ڕێگاچارەی گرفتی مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی فەرمانبەران ئاشكرا دەكرێت

شەیری بکە لە:

ڕێگاچارەی گرفتی مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی فەرمانبەران ئاشكرا دەكرێت، گرافیک: ئاڤا

ئاڤا نیوز

 

وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیێنێت كە بۆ ئەمساڵ ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بودجە تەرخان كرابوو تەواو بووە، بەمەش گرفت بۆ مووچەی مانگەكانی 11 و 12 دێتە پێشەوە.

 

لێدوانی فەرمی: ڤیان سەبڕی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: چوار تریلیۆن دینارمان لای عێراق ماوە لەكۆی ئەو بودجەیەی كە بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، بەڵام ئەو چوار تریلیۆنە تایبەتە بە وەبەرهێنان و بەپێی یاسای بودجە، وەزیری دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی گۆڕینی بودجەی وەبەرهێنانی بۆ بودجەی کارپێکراو هەیە و چارەسەری گرفتەكە تەنیا یەك بڕیاری دەوێت.

 

زانیاریی زیاتر: بەپێی ماددەی پێنج لە یاسای بودجە، وەزیری دارایی دەسەڵاتی هەیە كە ئەو گواستنەوەی پارە لە وەبەرهێنانەوە بۆ کارپێکراو بكات، هاوكات بەپێی ماددەی 60 لە هەمان یاسا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش بە دەنگدان دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەو گواستنەوەیە بدات.


لەلایەكی دیكەوە: سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند: گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچە بەردەوامە و داواكاریی ئێمە ئەو گواستنەوەیەیە، پێویستە وەك چۆن فەرمانبەرانی پارێزگاكانی عێراق کە مووچەی هەر 12 مانگەكەیان بۆ تەرخان كراوە ئاواش بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش تەرخان بكرێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بودجەی ساڵی 2024ی عێراق 211 تریلیۆنە، لەو ژمارەیە 13 تریلیۆن بە بودجەی کارپێکراو و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە، عێراق ئەمساڵ نزیكەی 150 تریلیۆنی خەرج كردووە، لەسەر ئەو بنەمایە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، دەبێت بودجەی هەرێمی كوردستانیش كەم بكرێتەوە بۆ 9 تریلیۆن دینار بەهۆی ئەوەی لە یاسای بودجەدا ئاماژەی ئینفاقی فیعلی  'خەرجی ڕاستەقینە' دراوە، واتا بودجەی هەرێمی كوردستان بەپێی خەرجیی ڕاستەقینەی ساڵانەی عێراق دەدرێت، هەربۆیە داواكاریی شاندی هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش ئەوەیە كە بڕگەی خەرجیی ڕاستەقینە لە یاسای بودجەدا نەمێنێت.

 

ئەوەش بزانە: لە ڕۆژانی ڕابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجكردنی بڕی 760 ملیار دیناری بۆ هەریەك لە مانگەكانی 10 و 11 و 12ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دا، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق ڕژدە لەسەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستان هیچ بڕە پارەیەكی لە بەشە بودجەی ئەمساڵ نەماوە.

 

گۆشەیەكی دیكە:  دوێنێ پێنجشەممە 28-11-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 760 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 10 داوە و ڕۆژی یەکشەممە 1ـی12 دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ