سەفین دزەیی لە داڤۆس: خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان خۆراگری و ئیرادەی خەڵکەکەیەتی

شەیری بکە لە:
سەفین دزەیی لە داڤۆس: خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان خۆراگری و ئیرادەی خەڵکەکەیەتی

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕیچارد کوێست، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئابووریی جیهان و کەناڵی CNN

ئاڤا نیوز

 

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس ڕایگەیاند لەوەڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاند، خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان خۆراگری و ئیرادەی خەڵکەکەیەتی. هاوکات گوتیشی هەڕەشەی داعش هەر ماوە، بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی سووریا، ئێستاش مەترسی گەڕانەوەی داعش هەیە و ڕوو لە زیادبوونن.

 

وێنە گەورەکە: ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئابووریی جیهان و کەناڵی CNN ڕیچارد کوێست، لە ماڵی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کردووە و تاوتوێی چەندین تەوەریان کرد.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکەی سەفین دزەیی لەگەڵ ڕیچارد کوێست، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئابووریی جیهان و کەناڵی CNN:


ڕیچارد کوێست، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئابووریی جیهان و کەناڵی CNN دەپرسێت: هەرچۆنێک بێت تۆ یەکەم خولی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپت بینیووە، پێت وایە خولی دووەمی ئیدارەکەی چۆن دەبێت؟

سەفین دزەیی: لە ڕاستیدا، من دووجار چاوم بە سەرۆک ترەمپم کەوتووە، جارێک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتییی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 2019، دووەمجاریش لێرە لە داڤۆس، ئێمە پێمانوایە ئەو لە  خولی یەکەمیەوە ئەزموونێکی پەیدا کردووە، ئەمەش بۆ خولی دووەمی یارمەتیدەر دەبێت، کەشی سیاسیش لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان زۆر گۆڕاوە، ئەو تیمەی ئەو دەستنیشانی کردوون، بە تایبەت کەسە سەرەکییەکان، ئێمە پەیوەندییەکی کەسیمان لەگەڵیاندا هەیە و لە ئاستی کەسی دەیانناسین، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە بە ئاسانی پێیان بگەین. 

 

ڕیچارد کوێست: دوو ڕەهەندی جیاواز هەن، یەکێکیان ناوخۆییە و ئەویدیکەشیان نێودەوڵەتییە، ئەو خێراییەی کە ئەو بەکام لایەندا ڕۆشتووە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە تۆ گوتت، ئەمە مانەی ئەوە نییە کە ئەو فێربووە، بەڵکو فێربووە چۆن هێزی لایەنەکان بکێشێت، ئەو ڕاستەوخۆ سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ دەکات کە ئەمەش لە ئاستێکدا تەواو سەرنجڕاکێشە، بەڵام لە ئاستێکی دیکەشدا مایەی نیگەرانییە، چونکە نازانین دواتر چی دەبێت؟ 

سەفین دزەیی: ئەمە ڕاستە، بەڵام لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن، هەندێک کاتیش خەڵک وا هەستی پێدەکات کە ئەمریکا بەهێواشی دەجووڵێتەوە، هەمیشەش بەرەو یەک ئاراستە هەنگاو دەنێت، هەندێک جاریش تاوەکو بەرەو لای ڕاست یاخود چەپدا دەڕوات کاتی دەوێت، بەڵام من پێموایە ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو زۆر بە خێرایی دەجووڵێتەوە و ئەمە ئاماژەیەکە کە ئەو ئەمجارە بازرگانی دەوێت.

 

ڕیچارد کوێست: باشە ئەگەر ئێمە باسی ناوچەکە بکەین، تۆ چی بۆ ناوچەکە چی زیاد دەکەیت؟ 

سەفین دزەیی: بەڵێ، سووریا و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

ڕیچارد کوێست: تۆ دەتەو‌ێت ئەمریکا چ ڕۆڵێک بگێڕێت؟


سەفین دزەیی: چەندین پرسی سەرەکی هەن کە ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە تیایاندا بەشدارە،  ڕوونە کە پرسی ئیسرائیل و فەلەستین کە ئەمە پێویستە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، جا بە هەر میکانیزمێک بێت. دووەم سووریایە، کە ئەمریکا تیایدا بەشدارە، بە بەتایبەت  لەگەڵ پرسی کوردی سووریا. سێیەمیش پرسی عێراقە، لە ساڵی 2003ـەوە، زۆر ڕوونتر لەدوای ساڵی 1991، دوای شەڕی کەنداوی یەکەمەوە، ئەمریکا زۆر بە قووڵی بەشداربووە کە دەیویست کارەکە تەواو بکات، بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

 

ڕیچارد کوێست: بۆ گەڕانەوەی ئەم سەقامگیرییە، هەردوو ماوەی نێوان ساڵانی 1991 و 2003، من ماوەیەک لەوێ بووم، گەڕانەوەی ئەم سەقامگیرییە بۆ ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزی ئاسان نابێت، لە کوێوە دەستپێدەکەن؟ من نموونەیەکت بۆ دەهێنمەوە، هەموو کەسێک دەیەوێت سەرکردایەتییەکی هەبێت، کە ئەمەش هێڵێکی باریکە لە نێوان سەرکردایەتیی و سەپاندن، ئەمەش یەکێکە لە بەشە قورسەکان، وا نییە؟

 

"هەڕەشەکانی داعش زیاد بوون"

 

سەفین دزەیی: ڕاستە هەمیشە ئاسان نییە سەرکردایەتیی بکەیت، هەندێکجار لەوانەشە وەرگرتنەوەی کورسییەکە ئاسانتر بێت، بەڵام بەو پێیەی ئەمریکا دووبارە سەرکردایەتییەکەی وەرگرتووەتەوە، بۆیە زۆر کار هەن کە بەنیوەیی بەجێماون، لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتیش جەنگی دژ بە داعش بە هەوڵی هاوبەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا هەڕەشەی داعش هەیە، بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە و وەک ئەوەی بینیومانە هەڕەشەکانی داعش یان هێرشەکانی داعش زیاد بوون.

 

ڕیچارد کوێست: سەبارەت بە ئیدارەی نوێی سووریا، وەک ئەوەی کە هەموو شت گۆڕاوە، تۆ متمانەت بەو ئیدارەیە هەیە؟ 

سەفین دزەیی: من پێموایە ڕووداوە خێراکانی سووریا هەمووانی سەرسام کرد. 

 

ڕیچارد کوێست:  تەنانەت بە سەرسامی کارەکە کرا.

 

"ڕووخانی ئەسەد بەو خێراییە سوپرایزێکی گەورە بوو"

 

سەفین دزەیی: من پێموایە تەنانەت بۆ سەرکردەکانی ئێستای دیمەشقیش سەرسامکەر بوو کە چۆن ڕژێم لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا پێچرایەوە، ڕەنگە ئەمە بۆ هەموو لایەک سوپرایزێکی گەورە بووبێت. ئێستا ئێمە شتی دروست و باش لە سەرکردەکانی دیمەشقەوە دەبیستین.

 

ڕیچارد کوێست:  ڕوونی بکەوە مەبەستت لە شتی درووست و باش چییە؟

سەفین دزەیی: کرانەوە بەڕووی جیهاندا بەشێوەیەکی گشتی، چونکە ئێمە باکگراوندی ئەم گرووپە دەزانین، بەڵام ئەوان ئێستا دەیانەوێت گەشەسەندن و پێکەوەژیان هەبێت لەگەڵ داهاتوویەکی گشتگیر بۆ سوورییەکان.

 

ڕیچارد کوێست:  ئایا سوود لەم گومانەنە هەیە، ئێستا لێرە 'ڕیەڵ پۆڵەتیک' هەیە، ئەوان حکومەتیان بەدەستەوەیە و بردیانەوە، بەدەستیان هێنا، تا ڕادەیەکی دیاریکراو، ورچە 500 پاوەندییەکە لەهەر جێیەک بیەوێت دادەنیشێت و لە سەر ئەوە ڕاهاتووە و هیچیش ناکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئاستی بەشداربوونی وڵاتانی ڕۆژئاوایە، ئاستی بەشداربوون کە دەبێت جێی خۆی بکاتەوە بۆ بەهێزکردنی گۆڕانی زیاتر لە بەرامبەر هێشتنەوەی دۆخەکە، بەڕای تۆ چەند سوود پێویستە ببەخشرێت؟ 

سەفین دزەیی: من پێموایە هەمووان زۆر بە وریاییەوە دەچنە پێش، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە پێویست بێت دەستبەردای بن، ئەوان دەبێت ڕۆڵیان هەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە سووریا وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا، هەڵبەت وڵاتێکی دەوڵەمەند نییە، بۆیە پێویستە یارمەتی بدرێت، ئەم یارمەتیەش تەنیا دەکرێت لە ڕێگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بێت، هەروەها دەبێت تەواو ڕوون بێت، نامەوێت بڵێم بە مەرجی پێشوەختە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێت بە باشی ڕێک بخرێت.

 

ڕیچارد کوێست: سەبارەت بە چی، ببورە هەر دەمەوێت فشارت لێبکەم بۆ ئەوەی بیڵێت، بەڵام تۆ وەزیری دەرەوەیت.

سەفین دزەیی: بە دڵنیاییەوە، تەواوی بیرۆکەکە گەڕانەوەی سەقامگیرییە، بە ڕوونیش پەیوەست بە کوردی سووریا کە نکۆڵی لە هەموو مافەکانیان کراوە و تەنانەت زۆربەیان لە مافی وەڵاتینامە بێبەش کراون، بۆیە گرنگە هەوڵ هەبێت سەرەتا و پێش هەر شتێک بۆ هاووڵاتیبوونی یەکسان، هەروەها مافەکانی پێکهاتەکانی دیکەش وەک عەلەوییەکان، درووزەکان، کورد، کریستیان و تورکمان و هەموو ئەوانی دیکە. 

 
ڕیچارد کوێست:  هەموو ئەو پێکهاتانە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا و لە ژێر دەستەڵاتی ڕژێمی ئەسەد ئازاریان چەشتووە، چۆن دەتوانرێت چەقۆکە بنێژرێت، من هەمیشە بیر لە ئەفریقای باشوور دەکەمەوە، سەردەمی دوای 'سیستەمی ئەپاراتاید'، دوایی کە ماندێلا هات، ئەنجوومەنی ڕاستی و ئاشتەوایی درووست بوو، کە نموونەیەکی جوان بوو، من ناڵێم هاوشێوەی ئەوە لە سووریا هەبێت، بەڵام تۆ چۆن ڕێگە دەدەیت کە نموونەیەک بێتە پێشەوە و بکەوێتە کار، تەواوی ڕاست و هەڵەکانی ڕابردوو بناسرێن بەڵام ڕێگە بدرێت وڵات بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت، ئەمەش ئالنگارییە؟

 

 "سووریا لە ڕابردوودا بە مستێکی ئاسنین حوکم کراوە"

 

سەفین دزەیی: بە دڵنیاییەوە ئەمە ئالنگارییە، چونکە تۆ دەزانی وڵاتەکە بۆ ماوەی چەند دەیە بە مستێکی ئاسنین حوکم کراوە، بە دڵنیاییەوە ڕزگاربوون لەوە لە شەو و ڕۆژێکدا زۆر قورس دەبێت. 

 

ڕیچارد کوێست: بە تایبەتیش کە هەر هەمان خەڵک ڕێکخراوەکە بەڕێوەدەبەن، ئێمە لە ڕووخانی دیواری بەرلینەوە فێری ئەمە بووین، پێویستە هەمان ئەو خەڵکانە جارێکی دیکە کارەکە ئەنجام بدەن، وایە؟

سەفین دزەیی: بەڵێ، ئێمە کێشەی هاوشێوەمان لە عێراق هەیە کە هێشتاش بەسەریدا زاڵ نەبووین، بەڵام لانیکەم ئێمە ڕێگا درووستەکەمان گرتووەتە بەر، ئەمە هەندێک کاتی پێویستە، ئەمە گەشتێکی قورس دەبێت، بەڵام هەروەک ئاماژەم پێکرد پێویستی بە ڕوونی و ڕێکخستنێکی باش هەیە، لەگەڵ هەماهەنگی هاوڕێ ڕۆژائاواییەکان، لەڕێگەی یارمەتیی دووبارە بوونیادنانەوەی سووریا لە هەموو ڕوویێکەوە، لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە پێویستە یارمەتی بدرێن و بەرەو شوێنێک ئاراستە بکرێن کە بە باشترین شێوە خزمەتی تەواوی گەلی سووریا بکات، هیچ بیرۆکەیەک نەسەپێنرێت بەڵام بە دڵنیاییەوە بە ڕێگەیەک بێت کە بژارەی خودی گەلی سووریاوە بێت و خۆیان هەڵبژێرن.

 

ڕیچارد کوێست:  چۆن ژینگەیەکی ئارام دروست دەکەیت کە ئەمەی تێدا بەدیبێت؟ کە ئەمەش زۆر گرنگە.

سەفین دزەیی: بەدڵنیاییەوە، دووبارە ئەمەش کاتی دەوێت، بەڵام ئەمە هەر لە ئێستاوە دەستیپێکردووە، بەڵام ئەگەر بە هەمان بەهێزییەوە بێت، هەڵبەت من باسی هەفتەی داهاتوو یاخود مانگی داهاتوو ناکەم، بەڵام هەرچۆنێک بێت لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتی ڕاگوزەر هەڵدەبژیردرێت و  پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە کە دان بە هەموو پێکهاتەکاندا بنێت و تیشک بخاتە سەر پێکەوە ژیانی ئاشتییانە.

 

ڕیچارد کوێست: من دەمەوێت لە ڕووانگەی ئەزموونی عێراقەوە باسی ئەوە بکەم، ئێمە دوای ئەو هەموو گۆڕانکارییە گەورانە دەزانین ناتوانین 'دیموکراسیی وێڵسۆنی' یان پەرلەمانی دوو ئەنجوومەنیمان هەبێت، وەک 'وێستمینستەر' یان ئەوانی دیکە، پێتوایە هەندێکجار ئێمە هەوڵی سەپاندنی سیستمی دیموکراسی دەدەین کە بۆ وڵات یان ناوچەیەکی دیاریکراو ناشێت؟ 

سەفین دزەیی: من پێموایە سیستم لە بەها و بنەماکان جیاوازە، ئێمە لەوانەیە هەمان بەها و بنەمای هاوبەشمان هەبێت، بەڵام لەوانەیە هەمان دیموکراسی نموونەیی نەبێت، بەهۆی پاشخانی کلتووری و چەندین هۆکاری دیکەوە کە ڕۆڵی لە بونیاتنانی کۆمەڵگاکاندا هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەندێک بەها و بنەمای دیاریکراو و مافی مرۆڤ هەن کە دەبێت بە هەند وەربگیرێن و پەرەیان پێبدرێت.

 


ڕیچارد کوێست:  ئێستا با باسی هەرێمەکەی خۆتان بکەین، دەرفەتەکانی وەربەرهێنان، لەگەڵ تواناکانی گەشەکردنی هەرێمەکە، ئەو شتانەی کە وەبەرهێنەرەکان دەیانەوێت سەقامگیرییە، با لیستیان بکەین، چیان دەوێت؟ سەقامگیری، دڵنیایی، سەروەریی یاسا.

سەفین دزەیی: بە دڵنیاییەوە تۆ گوتت.

 

ڕیچارد کوێست:  ئێستا پەیوەست بەمە لە بارەی هەرێمەکەی خۆتانەوە پێم بڵێ.

 

"قەرزاری وەبەرهێنەرە ناوخۆییەکانی خۆمانین"

 

سەفین دزەیی: من لەو باوەڕەدام کە ئێمە زۆر قەرزاری وەربەر‌هێنەرە ناوخۆییەکانی خۆمانین، هەندێکیان لێرە ئامادەن، ئەمانە لە کاتە سەختەکاندا پاڵپشتیی پلانەکانی حکومەتیان کردووە، ئەو کاتانەی کە حکومەت ڕووبەڕووی سەختیی دارایی بووبوویەوە، ئەوان یارمەتیی بەردەوامبوونی سیستمیان دا لە ڕووی ژێرخان و کەرتی تایبەتەوە، دەبێت ئەوەش بڵێم کە سیستم لە عێراق بە گشتی سیستەمێکی ناوەندیی سۆسیالیستی بووە کە هەموو شت بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە، لەم سیستەمەدا دەوڵەت ڕێبەر بووە، دەوڵەت برا گەورە  بووە، دەوڵەت دابینکار بووە، لە لانکەوە تاوەکو گۆڕ دەوڵەت لە هەموو شتێک بەرپرسیار بووە، ئێمە هەوڵمان دا لەمە دوور بکەوینەوە، هاندەر و پشتیوان و گەشەپێدەری ئابووریی بازاڕی ئازاد بین لە ڕێگەیی هاندانی خاوەنکاران،  هەندێک لەو کەسە باشانەش کە لێرە دەیانبینیت ئەوانەن کە بە هەوڵی خۆیان بوونەتە ملیۆنێر. بۆیە ئێمە زۆر قەرزاری ئەوانین، حکومەت ڕێکخەربووە، حکومەت هەوڵیداوە پێداویستە بنەڕەتییەکانی دانیشتووان دابین بکات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا حکومەت ڕێگەی بە کەرتی تایبەت داوە تا ڕەوڕەوی ئابووری لە جوڵە بەردەوام بێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە ڕووبەڕووی چەند ئالنگارییەک دەبینەوە، ئێمە کیانێکی سەربەخۆ نین ئێمە بەشێکین لە عێراق ئێمە چەند کێشەیەکمان لەگەڵ بەغدا و هەندێکجارێک لەگەڵ تەواوی ناوچەکە هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من پێموایە بە شێوەیەکی ڕێژەیی باش کار دەکەین، لە ڕابردوو خەباتی ئێمە بۆ مانەوە بوو، بەڵام ئێستا هەوڵی مانەوە و گەشەسەندن دەدەین.

 


ڕیچارد کوێست: بەڵام ئایا ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ بەغدا بەشێوەیەکی تەواو پێناسە کراوە یاخود ناجێگیرن و بوونەتە هۆی ئەم بۆشاییە کە ئێوە باسی دەکەن، لە لێکۆڵێنەوەکانمدا هەوڵی تێگەیشتنم لە 'هەرێمی ئەتۆنۆمی' داوە کە زۆر ئاڵۆزە، چونکە لەلایەک کراوەتە فیدراڵی، بەڵام فیدراڵیش نییە، هاوشێوەی ئەوەی سکۆتلەندا بۆ بەریتانیا نییە، بەڵام یەکێتیی ئەوروپاش نییە، ئەمە هەمووی پێکەوەن و ناڕوونییەکی زۆر دروست دەکەن، تۆش هاوڕای؟

سەفین دزەیی: پێموایە ئەوەی کە دەتوانێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا دیاری بکات ئەوەیە کە ئێمە دەستوورێکمان هەیە کە لەلایەن ٪85 ـی عێراقییەکانەوە دەنگی لەسەر دراوە لە ساڵی 2005، نووسینەوەی ئەم دەستوورەش لەگەڵ دۆستانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدراوە، بە بڕوای من ئەمە باشترین دەستوورە لە تەواوی ناوچەکەدا، ئێمە کێشەمان هەیە و دەڵێین با دابنیشین و بزانین دەستوور لەو بارەوە چی دەڵێت، من بە خەمبارییەوە ئەمە دەڵێم لەسەر هاوڕێیانمان لە بەغدا، ئەمە پرسێکی بابەتی بووە و تەنیا هەندێک ماددەی دیاریکراوی دەستووریان هەڵبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ساڵی 2005 پەیوەندیمان لەگەل بەغدا زۆر باش بوو، ئێستاش پەیوەندی باشمان هەیە، وەزیرمان لە کابینەی حکومەتدا هەیە، پەرلەمانتارمان لە پەرلەمانی فیدراڵی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کێشەمان هەن، کێشەی ئابووری و دارایی و کێشەی بوودجە، کێشەی وزە و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان، ماددەی 140ی دەستوور کە پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێت، ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت لەڕێگەی میکانیزمێکی دیاریکراوەوە یەکلا بکرێنەوە کە ئەمەش دەبوو ساڵی 2007 بکرێت، وا ئێستاش ئێمە لە ساڵی 2025 داین، من هێشتاش پێم وایە کە دەتوانین دابنیشین. 

 

ڕیچارد کوێست:  دەتوانم پرسیارێکی ڕاشکاوانەت لێ بکەم؟ پێت وایە ئەو دەستوورەی کە ئێستا بەم شێوەیە هەیە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت؟ 

سەفین دزەیی: هەر لەبەر ئەمەیە کە ئێمە دەڵێین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، چونکە کێشە هەن و نەخشەڕێش بۆ چارەسەریان هەیە، ناکرێت بە ڕێگەی بڕیاری کەسێک ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت و ناکرێت بڵێین ئەم سەرۆک وەزیرانە باشترە لەوەی پێشوو یان بەو ئەوەی پێشوو باشتر بوو، ناکرێت چارەسەری ئەم کێشانە بۆ کەسەکان جێبهێڵدرێت بەوەی چیان لەبارەوە دەکەن، چونکە یاسا و ماددەی دەستووریی هەن کە دەبێت ببنە میکانیزمی چارەسەکردنی پرسەکانی ئێمە لەگەل بەغدا.

 

ڕیچارد کوێست: دەمەوێت پرسیار لە تۆ و ئامادەبووان بکەم خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان چییە؟

 

" خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان خۆراگری و ئیرادەی خەڵکەکەیەتی "

 

سەفین دزەیی: خاڵی بەهێزی هەرێمی کوردستان خۆراگری و ئیرادەی خەڵکەکەیەتی، ئەوان لە هەموو ناخۆشی و ئاڵنگاریانەیەک کە رووبەروویان بووەتەوە. لە رابردوودا تەنیا چیاکان دۆستمان بوون، بەلام ئەمڕۆ هاورێی نێودەوڵەتی زۆرمان هەیە، بە نمونە کەسانی وەک تۆ کە لێرە لە گەلمان دانیشتوویت و لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس چای کوردیمان خواردەوە و زۆر هاورێی دیکەمان هەن.

 

ڕیچارد کوێست: ئەی کوا چا کوردییەکەی من؟ هەرچەندە پێویستە ئەوە بڵێم بۆ پیاوێکی لاوازی ئینگیلیزی, تەنیا تۆزێک چا لەگەڵ بڕێکی زۆر ئاوی گەرم.

سەفین دزەیی: بۆیە خۆراگری خەڵیکی ئێمە و ئیرادەی خەلکی ئێمە بۆ خەبات کاتێک دەڵێم خەبات، بۆ چەند دەیە پێشمەرگە جەنگی گەورەی ئەنجام دا، بەڵام بۆ ئەمرۆ  پێوسیتە خەباتی ئێمە بە ڕێگای دیکە بێت، لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گەشەسەندنی ئابووری و دڵنیابین لەوەی کە باشترین پێوەرەکانی ژیان بۆ خەڵکی خۆمان دابین دەکرێت، کە زۆر ئازار و نەهامەتییان چەشتووە، لە جینۆساید و هێرشی کیمیایی و هەتا دوایی دێت.

 

ڕیچارد کوێست:  ئەمە زۆر جوانە، دەستخۆش، زۆر سپاس. جوانی داڤۆس هیچ سنوورێکی نییە، هاورایت؟ چەند گرنگە و چەندی دیکە پیویستە کار بکرێت لەسەر شەفافییەت، گەندەڵی و پاککردنەوەی ژینگەی بازرگانی و سەروەریی یاسا، پێویستە چەند کاری دیکە بکرێت؟  ئەمە شتێکی گرنگە بۆ ئەوەی بگەن بەو کۆمەڵەیەی کە دەتانەویت. 

سەفین دزەیی:  من تەواو هاوڕام، پێم وایە کۆمەڵگایەکی لە گەشەدابوو دەبێت میکانیزمێکی هەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە گەندەڵی دەهێنرێتە ئاستی سفر. 

 

ڕیچارد کوێست:  ئەمە روو نادات.

سەفین دزەیی: ویستم تەواوی بکەم، بەڵام لە هەمان کاتدا تەنیا گەندەڵی دارایی نییە، بەڵکو گەندەڵیی ئیداریش بوونی هەیە، چونکە بیرۆکراسی و ڕۆتینات و ڕێگرییەکان هەندێکجار پڕوکێنەرە، ئەمە لەوانەیە وا لە خەلک بکات دووجار بیر بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەوەی بێن و بزنس بکەن، لەبەر ئەوەی ئێمە وەکو حکومەت پاکێجێکی چاکسازیمان ڕاگەیاندووە بۆ فرەجۆرکردنی ئابووری و بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین لەبەر ئەوەیە ئێمە بوارێکی فراوانترمان بە کەرتی تایبەت داوە بۆ وەبەرهێنان لەو ڕوانگەیە پێویستە حکومەت لە دەرەوەی بازرگانی بێت نابێت هاوشێوەی سیستمی سۆسیالیستیی جاران بێت کە وا حکومەت خاوەنداری بازرگانی بکات. 

 

ڕیچارد کوێست: حکومەت پێویستە لە دەرەوەی بزنس بمێنێتەوە؟

سەفین دزەیی: نابێت هاوشێوەی سیستمێکی کۆنی سۆسیالیستی بێت کە دەوڵەت خاوەندارێتی بزنس و کارخوڵقێنی بکات.

 

ڕیچارد کوێست: بەڵام دەبێت ڕێکخستنێکی بەهێزی هەبێت.

 


"دەوڵەت ڕێکخەرە، خاوەنی بزنس نییە"

 

سەفین دزەیی: ئەمە ئەوە بوو کە من دەمویست بیڵێـم. حکومەت ڕێکخەرە، خاوەنی بزنس نییە.

 

ڕیچارد کوێست: ڕاستە، بەڵام زۆرجار ئەوەی کە ڕوودەدات، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و وەبەرهێنان و ...

سەفین دزەیی: ئێمە یاسای وەبەرهێنانمان هەیە کە من پێموایە یاسایەکی تەواو باش و مۆدێرنە بۆ هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە نەبوونی باج و گومرک، خاوەندارێتی 100٪ و گواستنەوەی سەرمایە. 

 

ڕیچارد کوێست: پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دووانە زەحمەتە؟

سەفین دزەیی:  لە ڕووی یاساییەوە، پێم وایە شتەکان بە دەستوور باش ڕێکخراون، بەڵام هەندێکجار تاکەکەسەکان کێشە درووست دەکەن، وەک ئەوەی ئەم بەرێزە ئاماژەی پێدا، هەندێک بەرهەم کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن ڕێگە نادرێت هەناردەی باشووری عێراق بکرێن، یانیش لە هەندێک کاتدا ببورە کە ئەمە دەڵێم بەڵام هەندێکجار و بە ڕێککەوتنی تایبەتی دەتوانن هەناردەبکەن، یان هەندێکجار بە ڕێکاری تایبەت دەتوانرێت بنێردرێن، نابێت وا بێت، چونکە کوردستان بەشێکە لە عێراق ناتوانێت باجی دووەمیش بدەیت کاتێک دەچێتە ناو عێراقەوە. 

 

ڕیچارد کوێست: دەزانی من چی لەمە تێگەیشتم هەم لە قسەکانی ئێوە هەم لە وەڵامەکانی تۆ کە باستان لە واقیعەکە کرد، نەک ئەوەی لەسەر کاغەز هەیە، ئێوە هەردووکتان باستان لەو ئالنگارییە کرد کە تیایدا دەژین و من لێرە دێمە کۆتایی باسەکە دەمەوێ بزانم خەڵکی وەک ئێوە کە لە هێز و دەسەلات و کاریگەریدا وەبەرهێنانتان کردووە، دەتەوێت لە 12 مانگی داهاتوودا چی بکەیت؟ 

سەفین دزەیی:  لەوانەیە کەمکردنەوەی هەندێک لەو هێز و کاریگەرییە بێت.

 

ڕیچارد کوێست:  بەڵێ، یەکجار کە هێزت پێتدرا دەگمەنە دەستبەرداری بیت.

سەفین دزەیی: ئێمە ئێستا لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتداین و  دڵنیا نیم کە بەشێک دەبم لەم کابینەیە. 

 

ڕیچارد کوێست:  حەز دەکەیت لەو کابینەیە بیت؟ وایدەبینم کە ئاشنا بیت بە دەستەواژەی 'بەڵێ جەنابی وەزیر'؟

سەفین دزەیی: بەڵێ، هەروەها بە دەستەواژەی 'بەڵێ جەنابی سەرۆکوەزیران'

 

ڕیچارد کوێست:  کاتێک پرسیارت لێدەکەم کە ئایا دەتەوێت ببیتە بەشێک لە کابینەی داهاتوو، من خۆم هیچ چاوم لەسەر نییە، بەڵام ئامادەم خزمەت بکەم ئەگەر داوام لێ بکرێت. 

سەفین دزەیی: من کۆتاییەکانی ساڵانی 1980ـکانەوە لە ناو ئەم ژیانە سیاسییەدام، کاتێکی زۆرە، بەڵام ڕاشکاو بم لەگەڵت، حکومەت  بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی، ساڵی 1991 کە وا خاکی کوردستانمان ڕزگار کرد، یەکەم هەلبژاردنمان لە 1992 ئەنجام دا، ئێمە فێربووین، سەڕاری هەموو ئەو ئالنگەرایانەی ڕووبەروومان بوویەوە، بە دڵنیایەوە هەڵەمان کردووە، بەڵام هەوڵ دەدەین لە هەڵەکانمانەوە فێر بین، ئەوەی کە لێرەین لە داڤۆس و هەوڵدەدەین خەڵک ببینین بۆ بونیاتنانی پردی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتە جیاوازەکان و کولتوورە جیاوازەکان و ئابوورییە جیاوازەکان و هەوڵمانداوە لە ئەزموونی ئەوانەوە فێر بین،  من ناڵێم ئێمە نمونەیەکی باڵاین یان لە دیموکراسی و بەرێوەبردندا ناوازەین، دان بە هەڵەکانماندا دەنێین و هەوڵ دەدەین باشتر بین و لە نموونەی باش هاوڕێیانمانەوە فێربین و حکومەت وەک ڕێکخەر هەوڵ دەدات لە بزنس بە دوور بێت و لێگەڕێ خەڵک بزنسی خۆی بکات و وەبەرهێنەرە دەرەکییەکانیش بۆ ناوخۆی هەرێـمەکە ڕابکێشێت. 

 

ڕیچارد کوێست: ئایا بانگهێشتم دەکەیت؟

سەفین دزەیی: تۆ بانگهێشتنامەیەکەی کراوەت هەیە.

ڕیچارد کوێست: جاری داهاتوو لە هەولێر دەتبینمەوە. زۆر سوپاس.

شەیری بکە لە: