40 خێزانی سنووری پشدەر داوای دامەزراندنی سەنتەرێکی ئۆتیزم دەکەن

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

40 خێزانی سنووری پشدەر لە ڕێگەی ئاڤا میدیاوە داوای دامەزراندنی سەنتەرێکی ئۆتیزم دەکەن و دەڵێن لە دۆخێکی سەختداین.

 

چیرۆکی سەرەکی: 40 خێزانی سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین لە ڕێگەی ئاڤاوە داوادەکەن دەنگیان بگەیێنرێت و سەنتەرێکی ئۆتیزمیان بۆ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لەم سەنتەرەدا خزمەتگوزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتیی و ڕاهێنانەوەی نەخۆشانی ئۆتیزم پێشکەش بە تووشبووانى ئۆتیزم و بنەماڵەکانیان بکرێت.


داواکاری ئەو خێزانانە بەمشێوەیە:

نزیکەی 38 بۆ 40 منداڵی ئۆتیزم لەسنووری پشدەر هەن، بەڵام یەک سەنتەر لەناوچەکەیان تایبەت بەمنداڵانی ئۆتیزم نییە، نە حوکمی و نە ئەهلی، وەک خۆیان ئەڵێن ئەمە دۆخێکی زۆر سەختی بۆ منداڵەکانمان و خێزانەکان دروستکردووە، ئەو داواکارییەمان بگەیێنن تاوەکو ئاوڕێک لە حاڵی پەرێشانمان بدرێتەوە.


لێدوانی فەرمی: شەماڵ عەباس، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی ڕاپەرین بە ئاڤای ڕاگەیاند: ماوەی ساڵێکە هەوڵەکانمان دەست پێکردووە، بەشی خوارەوەی باڵەخانەی سەنتەری پاراستن و گەشەپێدانی منداڵانی قەڵادزێمان ئامادەکردووە، دواتر لە ڕێگەی ئەندازیارانی بەشی هونەری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرینەوە دەرخستەی بۆکراوە.

- تێچووەکەی زیاتر لە 70 ملیۆن دینارە و ڕەوانەی وەزارەتی داراییمان کردووە، دوای وەرگرتنی  ڕەزامەندی و خەرجکردنی پارەکەی هەنگاوە کردەییەکان دەست پێدەکەین، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە یەک وەڵامی ئەرێنیمان پێنەگەیشتووە.


لەلایەکی دیکەوە: ئاڤا میدیا لەسەر داوای ئەو خێزانانە پەیوەندی بە دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە کرد، لەوبارەیەوە مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگاکە و بە پێشوازییەکی گەرمەوە و لە ڕێگەی ئاڤا میدیاوە مژدەی ئەوەی دا کە لیژنەیەک ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی بەدواداچوونی ڕژد لەسەر ئەو بابەتە بکەن و دوای دیراسەکردنی دۆخەکە ئەوەی پێیان بکرێت، بۆیان جێبەجێ دەکەن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ