ئانۆ جەوهەر: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ برەودان بە پێکەوەژیان گەرەنتییەکی گەورەیە

شەیری بکە لە:

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی

ئاڤا نیوز

وەزیری گواستنەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە جیهانێکدا کە گیرۆدەی دابەشبوون بووە نوێژ و نزا و پاڕانەوەی باوەڕداران پردی بەهێزی بۆ بەیەکەوە بەستنەوەیە، چونکە ئەوە ڕێگایەکە کە سنوورەکان، سیاسەت و جیاوازییەکان تێدەپەڕێنێت.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە 2025-04-23، بۆ یەکەمین جار لە هەرێمی کوردستان و لە هەولێری پایتەخت، ڕۆژی نزای نیشتمانی بەڕێوەدەچێت و تا 25ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

لێدوانی فەرمی: ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە ڕۆژی نزای نیشتمانی ڕایگەیاند:

٠ لە هەوڵەکانماندا بۆ ئاشتیی و لێبووردەیی و ڕێزگرتنی یەکتر دەبێت بیسەلمێنین کە ئەوانە تەنیا وشەی نمونەیی نین، بەڵکو دەبێت بە کردار بیانسەلمێنین.

٠ لەم بوارەدا ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ برەودان بە پێکەوەژیان گەرەنتییەکی گەورەیە ئەویش بەهۆی سیاسەتی کرانەوەی بەڕووی هەموو پێکهاتەکان، ئەوەش سەرچاوەی ئارامیی و هیوای ژمارەیەکی بێ هاوتای خەڵکە.

٠ لە سەردەمی شەڕی داعش، سەرۆک بارزانی جەختی لە هەڵوێستی جێگریی خۆی لەبارەی پێکەوەژیانی ئاشتیی نێوان پێکهاتە و ئایینەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، یان پێکەوە دەژین یانیش پێکەوە دەمرین. ئەمە تەنها گوتەیەک نەبوو، بەڵکوو پەیمانێک بوو، بۆ هاوسۆزی و قوربانیدان، بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.

٠ سەرۆک بارزانی بە سەرکردایەتییەکی حەکیمانە سەرپەرشتیی شەڕی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرد بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، موسوڵمان، کریستییان، ئێزدی و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە. بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا، سەدان پێشمەرگە شەهید بوون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.

٠ پەیوەندی و دۆستایەتیی کورد و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان پەیوەندییەکی قوڵی دیرۆکی و ھاوبەشی نیشتیمانی بووە، وێڕای جیاوازی لە ئایین و زمان و کولتوور، بەڵام ھەموویان لە ژێر سێبەری نیشتماندا برا و ھاوخەبات بوونە و لە کۆی بارودۆخە خۆش و ناخۆشەکاندا دەستبار و تەواوکەری یەکتر بوونە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: