەها وەزیری بەرگری سابت عەباسی و هاوپەیمانەکەی فالح فەیاز، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە پارێزگاکەدا هەیە."

سوودانی کە گوشار دەخاتە سەر هێزە شیعەکانی تر، سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانی کۆمەڵێک سەرکردەی دیار لەناو دەوڵەتی یاسا وەک عالیە نوسەیف، حەنان فەتلاوی و نوسەیف خەتابی.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە سوودانی "لایەنێکی تر لە بەهێزیی سوودانی خۆی دەبینێتەوە لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ بازرگانە شیعییە کاریگەرەکان، لەوانە حەسەن وەکیل و سەعد وەهیب و گرووپێکی دیکە، کە پشتگیری زیاتری پێدەبەخشێت."

سوودانی هەوڵدەدات هاوپەیمانییەکی فراوان پێکبهێنێت

ئاڤا میدیا پەیوەندی بە سەرچاوەیەکی فەرمی لە ڕەوتی فوراتەین حیزبەکەی محەممەد شیاع سوودانی کرد، بەڵام بەهۆکاری سیاسی نەیوست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت و ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا لایەنگەلێک هەن کە بەشێک دەبن لە هاوپەیمانی سوودانی، بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەسەدی، سەرۆکی فراکسیۆنی سەنەد. هەروەها گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدریش بێتە نێو ئەو هاوپەیمانیێتیە، بەڵام هێشتا بابەتەکان لە قۆناغی دیالۆگدایە و هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر هاوپەیمانییەکان نییە.

بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی ڕەوتی فوراتەین، سوودانی دەیەوێت هاوپەیمانییەکی فراوانی هەڵبژاردن پێکبهێنێت کە هەموو لایەن و پێکهاتە سیاسییەکان لەخۆبگرێت، نەک تەنها پێکهاتەی شیعە، بۆیە هەنگاو دەنێت بۆ بەشداریکردنی حزب و کەسایەتییە سوننە و کوردییەکان بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا بیانخاتە نێو هاوپەیمانێتیی هەڵبژاردنی خۆیەوە".

هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە

هەندێک لە لایەنەکانی نێو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەوانە فراکسیۆنی سادقوون، پێیانوایە دابەزینی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران بە زیاتر لە لیستێکی هەڵبژاردن، تاکتیکە.

دۆخەکە سەبارەت بە عەسائیبی ئەهلی حەق، ناکۆکی نییە، وەک هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو ئەمە "تاکتیکی هەڵبژاردن"ـە، بەگوێرەی گفتوگۆیەکی ئاڤا میدیا لەگەڵ ڕەفیق ساڵحی، نوێنەری فراکسیۆنی سادقوون.

بە گوێرەی قسەکانی ساڵحی. هەموو ئەو هێزانە لە ژێر چەتری چوارچێوەکەدا کۆدەبنەوە، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو یان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ڕوویدا.

ساڵحی بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تا ئێستا بڕیاری هاوپەیمانێتییە هەڵبژاردنییەکانیان بە یەکلاکەرەوە نەداوە، چونکە تاوەکو ئێستا گۆڕانکارییەکان بەردەوامن، بەڵام هیچ ناکۆکییەک نییە و هەمووان کار بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکان و یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن بەتایبەتی لەقۆناغی دوای هەڵبژاردندا بۆ مسۆگەرکردنی مافی گەورەترین پێکهاتە لەپێکهێنانی حکومەتی عێراق".

بە گوتەی ساڵحی "سادقوون هیچ لارییەکی نییە لە هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتی سیاسی لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی لە ناوەوە و دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوکات ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی ڕەوتی سەدرین و هیچ بەرژەوەندییەکی هەڵبژاردنمان نییە لە بەردەوامی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن سەدرییەکانەوە".

ڕەوتی حیکمە لەسەروبەندی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیێتییە

ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیش بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم کراوەیی خۆی بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان دووپات دەکاتەوە سەبارەت بە هاوپەیمانێتییە هەڵبژاردنییەکانی داهاتوو.

ئەکرەم خەزعەلی، ئەندامی ڕەوتی حیکمە بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ڕەوتی حیکمە کراوەیە بۆ هەموو هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی هەڵبژاردن و ڤیتۆی لەسەربە هیچ لایەنێکیش نییە. گفتوگۆ لەگەڵ هەندێک لایەنی نزیک لە ئاڕاستە و خواستەکانی ڕەوتی حیکمە بەردەوامە و ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوپەیمانی ڕابگەیەنرێت.

سەبارەت بە بەشداریی ڕەوتی سەدر لە پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسیدا، خەزعەلی وتی، "بەشداریان بەتەواوەتی پێویستە، ئێمە یەکێک بووین لە بەهێزترین بەرهەڵستکارانی کشانەوەی ڕەوتەکە و ئێستاش بە دەنگێکی دلێر داکۆکی لە گەڕانەوەی سەدرییەکان دەکەین و پێگەی سیاسی و کۆمەلایەتییان گرنگە و دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا لە ڕیزی ئەو لایەنانە بن کە بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ.

دابەشبوونەکان گەورەن و پێشبڕکێیەکە تووند دەبێت

خالد عەرداوی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان دووپاتی دەکاتەوە کە ململانێی نێوان هێزە شیعەکان لە کاتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا زۆر تووند دەبێت.

خالد عەرداوی، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ململانێی نێوان هێزە سیاسییە شیعەکان لەسەر ئەرزی واقیع دەستی پێکردووە، سەرەتاکەشی ئەوە بوو کە ئەم هێزانە بە ژمارەیەک لیستی جیا بەشداری دەکەن و هاوکات هێرشی بەردەوام دەکەنە سەر سەرۆکوەزیران، کە نوێنەرایەتی کێبڕکێیەکی تووند دەکات بۆ ئەو هێزە تەقلیدییانە.

عەرداوی ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆخی دابەشبوونی نێوان هێزە سیاسییە شیعەکان زۆر گەورەیە کە بەشێکن لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر زۆرێک لە مەسەلەکانی ناوخۆ و دەرەوە، ئەم دابەشبوونە بەرەو تووندتربوونی ململانێکانیان دەبات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پێشبینی دەکەین لە قۆناغی داهاتوودا ململانێکە تووندتر بێت.

پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان ئەوەشی خستەڕوو کە "هێزە سیاسییە شیعەکان ئاگاداری گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردنن بەتایبەتی کە حزبێکی کاریگەر لەو هەڵبژاردنانەدا هیچ بەدەست نەهێنێت کاریگەری و هێزی خۆی لەدەست دەدات، بۆ ئەمەش هەمووان کار دەکەن و هەوڵ دەدەن بەرزترین کورسی بەدەست بهێنن و نفوزی خۆیان مسۆگەر بکەن و ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی ململانێ و کێبڕکێی هەڵبژاردن."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ