ئه‌زموونی یه‌كڕیزیی و ده‌ستكه‌وت له‌ به‌غدا

ئه‌زموونی یه‌كڕیزیی و ده‌ستكه‌وت له‌ به‌غدا

دیمەنی لۆگۆی حیزبەکان و نێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق، گرافیک ئاڤا

 

کورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق مافێکی ده‌ستووریی و یاسایی گرنگی بەدەستهێنا، ئه‌ویش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری رژێمی به‌عسی پێشوو بوو بۆ ‌داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کورد و خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی ناوچه‌که‌ و به‌خشینی به‌ عه‌ره‌بی هاورده. پاشان  گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و موڵک و ماڵه‌ داگیرکراوانه‌ به‌ جووتیارانی زوڵملێکراوی که‌رکووک، که‌ زۆرینه‌ی ڕەهایان جووتیاری کوردن و به‌شێکی دیکه‌یان تورکمانن و هه‌ندێکیشیان عه‌ره‌بی ڕە‌سه‌نی ناوچه‌که‌ن.

 

ئه‌م بڕیاره‌ که‌ له‌سه‌ر داوا و پێداگریی نوێنه‌رانی کورد له‌ به‌غدا چه‌سپێنراو به‌ تێکۆشان و خۆڕاگریی و ئازایه‌تیی جووتیارانی کورد له‌ که‌رکووک کاری له‌سه‌رکرا، سەلمێنه‌ری چه‌ندین راستییه‌:

 

یه‌که‌م: ئه‌گه‌ر دادگه‌ریی به‌رپابێت، ئه‌وا کاره‌کان ڕاست ده‌بنه‌وه‌ و هە‌موو لایه‌ک دە‌گە‌نەوە‌ به‌ مافی خۆیان. وه‌ک سه‌رۆک بارزانی له‌ په‌یامی پیرۆزباییه‌کەیدا بۆ جووتیارانی کورد له‌ کە‌رکووک ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند. که‌واته‌ کورد خوازیاری دادگه‌رییه‌ و چاوی له‌ داگیرکاریی نییە‌، به‌ڵام قبووڵیشی ناکات که‌س مافی بخوات، ئه‌مه‌ش ڕە‌وایه‌تیی ده‌داته‌ دۆزی کورد له ‌ته‌واوی ناوچه‌که‌ به‌تایبه‌ت له‌ که‌رکووک.

 

دووە‌م: کورد تاوەکو بۆی بکرێت به‌ یاسا و ده‌ستوور مافه‌کانی به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌ و له‌پاش ئه‌وه‌ش هێز شه‌رعییه‌تی خۆی هه‌یه‌.

 

سێیه‌م: ئه‌و یاسایه‌ دووباره‌ سه‌لماندییه‌وه‌  که‌ کورد دانیشتووی ڕەسه‌نی ناوچه‌که‌ن و تاپۆی ڕە‌شی ئه‌و ناوچه‌یه‌ موڵکی ئه‌وانه‌ نە‌ک هاورده‌کان. به‌و یاسایه‌ کۆتایی به‌ پلانی ڕە‌شی به‌عس هات بۆ تەعریبکردنی که‌رکووک، ئیدی هه‌موو لایەک ده‌بێ بزانن کورد و خه‌ڵکی ڕەسه‌نی ناوچه‌که‌ یه‌که‌م که‌س بوون گه‌نمیان له‌ زەویی بەپیتی که‌رکووک چاندووه‌.

 

چواره‌م: پێداگریی و تێکۆشانی خه‌ڵکی ڕەسه‌نی که‌رکووک، به‌تایبه‌ت جووتیاران جێگه‌ی پێزانینه‌ و خه‌باتی ئه‌وان بێ ده‌ستکه‌وت نه‌بوو،‌ ئه‌وه‌تا به‌ یاسا سه‌لمێنرا که‌ ئه‌وان له‌سه‌ر حه‌قن و عه‌ره‌بی هاورده‌ داگیرکه‌رن.

 

پێنجه‌م: ئه‌وه‌ی ڕووی دا سه‌لماندی که‌ ئه‌زموونی یه‌کڕیزیی و پێکه‌وه‌ کارکردنی لایه‌نه‌ کوردییه‌کان و نوێنه‌رانی کورد له‌ به‌غدا ده‌توانێت هه‌ستیارترین پرسه‌کان لە بەرژەوەندیی کورد یه‌کلایی بکاته‌وه‌. ئه‌مه‌ ده‌بێت ئه‌زموونێک بێت له‌پاڵ ئه‌زموونه‌کانی دیکەدا، که‌ ئەوەی بە یه‌کڕیزیی بۆ کورد بەدەست دێت، هەرگیز ناته‌بایی و ناکۆکی و ململانێی سیاسی دەستەبەری ناکات، بگرە له‌ ده‌ستی ده‌دات.

 

له‌ مێژووی کۆن و نوێدا هه‌میشه‌ کورد به‌ یه‌کڕیزیی له‌ به‌رامبه‌ر نه‌یارانی سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌ و به‌ ناکۆکیش ده‌ستکه‌وته‌کانی له‌ ده‌ست داوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت بردنه‌وه‌ی یاسای گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵک و ماڵ به‌ یه‌کڕیزیی ببێته‌ وانه ‌و ئه‌زموونێک بۆ هه‌موو فراکسیۆنه‌کان، که‌ ئه‌گه‌ر له‌ پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌کانی دیکه‌شدا هه‌ماهه‌نگ بن، ده‌توانن زۆر بابه‌ت یه‌کلایی بکه‌نه‌وه‌ و ئه‌و یه‌کدەنگییە‌ هێز و مه‌زنیی به‌ کورد ده‌به‌خشێت له‌ عێراقدا.

 

به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌کانی رابردوودا و له ‌بابه‌تی مووچه ‌و بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان، لایه‌ن و نوێنه‌رانی کورد له‌ به‌غدا هه‌ر کامیان به‌ پاساوێک به‌ ئاراسته‌یه‌کی جیاواز و زۆر جاریش دژ به‌ هه‌رێمی کوردستان لەم پرسه‌دا جووڵانه‌وه،‌ بۆیه‌‌ نه‌توانرا ئه‌و پرسه‌ یه‌کلایی بکرێته‌وه‌ و زۆر نوێنه‌ری کورد بوونه‌ پاساو و ڕێنیشانده‌ری لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان بۆ بڕینی بودجه‌ و نه‌ناردنی شایسته‌ی دارایی ته‌واوه‌تیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، باجەکەشی هەر خەڵک و بەتایبەت مووچەخۆران دایان. بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌زموونی یه‌کڕیزیی ئه‌مجاره‌ی فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان درێژه‌ بکێشێت تاوەکو کێشه‌ی مووچه ‌و بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک مافێکی ده‌ستووریی خه‌ڵکی کوردستان یه‌کلایی ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ر ناکۆکی و ڕە‌خنه‌ و که‌موکووڕییه‌کیش که‌ هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ باشترین ئه‌زموون و ده‌ستکه‌وت بۆ هه‌رێمی کوردستان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: