هێمن لهۆنی: کۆڕبەندی داڤۆس بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان هاوکار دەبێت

شەیری بکە لە:

هێمن لهۆنی، ڕاوێژکار و بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری ماڵی کورد لە داڤۆس

ئاڤا نیوز

شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشداریی لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا دەکات و ماڵی کوردیش پانێل و کۆبوونەوەی تایبەت ڕێک دەخات.

چیرۆکی سەرەکی: ساڵانە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس بە بەشداریی بەشێکی زۆر لە سەرۆک، سەرکردە و سەرمایەدارانی جیهانی بۆ گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی ڕێگەچارە لەسەر بابەتێکی دیاریکراو ڕێک دەخرێت، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندەکەدا چاوی بە سەرۆک و سەرکردە دیارەکانی جیهان دەکەوێت.

لێدوانی فەرمی: هێمن لهۆنی، ڕاوێژکار و بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەریی و پەیوەندیییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری ماڵی کورد لە داڤۆس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمساڵ لە کۆڕبەندەکە گفتوگۆ لەسەر ئاڵنگارییەکانی جیهانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد دەکرێت، هاوکات قسە لەسەر هەماهەنگیی نێوان حکومەت و کۆمپانیاکان دەکرێت لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ماڵی کورد لە داڤۆسی سویسرا، کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە و سەرۆکە دیارەکانی وڵاتان دەبێت، هاوکات لە چوار ڕۆژ دا ماڵی کورد چەند چالاکی، پانێل و کۆبوونەوەی تایبەت ڕێک دەخات.

زانیاریی زیاتر: بەشێکی ئامانجی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا کارکردنە لەسەر چۆنییەتی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی جیهانی بۆ هەرێمی کوردستان و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات کە دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە بۆ داهاتوو.

بۆچی گرنگە: ماڵی کوردستان لە داڤۆس، بە ئامانجی هاندانی هاوکاری و دروستکردنی گۆڕانی ئەرێنی كراوە دەبێت. ماڵەكە پابەندە بە فراوانكردنی تێگەیشتن، فرەڕوانگەیی و دۆزینەوەی ڕێچارە بۆ ئەو ئاستەنگانەی کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان، ناوچەکە و جیهان هەیە.

ئەمەش بزانە: چەند ساڵێکە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی جیهان لە کۆڕبەندەکەدا بەشداری کارای هەیە، بەڵام لەم دوو ساڵەدا لە پاڵ شاندی سیاسیی، شاندێکی وەبەرهێنان دەچێتە داڤۆس.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ