مۆلیدە ئەهلییەکان هەڕەشەیەکی کوشندەن لەسەر ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق

شەیری بکە لە:
مۆلیدە ئەهلییەکان هەڕەشەیەکی کوشندەن لەسەر ژینگە و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق

وێنەی مۆلیدەیەک

ئاڤا دیجیتاڵ


محەممەد حوسێنی تەمەن 43 ساڵ دانیشتووی ناوچەیەکی باشووری بەغدایە کە ناچار بووە بەهۆی دەنگی بەرزی مۆلیدە و زیانکەوتن بە دیواری ماڵەکەی بەهۆی نزیکیی لە مۆلیدەیەکی ئەهلییەوە ماڵەکەی چۆڵ بکات. محەمەد بە توڕەییەوە قسەی بۆ ئاڤا کردووە و دەڵێت، هەر پێنج ئەندامی خێزانەکەم بەهۆی بۆنی ناخۆشی دووکەڵی مۆلیدەکەی نزیکیانەوە تووشی هەستیاری (حەساسیەت) بوون.


کەرا عەباس خاوەنی مۆلیدەیە و ئەویش نیگەرانە و گلەیی هەیە، لەناچارییدا ئەو کارە دەکات و وەکو خۆی دەڵێت، بۆ بژێوی خێزانەکەی دەستیداوەتە ئەو کارە و مۆلیدەی داناوە، جگەلەوەی کە رووبەرووی چەندین کێشە دەبێتەوە. خەڵک توڕەن لە دەنگی بەرزی مۆلیدەکەیی و ئەو بۆنە ناخۆشەی بەناوچەکەدا بڵاویدەکاتەوە، ئەمەش کێشەیەکە کە تەنانەت حکومەتیش نەیتوانیوەە چارەسەری بکات.


عێراق لە رووی دابینکردنی کارەباو وزەی پاکەوە بۆ هاوڵاتییەکانی رووبەرووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، بەناچاری دەستیبردووە بۆ دابینکردنی کارەبا لەرێگەی سەرچاوە ناتەندرووستەکانەوە کە زیانیان بۆ سەر ژینگە و تەندروستی خەڵکیش هەیە.


راپۆرتی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی کە لە مانگی 4ی 2019 بڵاوبوویەوە ئاماژەی بەوەکردووە، توانای عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا نزیکەی 32 هەزار مێگاواتە بەڵام بەهۆی خراپی تۆڕەکانی گواستنەوە تەنیا توانای ئەوەی هەیە نیوەی بەکاربهێنێت، لەکاتێکدا خۆی پێویستی بە 40 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، رێوشوێنەکانی دیکەش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکە کەش و ژینگەیەکی ناتەندروستی لە شارەکانی عێراق درووست کردووە.


ئەو مۆلیدانەش کە بە گاز کار دەکەن و بەکاریان دەهێنن زۆربەیان کۆن بوون و نزیکەی دوو دەیە دەبێت کار دەکەن، بۆیە لەگەڵ داگیرساندنیان دووکەڵێکی زۆر دەکەن و دەنگێکی بەرزیشیان هەیە، ساڵانەش خێزانە عێراقییەکان نزیکەی شەش بۆ دە ملیار دۆلار دەدەن بە کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان.


"پیسبوونی ئاو خاک و هەوا"


پۆلیسی ژینگە لە عێراق کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ژمارە 1ی ساڵی 2005 دامەزرا، لەرووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، لەرووی هوونەرییەوە سەر بە وەزارەتی ژینگەیە ئەرکیشی پاراستنی ژینگەیە لەرێگەی چاودێریکردنەوە.


عەمید فیراس سەلیم بەڕێوبەری پۆلیسی ژینگەی عێراق دەڵێت، 49 هەزار مۆلیدە لە عێراقدا هەیە، ئەو مۆلیدانەش (6,700,665) هاوبەشیان هەیە سوود لە کارەباکەیان وەردەگرن، مانگانەش (25,875,722) ئەمپێر کارەبا دابین دەکەن.


گوتیشی، ئەو مۆلیدانە  بەتایبەتی ئەوانەیان کە بە بەنزین کار دەکەن چەندین گازی پیس و ژەهراوی دەردەدەن، وەکو یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدی نایترۆجین، ئۆکسیدی کبریت، ئەو مۆلیدانەش کە بە گاز کاردەکەن رێژەی لە 10٪ یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن.


لەگەڵ ئەوەی جیهان روبەرووی کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە بووە، مۆلیدە ئەهلییەکانیش لە عێراق رێژەیەکی زۆر ئاوی پاک بەفێڕۆ دەدەن ئەوەش کاریگەری مەترسیداری دەبێت لەسەر ژینگەو کۆمەڵگە بەتایبەت کە ئێستا عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە گۆڕانکارییەکانی کەشووهەوا زۆرترین کاریگەرییان هەیە لەسەری، تا دێت ژمارەی دانیشتوانیش زیاتر دەبێت.


راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە کە وشکەساڵی 13 هەزارو 920 خێزانی عێراقی ناچار کردووە لە 10 پارێزگای عێراق ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن. عۆن زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، ئاستی ئاو لە عێراق زۆر کەمیکردووە، رووبەری ئەهوارەکان یان زۆنگاوەکان لە باشووری عێراق  کەم بووەتەوە لە 20 کیلۆمەترەوە بۆ چوار کیلۆمەتر.


بەپێی ئامارێک کە دەست ئاڤا کەوتووە،  تەنیا یەک مۆلیدە لە وەرزی هاویندا رۆژانە نزیکەی 2000 لیتر واتە دوو مەتر سێجا ئاو بەکار دەهێنێت، ژمارەی مۆلیدە ئەهلییەکانیش لە عێراق نزیکەی 49 هەزار مۆلیدەیە. رۆژانە نزیکەی ( 98,000,000) واتە 98,000 مەتر سێجا ئاو بەکار دەهێنن مانگانەش  2,940,000,000   لیتر ئاو بەکار دەهێنن کە دەکاتە نزیکەی 2،940،000 مەتر سێجا ئاو، لەو رێژە ئاوەش دەریاچەیەکی لێ دروستدەکرێت.

 

خزمەتگوزاری ئەلجیبال

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان