پوتن بە پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ ئاگربەست گەشبینە

شەیری بکە لە:
پوتن بە پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ ئاگربەست گەشبینە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا. وێنە - AFP

ئاڤا نیوز

کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا نامەیەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی سەبارەت بە پێشنیازی واشنتن بۆ ئاگربەست لە ئۆکراینا ناردووە و تێیدا گەشبینی خۆی دەربڕیوە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمریکا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینای کرد و فشارێکی زۆری خستە سەر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، کە دواجار ڕۆژی سێشەممە ڕازی بوو بۆ وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ماوەی 30 ڕۆژ، بە مەرجێک ڕووسیاش پابەند بێت.

لێدوانە فەرمییەکان:

٠ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، پێویستە ڤلادیمێر پوتن ، ژیانی هەزاران سەربازی ئۆکراینا بپارێزێت لەو بەرەیەدا، کە سوپای ڕووسیا بەردەوامە لە پێشڕەوی، گوتیشی، گفتوگۆیەکی زۆر باش و بەرهەمداریان لەگەڵ پوتن هەبووە، هاوکات دەرفەتی گەورە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە ترسناک و خوێناوییە.

٠ دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرێملن پشتڕاستی کردەوە، سەرۆکی ڕووسیا لەڕێگەی ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیامی زیاتری بە دۆناڵد ترەمپ گەیاندووە و پێی وتووە بە پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ گەشبینە، هەر کاتێک پەیامەکان گەیشتنە سەرۆکی ئەمریکا، ئەو کات پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ڤلۆدیمێر پوتن و دۆناڵد ترەمپ ئەنجام دەدەن.

٠ ئاندرێ سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا ڕایگەیاند، دەبینین ڕووسیا دەیەوێت بەردەوام بێت لە دەستدرێژیەکانی و درێژەدان بە شەڕەکە، لە کاتێکدا ئۆکراینا بە ڕوونی بەڵێی بۆ ئاگربەست داوە.

زانیاریی زیاتر: پێدەچێت سەرۆکی ڕووسیا کاتی بوێت، لەکاتێکدا هێزەکانی لە پێشڕەوی کردن بەردەوامن و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئەو ناوچانەیان لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا کۆنتڕۆڵکردەوە، کە لە هاوینی ساڵی پارەوە لەلایەن ئۆکراینا کۆنتڕۆڵکرابوون.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت مۆسکۆ بە زووترین کات شەڕەکان ڕابگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی نزیکبوونەوەی لەگەڵ مۆسکۆ، کیێڤ و ئەوروپای توڕە کرد.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ