"کۆچبەرانیان فڕێ داوەتە ناو دەریا تاوەکو بخنکێن"

شەیری بکە لە:
"کۆچبەرانیان فڕێ داوەتە ناو دەریا تاوەکو بخنکێن"

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریی بی بی سی، هێزەکانی پاراستنی کەناراوەکانی یۆنان کۆچبەرانیان فڕێ داونەتە ناو دەریا یان سواری بەلەمی بچووک و خراپیان کردوون و بەم شێوەیە بوونەتە هۆی مردنیان.


چیرۆکی سەرەکی: بەشێک لە شایەتحاڵەکان گوتویانە لە ڕووداوێکدا هێزە یۆنانییەکان کۆچبەرانیان سواری بەلەمێکی چووپی هەوایی کردووە، هەر لە سەرەتاوە ماتۆڕی بەلەمەکە ئیشی نەکردووە و دوای ماوەیەکیش هەوای ناو بەلەمەکە خاڵی بووەتەوە. ئەوان گومانیان لەوە بووە کە پێشتر بەلەمەکە لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە کون کرا بێت. 


زانیاریی زیاتر: لە ماوەی سێ ساڵی 2020-2023 و لە 15 ڕووداودا، هێزەکانی یۆنان بوونەتە هۆکاری مردنی لانیکەم 43 کەس، بەوەی لە بری ئەوەی ڕزگار بکرێن گەڕێنراونەتەوە بۆ ناو دەریا و ناچار کراون ئاوەکانی یۆنان بە جێ بهێڵن. لەم ژماریەش لانیکەم نۆ کۆچبەریان بە ئەنقەست فڕێ دراونەتە ناو دریا و لێگەڕاون بخنکێن. 

 

درێژەی ڕاپۆرت...

شایەتحاڵەکان چی دەڵێن؟
شایەتحاڵێک کە خەڵکی کامیرۆنە، بە "بی بی سی" گوتووە دیسێمبەری 2021 کاتێک گەیشتوونەتە کەناراوەکانی دوورگەی 'ساموس'، بەر لەوەی لە بەلەمەکەیان دابەزن، پۆلیسی یۆنان گەیشتووەتە سەریان. یەکێک لە کۆچبەرەکانیان، کە ئەویش خەڵکی کامیرۆن بووە، فڕێ داوەتە ناو ئاو و بە دیاریەوە وەستاون تا خنکاوە. دواتر ئەوانی دیکەشیان هەر وا فڕێ داونەتە ناو ئاو.


 شایەتحاڵەکە توانیویەتی بە مەلەکردن خۆی بگەیێنێتەوە بە کەناراوەکان؛ بەڵام ئەوانی دیکە لە ئاوەکاندا خنکاون. دواتر تەرمی دوو کەسیان، کە یەکێکیان خەڵکی ساحل عاج بووە، بە ناوەکانی 'سیدی کیتا' و 'دیدیە مارشال کوامو نانا' لە کەناراوەکانی تورکیا دۆزراونەتەوە. ئێستا پارێزەرانی کەسوکاری قوربانیان دۆسیەیان لە دژی بەرپرسانی یۆنانی کردووەتەوە. 


یەکێکی دیکە لە شایەتحاڵەکان کۆچبەرێکی خەڵکی سۆماڵە دەڵێت مانگی ئاداری 2021 سوپای یۆنان ئەویان لە دوورگەی 'کیوس' دەستگیر کردووە و ڕادەستی هێزەکانی پاراستنی کەناراوەکانیان کردووە. ئەوان دەستیان لە پشتەوە بەستووە و فڕێیان داونەتە ناو دەریا. ئەم توانیویەتی بە پشتە مەلە بڕوات و دواتر دەستی بکاتەوە و شەپۆلەکان گەیاندوویانەتە کەناراوەکانی تورکیا، لەوێ پۆلیسی تورکیا دەستگیریان کردووە، بەڵام سێ هاوڕێی لە ڕووداوەکەدا خنکاون.


شایەتحاڵێکی دیکە ناوی محەممەدە و خەڵکی سووریایە، دەڵێت مانگی ئەیلوولی 2022 ماتۆڕی بەلەمەکەیان کە 85 کەسی هەڵگرتبوو لە نزیک دوورگەی 'ڕودز'ی یۆنان لە کار کەوت. کۆچبەرەکان پەیوەندییان کردووە بە هێزە یۆنانییەکانەوە و داوای یارمەتییان لێکردوون. ئەوانیش کۆچبەرەکانیان خستووەتە سەر بەلەمی ڕزگارکردن و خستوونیانەتەوە ناو دەریا. محەممەد دەڵێت هەر لە چوونە ناو دەریا سەری دەرچەی هەوای بەلەمەکە نەبەسترا بوو، بۆیە هەواکەی خاڵی بووەوە و وردە وردە نوقم بوو، هەمووان هاواریان دەکرد، بەڵام کەس بە دەمیانەوە نەدەچوو. یەکەم منداڵ کە خنکا منداڵی کوڕە مامی من بوو، دواتر یەک لە دوای یەک منداڵەکان مردن، دواتریش کوڕە مامەکەم دیار نەما، تا بەیانی حەوت یان هەشت منداڵ مردن، منداڵەکانی من تا بەیانی زیندوو بوون، بەڵام بەر لەوەی هێزەکانی تورکیا بگەن، ئەوانەی منیش مردن. 


بەڵگەی ڤیدیۆیی
سەرەتا هێزەکانی پاراستنی کەناراوەکانی یۆنان تۆمەتەکانیان ڕەتکردوونەتەوە، بەڵام بی بی سی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەستکەوتووە کە تیایدا هێزەکانی یۆنان 12 کۆچبەر لە بەلەمێکی هێزەکان دادەبەزێنن و دەیانخەنە ناو بەلەمێکی بچووکەوە و لە دەریا بەرەڵایان دەکەن. گرتە ڤیدیۆییەکە نیشانی دیمیتریس بالتاکوس، بەرپرسی پێشووی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هێزەکانی پاراستنی کەناراوەکانی یۆنان، دەدرێت. ئەو نکۆڵی لەوە کردووە کە هێزەکانی یۆنان ئەو کارەیان ئەنجام دابێت. بەڵام لە کاتی پشوودا، مایکرۆفۆنەکە نەکوژێنراوەتەوە و دەنگی ئەو تۆمار بووە کە بە زمانی یۆنانی بە کەسێکی دیکە دەڵێت: "شتی زۆرم پێ نەگووتن، وایە!؟ بەڵام شتەکە زۆر ڕوونە، ڕوون نییە!؟ خۆ ئەمە فیزیای ئەتۆمی نییە. نازانم بۆ چی ئەم کارەیان بە ڕۆژی ڕووناک کردووە. ئەم کارە بە ڕوونی نایاساییە. ئەمە تاوانێکی نێودەوڵەتییە". 


یاساکانی یۆنان چی دەڵێن و چۆن جێبەجێ دەکرێن؟
 بە گوێرەی یاساکانی یۆنان کۆچبەران مافی خۆیانە لە دوورگەکان ناوی خۆیان وەک کۆچبەر تۆمار بکەن، بەڵام بەر لەوەی کۆچبەرەکان خۆیان بگەیێننە ناوەندەکانی خۆتۆمارکردن هێزەکانی یۆنان دەستگیریان دەکەن و بۆ ناو دەریایان دەگەڕێننەوە. یەکێک لە ئەندامانی ‌هێزە تایبەتەکانی یۆنان ئەوەی گوتووە کە بە گوێری فەرمانی خودی وەزیر دەبێت کۆچبەران بگەڕێنینەوە، ئەگەر وا نەکەین سزا دەدرێین. 


یاسا چی دەڵێت؟
چەندین ساڵە یۆنان بەوە تۆمەتبارە کە بە پێچەوانەی یاسای یەکێتیی ئەوروپا و یاسای نێودەوڵەتییەوە مافی کۆچبەری ڕەچاو ناکرێت و کۆچبەران بە زۆر بۆ تورکیا دەگەڕێنێتەوە کە لێوەی هاتوون. هێزەکانی یۆنان زۆر جار بە جلوبەرگی کەسانی ئاسایی و بە داپۆشینی دەموچاویان و بە ئۆتۆموبێلی بێژمارە ئەم کارانە دەکەن. ئەوان دەیانەوێت ئەم کارانەیان بە نهێنی بمێنێتەوە. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان