لە شەقڵاوە کەسێک بەهۆی بڕینی داربەڕوو دەستگیر دەکرێت

شەیری بکە لە:

شەوکەت قادر، پەیامنێری ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

لە هەردوو گوندی بەرەکە و چنێران لە سنووری قەزای شەقڵاوە ژمارەیەک داربەڕوو بڕدراونەتەوە، کەسێکیش وەک سەرپێچیکار دەستگیرکراوە. قایمقامی قەزای شەقلاوەش لەمبارەیەوە دەڵێت، ئەمساڵ ڕێگریمان لە ژمارەیەک سەرپێچی کردووە و سەرپێچیکارانیش ڕەوانەی دادگا کراون.

چیرۆکی سەرەکی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە گوندی بەرەکەی سنوری ناحیەی هیران لە قەزای شەقلاوە ژمارەیەک داربەڕوو بڕدراون ، لەسەر بڕینی ئەو داربەڕووانە کەسێک دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆلینەوەی بۆ کراوەتەوە. هاوکات
هەر لەو سنورە و بە دیاری کراوی لە گوندی چنێران لە بناری چیای سەفین کە دەکەوێتە سنوری ناحیەی هیران، ژمارەیەک داربەڕووی دیکە بڕدراون.


زانیاریی پەیامنێر: شەوکەت قادر، پەیامنێری ئاڤا میدیا سەردانی شوێنی بڕینی داربەڕووەکانی کردووە، ئەو کەسانەی دارەکانیان بڕیوە ئەو شوێنانەیان هەڵبژاردووە کە دۆڵن و چڕی داریان زۆرە و شوێنەکان بەرچاو نین.

زانیاریی زیاتر: لەو شوێنانە ژمارەیەک داریان بڕیوە و ژمارەیەکیان جێهێشتووە بۆ ئەوەی لە دورەوە هەست بە بڕینی دارەکان نەکرێت.

لێدوانی فەرمی: کاروان کەریم خان، قایمقامی قەزای شەقلاوە بە ئاڤا میدیای گوت،

- هەر کەسێک زێدەڕۆی بۆ سەر ژینگە و دارستان بکات، ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر، ئەمساڵ ژمارەیەک سەرپێچی ڕێگرییان لێکراوە و سەرپێچیکارانیش ڕەوانەی دادگا کراون.

- "دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە بە بوونی حاڵەتێکی بڕینی دار لە سنوری ناحیەی هیران، دەستبەجێ دەستمان بە لێکۆلینەوە کرد و پۆلیسی دارستان و ژینگە سەردانی شوێنەکەیان کرد، بۆئەوەی ئەو سەرپێچیکارانەی کە دارەکانیان بڕیوە، ئاشکرا بکرێن و ڕێکاری ئیداری و یاسایییان لە بەرامبەر بگیرێتەبەر".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: