دوای ئاشکراکردنی گەندەڵییەکی گەورە لەلایەن ئاڤا لە باشماخ، لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنرێت

شەیری بکە لە:

دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

دوای ئاشکراکردنی گەندەڵییەکی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لەلایەن ئاڤا میدیا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و لێکۆڵینەوەی ورد دەستپێدەکات.

چیرۆکی سەرەکی: پێنجشەممەی ڕابردوو ئاڤا بڵاوی کردەوە، لە گومرگی دەروازەی باشماخ، نزیکەی سێ ملیار دینار و نیو واتا (240 دەفتەر دۆلار) دیار نەماوە، پارەکە هی گومرگی چوار کۆمپانیای هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە بووە کە لەلایەن بەرپرسێکی دەستڕۆیشتووەوە سەرپەرشتی دەکرێن، بە واستە و کۆدی تەزیوەرەوە پارەکەیان نەداوە.

کۆمپانیاکان مۆڵەتی بازرگانیی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیان نەبووە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، كەچی سەدان ئۆتۆمبێلیان لە دەروازەکە بە ساختەكاری و پێدانی بەرتیل بە فەرمانبەرێكی دەروازەكە داخیل كردووە.

لێدوانی فەرمی: ئاڤا بەدواداچوونی زیاتری بۆ کەیسەکە کرد، شاخەوان ئەبوبەكر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی باشماخ بە ئاڤای گوت، سەرەتا خۆی گەندەڵییەکەی ئاشكرا کردووە و کەیسەکەی جووڵاندووە، نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی کردووە، ئەو فەرمانبەرەشی داوەتە دادگا كە دەستی لە گەندەڵییەكە هەیە و بەرتیلی وەرگرتووە، ئێستا کەیسەکە لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانیە.

بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی باشماخ ڕەتی کردەوە پارەکە هێندە زۆر بێت و گوتی: "بڕەکەی 240 دەفتەر دۆلار نییە، بەڵكو 481 ملیۆن دینارە، پارەکەش وەرگیراوەتەوە و خراوەتە سەر هەژماری بانکی گومرگ لە بانکی باشماخ". ئەمە لەکاتێکدایە سەرچاوەکەی ئاڤا دەڵێت بڕی پارەکە 240 دەفتەر دۆلارە.

وردەکاریی زیاتر: شاخەوان ئەبوبەكر
ڕەتی کردەوە گەندەڵییەكە پەیوەندیی بە تەزویرکردنی وەسڵی گومرگییەوە هەبێت، بەڵكو ئەو كۆمپانیایانە مۆڵەتی بازرگانیی 500 ئۆتۆمبێلیان هەبووە بەنموونە، بەڵام زیاتر لەو ژمارەیە ئۆتۆمبێلیان داخیل كردووە.

گەندەڵییەكە ئەوەیە ئەو ئۆتۆمبێلانە كە هێنراون مۆڵەتی هاوردەكردنیان نەبووە، كە ئەمە لە تایبەتمەندی وەزارەتی بازرگانییە و مۆڵەت لەو وەزارەتە وەردەگیرێت، پێدانی ڕسوماتی داخیلكردنی ئۆتۆمبێل بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتی گومرگەكانەوە نییە.

ڕێکارەکان بەمشێوەیەن: لەبەرامبەر هێنانی هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت. وەزارەتی بازرگانی مۆڵەتەكە دەنێرێت بۆ گومرگی ئەو دەروازە سنوورییەی كە ئۆتۆمبێلەكانی لێوە هاوردە دەكرێت، دەروازە سنوورییەكەش لەسەر بنەمای ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لە نووسراوەكەدا هاتووە، ڕێگە بە داخیلكردنی ئۆتۆمبێلەكان دەدات.

ئەگەر ژمارەی ئۆتۆمبێلی هاوردەكراو لە ژمارەی دیاریكراوی نێو نووسراوەكە زیاتر بوو، ئەوكات كۆمپانیاكە فریا ناكەوێت دووبارە سەردانی وەزارەتی بازرگانی بكات و مۆڵەتێكی نوێ دەربهێنێت، بەڵكو بە گومرگی دەروازە سنوورییەكە دەڵێت بە پێدانی سزا بۆی چارەسەر بكەن و ڕێگە بە داخیلكردنی بدەن، سزاكەشی بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك لەسەر مەنەفێست 120 هەزار دینارە. گەندەڵییەکە لێرەدا کراوە، ئەمە بەقسەی شاخەوان ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ.

گەندەڵییەکە چۆن کراوە؟ لەبری هێنانی مۆڵەتی بازرگانی یان سزادانی کۆمپانیاکان پێش داخڵکردنی ئۆتۆمبێلەکان کە دەبووایە لەبەرامبەر هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 120 هەزار دینار وەربگیرێت، فەرمانبەرێكی دەروازەی باشماخ لەڕێگەی تەزویرکردن و دەستكاریكردنی کۆد و پسوولە (وەسڵ)ەكانی پێشوو، وای كردووە ئۆتۆمبێلەكان داخیل بكرێن بەبێ ئەوەی یەک دینار بدەن.

خۆی سیستەمەکە ئەلیکترۆنییە و وەسڵی کۆن ناخوێنێتەوە، بەڵام کاتێک وەسڵەکان و ژمارەی وەسڵەکانی داخڵی سیستەمەکە کردووە، بۆنموونە دۆتێک، فاریزەیەک، پیتێک یان شتێکی بۆ هەر وەسڵێک زیاد کردووە.

وەک بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ باسی دەکات، هۆكاری بێ ئاگاییان لە تێوەگلانی ئەو كارمەندە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە سیستمی گومرگیدا هەر فەرمانبەرێك ئەكاونتی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەرك و ڕۆڵی لەناو سیستەمدا جیاوازە، ناشکرێت ڕۆژانە پێداچوونەوە و ردبینی کاروباری سەرجەم فەرمانبەران بکرێت.

چارەسەرەکان: بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ وەزارەتی دارایی بە نووسراوی فەرمی لەو گەندەڵییە ئاگادار كردووەتەوە، لە وەزارەت لیژنەیەكی فراوانی لێكۆڵینەوەی پێكهێنراوە و بەڕێوەبەرێکی گشتی سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات، ئەم هەفتەیە دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن لەڕووی ئیدارییەوە، بزانن کێ کەمتەرخەم بووە؟ چ لێپێچینەوەیەک لەگەڵ کۆمپانیاکان بکرێت؟ جگە لە بڕیاری دادگا کۆمەڵێك ڕێکاری ئیداریشیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، هەم لەگەڵ بازرگانەکان، هەم لەگەڵ ئیخراج گومرگەکان، ئەوانەی دەسەڵاتی ناردن و هێنانی باریان هەیە، لەگەڵ فەرمانبەرەکان.

لە لێکۆڵینەوەکاندا دەردەکەوێت ئەگەر خەڵکی تر تێوەگلابێت، لێكۆڵینەوەی ورد لە كەیسەكە دەكرێت، جگە لەوە دۆسیەکە تاوانكارییە و لە دادگای ئاسایشی سلێمانی كراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە: پەیوەست بەو كەیسە ئاڤا پەیوەندی بە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كوردستان كرد، ئەو بێئاگایی خۆی لەو بابەتە دەربڕی و ڕایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی لەو كەیسە ئاگادار نەكراوەتەوە.

ڕوونیشی كردەوە ئەوان بەرپرس نین لە ڕەفتاری ئەو كۆمپانیایانەی لای ئەوان تۆمار نەكراون، هەر كۆمپانیایەك بەبێ مۆڵەتی بازرگانی ئۆتۆمبێل هاوردە بكات، دادگا ئیشعار دەردەكات كە ئەو كۆمپانیایە بخرێتە لیستی ڕەشەوە، هەر كە كەوتە لیستی ڕەشەوە، هیچ مامەڵەیەكی لە وەزارەت بۆ ڕایی ناكرێت و مۆڵەتی هاوردەكردنی لێ دەسەنرێتەوە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ