بەریتانیا ئاسایشی دەریای سوور لەئەستۆ دەگرێت

شەیری بکە لە:
بەریتانیا ئاسایشی دەریای سوور لەئەستۆ دەگرێت

ئاڤا دیجیتاڵ

بەریتانیا كەشتییەكی جەنگیی فڕۆكەهەڵگر رەوانەی دەریای سوور دەکات و پاراستنی ئاسایشی دەریاکە لەئەستۆ دەگرتێت، ئەمریکاش تەنها چاودێری دەکات.

وێنە گەورەکە: لەدوای پێكدادانەكانی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەزە، حوسییەكان چەندینجار لە دەریای سوور هێرشیان كردووەتە سەر كەشتییە بارهەڵگرەكان، ئەمەش ئەمریكا و بەریتانیای توڕەكرد، بەتایبەتی بەریتانیا، چونكە دەریای سوور” بڕبڕەی پشتی” ئابووری بەریتانیا و ئەوروپایە. ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا و بەریتانیا لە كۆبوونەوە و لێكتێگەیشتندان بۆ ئەوەی پاراستنی تەواوەتی ئەمنییەتی دەریای سوور بدرێتە بەریتانیا و، ئەمریكا تەنها چاودێریی دۆخەكە بكات.

ئەوەی ئێستا روودەدات: بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 31-1-2024، بەریتانیا جوڵەی بە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر کرد بۆ دەریای سوور، ئامانج لەم جوڵەیەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی حوسییەکانە. ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر ئەمریكا کەشتی فڕۆکەهەڵگری "دوایت ئایزنهاوەر" لە دەریایی سوور كشاندەوە، هەرچەندە پاراستنی ئاسایشی دەریایی سوور لە ئەستۆی ئەم كەشتیەدا بوو. ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە کەشتییەکە بگەڕێنرێتەوە دەریای سوور و دوای سێ مانگی تر هەموو ئاسایشی دەریاكە رادەستی بەریتانیا بكرێت.

ئەوەی پێشبینی دەكرێت: هەواڵەكان لە دەریای سوور زووزوو دەگۆڕێن، پەتاپەیتا حوسییەكان پەلاماری كەشتییە جەنگی و نەوتییەكان دەدەن، بەریتانیا ئامادەیە بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی پێویست، ئەمریكاش دەڵێت لە هیچ لایەكی قبوڵ ناكەین زیان بە ئابووری ناوچەكە بگەیێنێت.

ئەمەش بزانە: بەریتانیا خاوەنی هێزێكی گەوەری دەریاییە، ناوی هێزەكە هێزی دەریای شاهانەی بەریتانیایە، ئەم هێزە خاوەنی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "شاژنە ئەلیزابێس" و "شازادەی وێڵز"ە. هەر یەکێک لەم كەشتیانە توانایان هەیە زیاتر لە 70 فڕۆكەی جەنگی ئێف 35 و ئێف 16 هەڵبگرن و لە خولەكێكدا فڕۆكەی هێرشبەر ئاراستە بكات.


باکگراوند: لە سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو، حوسییەكان زیاتر لە 60 جار بە مووشەك و درۆن هێرشیان كردووەتە سەر كەشتییە ئابوورییەكانی دەریای سوور، ئەمریكا و بەریتانیا ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان پێكهێنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی حووسیەكان و دوو جار هێرشی مووشەكیان كردە سەر عەمبارەكانی درۆن و موشەك لە یەمەن، تا ئێستاش حوسییەكان هەڕەشە دەكەن و ئەمریكا و بەریتانیاش دەڵێن ڕووبەڕووتان دەبینەوە، دەریای سوور گرنگییەكی ستراتیژی سیاسی و ئابووری هەیە لە جیهاندا، ئاسیا بە ئەفریقاوە دەبەستێتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان