وەزیری دارایی: بەزووترین کات لیستی مووچە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

شەیری بکە لە:
وەزیری دارایی: بەزووترین کات لیستی مووچە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

دیمەنێک لە کۆبوونەوەی ئاوات شێخ جەناب و ئاراکاوا میکیهیرۆ، سەرچاوە: بەشی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

ئاڤا نیوز

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیێنێت، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچە کردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت .

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ دووشەممە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی ژاپۆن لە هەولێر کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئاوات شێخ جەناب لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پەیوەست بە مووچە ڕایگەیاندووە:

- هەموو ئامادەسازییەکمان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە کردووە.

- ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوومان ناردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.

- هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچە پەیوەندی بە هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە هەیە و دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە.

- چەند ڕۆژێکە ئۆرگانەکانی وەزارەتی دارایی بێ پشوو بەردەوامن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان تا بە زووترین کات بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق.

بۆچی گرنگە: بە ناردنی لیستی مووچە بەغدا ڕاستەوخۆ پارە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو دەكرێت.

شەیری بکە لە: