چەند بڕیارێک لە سوودانییەوە بۆ مامۆستایانی عێراق

شەیری بکە لە:
چەند بڕیارێک لە سوودانییەوە بۆ مامۆستایانی عێراق

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

ئاڤا نیوز

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری تایبەت لە بەرژەوەندیی کارمەندانی پەروەردە و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە دەردەکات.

 

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی سێشەممە 2025-4-8، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق میوانداریی سەرۆکی سەندیکای مامۆستایانی عێراقی کرد و پاکێجێک لە بڕیاری تایبەت بە کارمەندانی پەروەردە و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە دەرکرد.

 

وێنە گەورەکە: ماوەی سێ ڕۆژە مامۆستایانی عێراق بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و چەندین داواکارییان هەیە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانیش داواکارییەکانی مامۆستایان خرایە بەر باس.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی سوودانی و سەرۆکی سەندیکای مامۆستایان ئەم بڕیارانە دران:

 

 - بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر کارمەندانی پەروەردە لە بەغدا و پارێزگاکان و پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ جێبەجێکردنی نووسراوی نووسینگەی سەرۆکایەتیی وەزیران و دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان کە بریتییە لە ڕەزامەندیی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون تایبەت بە کارمەندانی پەروەردە و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە.

 

- وەزارەتی دارایی کرێی گواستنەوە بۆ سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی خەرج بکات، کە لە چوارچێوەی بودجەی هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی پەروەردەدا سەر بە وەزارەت تەرخان کراوە.

 

- وەزارەتی پەروەردە بڕی (100) هەزار دینار خەرج بکات بۆ بەڕێوەبردنی کاری بەڕێوبەرایەتیی قوتابخانەکان، بۆ هەر وەرزێکی خوێندن.

 

- کاراکردنی سەرجەم بڕگەکانی یاسای پاراستنی مامۆستایان (8ی ساڵی 2018).

 

- سەرژمێریکردنی قوتابخانە دوورەکان و کارمەندانی پەروەردەیی لەو قوتابخانانەی کە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەوە دوورن و پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردە بکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان.

 

- وەزارەتی دارایی لێکۆڵینەوە لە هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی خۆڕایی بکات بە مەبەستی پاداشت و پلەبەرزکردنەوە.

 

- پێدانی قەرزی دارایی بە کارمەندانی پەروەردە لە بانکە حکومییەکان، بەڕێژەی سوودی کەم، بۆ باشترکردنی ئاستی بژێویان.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕۆژی یەکشەممە 2025-04-06، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەماهەنگی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە تەرخانکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بە مامۆستایان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: