ئەمریکا 10 درۆنی حووسییەکان تێکدەشکێنێت

شەیری بکە لە:
ئەمریکا 10 درۆنی حووسییەکان تێکدەشکێنێت

چەند چەكدارێكی حووسییەكان

ئاڤا دیجیتاڵ


سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند "هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر 10 درۆنی هێرشبەر و بنکەیەکی کۆنترۆڵکردنی زەمینیی حووسییەکان، کە ئێران پشتیوانییان دەکات".


چیرۆکی سەرەکی: فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا مووشەکێکی هاوێژراوی دژەکەشتیی حووسییەکانی تێکشکاند، دواتریش سێ درۆنی ئێرانیی تێکشکاند.


لێدوانی فەرمی: "بەیانیی ئەمڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە، هێزەکانی ئەمریکا بنکەیەکی کۆنترۆڵکردنی زەمینیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانیان بە ئامانج گرت، کە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی ناوچەکە دروست کردبوو" فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا ئەمەی ڕاگەیاندووە.


بەپێی ڕاگەیێنراوی فەرماندەی ناوەندیی ئەمریكا "کەشتیی مووشەکبەزێنی کارنی مووشەکێکی دوورهاوێژی دژەکەشتیی حووسییەکانی تێکشکاندووە ، کەمتر لە کاتژمێرێک دواتریش سێ درۆنی ئێرانیی خستووەتە خوارەوە "، بەڵام فەرماندەی ناوەندیی ئەمریكا ئەوەی دیاری نەکردووە کە ئایا ئەو درۆنانەی مووشەکبەزێنەکە تەقاندوونیەتیەوە  درۆنی هێرشکردن بوون یان سیخوڕی.


مەترسییە پێشبینیکراوەکان: گەرچی ئەمریکا لەم چەند هەفتەیەدا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر حووسییەکان و ئەو چەکدارانەی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئێران پشتیوانییان دەکات، بەڵام هەم چەکدارەکان و هەم ئێرانیش هەوڵ دەدەن خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بە دوور بگرن، بەڵام لەوانەیە خستنەخوارەوەی سێ درۆنی ئێرانی گرژییەکان زیاتر بکات.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: وێڕای هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان، هێشتا هێرشەکانی حووسییەکان بەردەوامن ، دوێنێ چوارشەممە هێزەکانی ئەمریکا مووشەکێکی زەمینیی حووسییەکانیان تەقاندەوە، کە فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا لە بارەیەوە ڕایگەیاند "هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر فڕۆکەکانی ئەمریکا دروست کردبوو"  بەڵام نە جۆری فڕۆکەکانی دیاری کرد کە هەڕەشەیان لەسەر دروست بووە، نە شوێنی هێرشەکەی دیاری کرد، بەڵکو تەنها گوتی " لەو ناوچانەدا ڕووی داوە کە لەژێر دەسەڵاتی حووسییەکاندان".


حووسییەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند "کەشتییەکی بازرگانیی ئەمریکییان بە هەندێک مووشەکی  دەریایی  بە ئامانج گرتووە" . گوایە کەشتییەکە بەرەو ئیسرائیل چووە و مووشەکەکان ڕاستەوخۆ لە کەشتییەکەیان داوە.


کۆمپانیای ڕێکخستنی دەریاوانیی بەریتانی (ئەمبرەی) ڕایگەیاند " کەشتییەکی بازرگانی بە مووشەکێک لە باشووری ڕۆژئاوای کەنداوی عەدەن بە ئامانج گیراوە، کەشتییەکەش ئاگاداریی ناردووە کە تووشی تەقینەوە بووە". بەڵام شوناسی کەشتییەکەی دیاری نەکردووە.


پێشتریش حووسییەکان ئەوەیان ڕاگەیاندبوو " چەندین مووشەکیان گرتووەتە مووشەکبەزێنێکی ئەمریکی بە ناوی گرەیڤلی". کە دواتر فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند کەشتییە سەربازییەکە مووشەکێکی دژەکەشتیی تێکشکاندووە، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانەوە بەرەو دەریای سوور هاوێژراوە.


ئەو مانایەی دەیگەیێنێت: هەندێک لەم هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر مووشەک و درۆنە حووسییەکان، کە فەرماندەی ناوەندی دەڵێت "هەڕەشەی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی ناوچەکە دروست کردووە" ئاماژە بە سیخوڕییەکی توندی ئەمریکا دەدات لەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان، کە وا دیارە پێگەی فڕۆکەی سەربازیش دەگرێتەوە.


باکگراوند: دوای سەرهەڵدانی جەنگی حەماس ئیسرائیل، حووسییەکان دەستیان کرد بە مووشەکبارانکردنی کەشتییەکانی نێو دەریای سوور،  هۆكارەكەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە لە پشتیوانیی غەززەدا و لە دژی ئیسرائیل ئەو کەشتییانە دەپێکن کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، هەرچەندە ئەمریکا چەندین جار ئاگاداری کردبوونەوە دەست لەم کارە هەڵبگرن، بەڵام ئاگادارکردنەوەکان بێبەر بوون، بۆیە لە هەفتەکانی ڕابردوودا بەریتانیا و ئەمریکا مووشەکبارانیان کردن، پاشان حووسییەکان ڕایانگەیاند بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیاش بۆیان بوونەتە ئامانجی ڕەوا.


واشنتن هەوڵی ڕێگەچارەی دیپلۆماسی و فشاری ئابووریی دەدات بۆ سەر حووسییەکان،  لە هەفتەکانی ڕابردووشدا سەرلەنوێ حووسییەکانی خستەوە نێو لیستی تیرۆر.


لە ماوەی ڕابردوودا واشنتن زنجیرەیەک هێرشی تاکلایەنەی كردووەتە سەر حووسییەکان ، بەڵام حووسییەکان دووپاتیان کردووەتەوە کە وەڵامی هەموو هێرشێک دەدەنەوە بۆ سەر یەمەن  تا شەڕی ئیسرائیل حەماس نەوەستێت هەر بەردەوام دەبن لە ڕێگریکردن لە "کەشتییە ئیسرائیلییەکان" لە پەڕینەوە بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا.


ئەمریکا هێزێکی دەریایی فرەنەتەوەیی پێکهێناوە بۆ پاراستنی کەشتییەکانی نێو دەریای سوور لە هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان بۆ سەر ئەم تێپەڕگەیە، کە بە نزیکی 12٪ی بازرگانیی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان