پیاوە متمانەپێکراوەکەی خامنەیی بەربژێرە بۆ سەرۆککۆماری ئێران

شەیری بکە لە:
پیاوە متمانەپێکراوەکەی خامنەیی بەربژێرە بۆ سەرۆککۆماری ئێران

حەقانیان و خامنەیی

ئاڤا نیوز


وەحید حەقانیان نزیکەکەی عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئێران و یەکێک لەو ناوانەی لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە، بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئێران.


وێنە گەورەکە: دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، بە هۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لە ڕۆژی 19-5-2024، بڕیار لە سەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ڕۆژی 28ـی حوزەیرانی ئەمساڵ درا.


لێدوانی فەرمی: وەحید حەقانیان دوای تۆمارکردنی ناوی خۆی بۆ بەبژێربوون بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند:"خۆبەربژێرکردنم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بڕیاری خۆم بوو".


درێژەی ڕاپۆرت....


وەحید حەقانیان کێیە؟
وەحید حەقانیان لە ساڵی 1962 لە تاران لەدایکبووە، ناوبراو لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری ئەسفەهانە و بە “حاج وەحید” یان “سەردار وەحید” ناسراوە، یەکێک بووە لە فەرماندە کۆنەکانی ئێران لە دوای شۆڕش و فەرماندەی "ساروڵڵا" بووە لە ساڵانی هەشتاکان.

لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە حیزبی "جمهوری ئیسلامی" چالاک بووە و ماوەی 45 ساڵە لە سەرۆکایەتیی کۆمار و نووسینگە خامنەیی کار دەکات. 
وەحید حەقانیان لە شەڕی ئێران و عێراقدا بەشداربووە و لە ساڵی 1987 لە کاتی ئۆپەراسیۆنی "بەیت ئەلمەمقدیسی سێیەم"دا لە سک و قاچیدا بە سەختی بریندار بووە و تا ئێستاش کاتێک بە پێ دەڕوات پێوەی دیارە.


ئەو پۆستانەی وەریگرتووە
ئەندامی سوپای پاسداران و ئەندامی تیمی کاری کۆمیتەکانی شوڕشی ئیسلامی ئێران بووە لە نێوان ساڵانی (1979بۆ 1984).
سەرکردەی "دەورییەی ساروڵلا" لە سوپای پاسادارانی ئێرانی (1985بۆ 1987).
سەرۆکی یەکەی ئیتیلاعاتی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران(مێژووەکەی بە دیاریکراوی دیارنییە).
ئەندامی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران (1988بۆ 1992).
یاریدەدەری جێگری سیاسی  وئەمنیی ماڵی خامنەیی (1992بۆ2000).
جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری ماڵی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران (2001 تائێستا).
ڕۆڵی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2009 هەبووە.
وەحید حەقانیان، وەک جێگری تایبەتی فەرماندە و ڕێبەر، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بەرپرسیار بوو لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2009.

 

چی لەبارەوە دەگوترێت؟
 محەممەد حسێن تورکمان، ئەندامی پێشووی پاسەوانانی پاراستنی خامنەیی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "دەنگی ئەمریکا" سەبارەت بە ڕۆڵی وەحید حەقانیان لە سەرکردایەتیکردنی لیوای "ساروڵڵا” لە پێکدادانی لەگەڵ خۆپیشاندەران دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009 گوتی: "دوای پێکهێنانی لیوای ساروڵڵا لە لایەن محەممەد جەعفەری فەرماندەی فەیلەق، وەحید حەقانیان وەک یەکێک لە فەرماندە سەرەکییەکانی ئەم لیوایە ماوەتەوە".


حەقانیان لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە
حەقانیان هاوشێوەی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو ئیبراهیم ڕەئیسی، کە هەوڵی جێنشینی دەدات، لە ساڵی 2019ەوە بە هۆی "ڕۆڵی لە بەهێزکردنی سەرکوتی ناوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران" کەوتووەتە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان