چیرۆكی ئەو نەخۆشخانەیەی ڕەخنەی تووشی ئیسرائیل كردووە

شەیری بکە لە:
چیرۆكی ئەو نەخۆشخانەیەی ڕەخنەی تووشی ئیسرائیل كردووە

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

لە حەوتی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە ئیسرائیل نزیكەی چوار هەزار كەسی لە كەرتی غەززە دەستگیر كردووە، لەو ژمارەیە تاكو ئێستا هەزار و 500 كەسیان ئازاد كراون. ژمارەیەك لەو دەستگیركراوانە لە نەخۆشخانەی بنكەیەكی سەربازیی ئیسرائیل لە بیابانێك گل دراونەتەوە كە لە دۆخێكی مرۆیی تراژیدیدایە.


وێنە گەورەكە: ڕێكخراوە مرۆییەكان ڕەخنە لە مامەڵەی ئیسرائیل لەگەڵ دەستگیركراوەكان دەگرن و ئەو وێنانەی كە بڵاو بوونەتەوە ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوەكان نیشان دەدەن. هاوكات، ئەوانەی كە پێویستییان بە چارەسەری پزیشكییە، لە خراپترین دۆخدا چارسەر وەردەگرن. 


درێژەی ڕاپۆرت...


دۆخی نەخۆشخانە گەڕۆكەكە 
نەخۆشخانەكە لەناو زیندانی بنكەی سەربازیی 'سدێ تەیمان'ـە لە نزیك شاری بیرشەبا لە بیابانەكانی نەقەب لە باشووری ئیسرائیل. بە گوتەی ئەو كەسانەی كە وەك پزیشك لەوێ كاریان كردووە، نەخۆشەكان بە دەست و چاوبەستراوی لەسەر قەرەوێڵەكانیان لەناو چادرێكی سپی لە بیابان پاڵكەوتوون. بەبێ دەرمانی ئازارشكێنی پێویست نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام دەدرێت.
 ئیسرائیل دەڵێت "تەنیا میلیشیاكانیان دەستگیر كردوون و ئەوانەی كە چەكدار نەبوون ڕەوانەی غەززە كراونەتەوە". بەڵام پزیشكەكان گوتویانە زۆر كەسیان چارەسەر كردوون كە چەكدار نەبوون. 


پزیشكەكان كێن؟
لە ناو نەخۆشخانەكە ژمارەیەك پزیشك كار دەكەن. سێ كەسیان قسەیان بۆ ئاژانسی ئەی پی كردووە. دوانیان لە ترسی سزادانیان لەلایەن حكومەتی ئیسرائیلەوە ئامادە نەبوون ناوی خۆیان ئاشكرا بكەن. بەڵام یەكێكیان ئامادە بووە. ئەو ناوی 'دكتۆر یۆئیكل دۆنچین'ـە. پزیشكی تایبەتی بێهۆشكردنە. لە سەرەتای كردنەوەی نەخۆشخانەكەوە لەوێ كار دەكات. ئەویش گلەیی خۆی هەیە و دەڵێت "لەبەر ئەو كارەی دەیكەین بە هەموو شێوەیەك سەركۆنە دەكرێین؛ لەلایەكەوە لەبەر بابەتە ئەخلاقییەكان بەوەی كە مامەڵەمان لەگەڵ نەخۆشەكان شایستە نییە، لەلایەكی دیكەشەوە كەسانێك هەن سەركۆنەمان دەكەن لەبەرئەوەی ئێمە ئەو تیرۆریستە تاوانكارانە چارەسەر دەكەین". 
دۆنچین كە تاڕادەیەكی زۆر بەرگری لە بنكە سەربازییەكە و نەخۆشخانەكە دەكات و تۆمەتی مامەڵەی خراپ ڕەتدەكاتەوە، بەڵام ئەوەشی گوتووە "منیش ڕەخنەم هەیە وەك ئەوەی زۆربەی نەخۆشەكان دەست و قاچیان كۆتوبەند كراوە و چاوەكانیان بەستراوەتەوە، دایبییان پێوەیە و ڕێگەیان پێنادرێت دەستشۆرەكان بەكاربهێنن". بەرپرسانی شوێنەكە دەڵێن "ئەمە لەبەر هۆكاری ئەمنییە، بەڵام من نازانم ئەوە چ پەیوەندییەكی بە هۆكاری ئەمنییەوە هەیە". وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل لە یاداشتێكی مانگی كانوونی یەكەمدا ئەمەی پشتڕاست كردووەتەوە. 


سەربازێك زانیاریی دەدات
سەربازێكی ناو بنكەكە گوتویەتی "لە نەخۆشخانەكە بە بێ بەنجكردن نەشتەرگەرییان بۆ قاچی نەخۆشێكی بەتەمەن كردووە، بینیم كە نەخۆشەكە چۆن هاواری كرد و دەلەرزی". ئەوەشی گوتوە "زۆرجار برینی نەخۆشەكان لەبەر ئەوەی چاودێری ناكرێن تووشی هەوكردن دەبوون". 
بەرپرسانی نەخۆشخانەكە دەڵێن لەبەرئەوەی نەخۆشخانەكە لە ژێر فەرمانی هێزە پزیشكییە سەربازییەكاندایە، بۆیە ناچێتە ژێر باری یاسای مافەكانی نەخۆشی ئیسرائیلی. هاوكات سوپای ئیسرائیل ئاشكرای كردووە كە لە حەوتی ئۆكتۆبەرەوە 36 كەسی دەستگیركراوی خەڵكی غەززە لە ناوەندەكانی دەستبەسەكردنی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە. 


گوشارەكان بۆ داخستنی سدێ تەیمان
ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی و جیهان، ڕەخنەی تووندیان لە دۆخی نەخۆشخانەكە گرتووە و گوتوویانە "بووەتە شوێنێك بۆ ئەشكەنجەدانی دەستبەسەركراوان بەبێ ئەوەی بەرپرسانی ئەوێ هیچ بەرپرسیارێتییەكی ئەوتۆ لە ئەستۆ بگرن". ڕێكخراوەكان گوشاریان لە سەر حكومەتی ئیسرائیل درووست كردووە تا نەخۆشخانەكە دابخات و نەخۆشەكان بۆ شوێنی دیكە بگوازێتەوە. 

سوپای ئەمریكا ڕایگەیاند "لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی ناوەندەكانی دەستبەسەركردن لە ئیسرائیل، بەڵام ڕوون نییە كە ئایا ئەو لیژنەیە نەخۆشخانەكەش دەگرێتەوە یان نا". هاوكات، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا دادگای باڵای ئیسرائیل گوێ لە قسەكانی گروپەكانی مافی مرۆڤ بگرێت.
سوپای ئیسرائیل ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە كە مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ دەستگیركراوەكاندا كرابێت و دەڵێت "چارەسەری پزیشكیی گونجاو پێشكەشی ئەوانە كراوە كە پێویستییان پێی بووە". بەڵام ڕێگەی بە ڕۆژنامەنووسان و كۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور نەداوە بچنە ناو دامەزراوەكانی سدێ تەیمان.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان