وەزارەتی ئەوقاف 'ناوەندی بانگبێژان' لە مزگەوتی سەواف دروست دەکات

شەیری بکە لە:
وەزارەتی ئەوقاف 'ناوەندی بانگبێژان' لە مزگەوتی سەواف دروست دەکات

سکووپی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

وەزارەتی ئەوقاف لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی تاقیکارییەوە، بانگدان یەک دەخاتەوە و ئاڤا نیوز هەنگاوەکانی کاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاشکرا دەکات کە "ڕێکخستنەوەی بانگدان"ـی پێوە زیاد کراوە.

 

بۆچی گرنگە: لە هەرێمی کوردستان نزیکەی شەش هەزار مزگەوت هەن کە زۆربەیان بە پێی ماستەرپلانی گەڕەکەکان دانەنراون، ئەمەش وای کردووە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەوڵی ڕێکخستنەوەی بانگدان و کردنەوەی ناوەندێک بۆ بانگبێژان بدات.

 

وێنە گەورەکە: لە هەرێمی کوردستان بانگدان یەک دەخرێتەوە و وەزارەتی ئەوقاف، 'بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوە و ئیرشاد' دەگۆڕێت بۆ 'بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوە و ڕێکخستنی بانگدان' تاوەکو "کۆنتڕۆڵی فەوزا لە نێو مزگەوتەکان" بکرێ و هەنگاوی یەکەمیش 300 مزگەوت لە هەولێر، بانگدانیان تێدا ڕێک دەخرێتەوە.

 

شێوازی جێبەجێکردن: ناوەندێک لەنێو پارێزگای هەولێر لە مزگەوتی سەواف دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بانگبێژە دەنگخۆشەکان لەوێوە و لە کاتی هەر پێنج فەرزی نوێژ، بانگ بدەن. دواتر بانگدانەکە لە ڕێگەی فریکوێنسییەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ مزگەوتەکانی دەیکە لە نێو شار لە هەمان کات و بە یەک دەنگی خۆش.

 

زانیاریی تایبەت: ئاڤا نیوز زانیویەتی دوای ئەوەی ئەزموونکردنی ڕێکخستنەوەی بانگەکە سەرکەوتوو بوو، هاوشێوەی هەولێر ناوەندی بانگدان لە دهۆک و سلێمانیش دەکرێتەوە و ناوەندەکانیش لەلایەن 'بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوە و ڕێکخستنی بانگدان'ـەوە بەڕێوە دەبرێن.

 

چارەسەرەکان: وەزارەتی ئەوقاف ساڵێک لەمەوبەر تەندەرینگی بۆ "ڕێکخستنەوەی بانگدان" لە نێوان شەش کۆمپانیادا ئەنجام دا و دوای دەرچوونی بۆ کۆمپانیایەکی خۆماڵی، جێبەجێکردنەکەی بۆ ئەمساڵ دواخست تا بە گفتوگۆکردن لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و لیژنەی فەتوا، پڕۆژەکە بە بنەما شەرعییەکان ببەستێتەوە و "هیچ خیلافێک لەگەڵ شەرع دروست نەبێت".

 

ئەوەی لەبارەوە دەگوترێت: سەید ئەحمەد پێنجوێنی پێشنوێژ و گوتاربێژ، بە ئاڤا نیوزی گوت: ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بۆ ڕێکخستن و نەهێشتنی دەنگی ناخۆش و فەوزا و پاشوپێشی بانگدان بێت، ئەوا کارێکی باشە. لە شەرعدا ئەو کەسەی بانگ دەدات، دەبێت وەک قورئانخوێن دەنگی خۆش بێت".

 

لە لایەکی دیکەوە: حاجی کاروانی بانگخواز گوتی: لەبەر نەبوونی بانگبێژی دەنگخۆش، بوونی ئەم سیستەمە زۆر زۆر پێویستە.

شەیری بکە لە: