ئەمڕۆ لیستی مووچەی فەرمانبەران بڵاودەكرێتەوە

شەیری بکە لە:
ئەمڕۆ لیستی مووچەی فەرمانبەران بڵاودەكرێتەوە

ئاڤا دیجیتاڵ


بە گوتەی سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ 618 ملیارەكە لە بەغداوە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان ، بە گوتەی سەرچاوەیەكیش ئەمڕۆ لیستی مووچە ڕادەگەیێنرێت.


بۆچی گرنگە: بە گەیشتنی 618 ملیار دینارەكە لە بەغداوە بۆ هەولێر، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران دەكات.


لێدوانی فەرمی: ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بە ئاڤا میدیای گوت "618 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان".


لەلایەكی دیكەوە: بە گوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بۆ ئاڤا میدیا ، "ئەمڕۆ لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی یەك بڵاودەكرێتەوە ، بەڵام هێشتا دیار نییە لە سبەی یاخوود شەممەوە دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت".


دوێنێ چوارشەممە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن گوتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئەوەی لە توانایدا بووبێت كردوویەتی و پابەندییەكانیان بەرامبەر بەغدا جێبەجێ كردووە".


گوتیشی " هەموو بیانووەكانی حكومەتی عێراقمان بڕیوە و چاوەڕوانین لە سبەیەوە ئەو پارەیەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی داوە بخرێتە سەر هەژماری حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەست بە دابەشكردنی مووچە بكەین". 


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمە لەكاتێكدا بوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە داوای 875 ملیار دیناری مانگانەی لە بەغدا كردبوو، تاوەكو یاسای بودجە هەموار دەكرێتەوە، ئەگەر بەغدا ئەو بڕە پارەیەش بنێرێت، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 300 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بخاتە سەر و مووچەی ئەم مانگەی پێ دابەش بكات.


 پێشینە: لە كۆبوونەوەی ڕۆژی یەكشەممە 14-01-2024 لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024 و بەپێی خەرجی ڕاستەقینە 618 ملیار دینار و 578 ملیۆن و 29 هەزار بۆ مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵ بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.


وێنە گەورەكە: هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە و هیچ  پاساو و بیانوویەك بۆ حكومەتی فیدراڵ نەماوە بۆ دواخستنی هەمواركردنی یاسای بودجە و بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتیی خۆی لەبەرامبەر دابینكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان هەروەك لە دەستووردا جێگیر كراوە.
 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: