کەنەدا قەدەغەی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا هەڵدەگرێت

شەیری بکە لە:
کەنەدا قەدەغەی هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا هەڵدەگرێت

ئاڤا دیجیتاڵ

حکومەتی کەنەدا بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەی چەک و کەرەستەی سەربازی و جەنگی بۆ تورکیا هەڵدەگرێت. بڕیارەکە دوای ئەوە دێت پەرلەمانی تورکیا بەئەندامبوونی سویدی لە ناتۆدا پەسەند کرد و، ئەمریکاش رەزامەندی دا فڕۆکەی F16 و چەکی پێشکەوتوو بە تورکیا بفرۆشێت. ئەم پێشهاتانەش وڵاتی ئەرمینیایان نیگەران کردووە.

چیرۆکی سەرەکی: دوای ئەوەی پرسی بەئەندامبوونی ناتۆ لە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا و، ئەو بەربەستەی پەیوەندیی نێوان تورکیا و رۆژئاوا نەما، کەنەداش هاتە ریزی ئەمریکا لە دەستکردنەوە بە مامەڵەی بارزگانیی کەرستەی سەربازی، بەوەی بڕیاری دا دەست بە هەناردەکردنەوەی چەک بۆ تورکیا بکاتەوە. 

زانیاری زیاتر: حکومەتی کەنەدا ئاگادارییەکی بۆ هەناردەکارانی وڵاتەکەی ناردووە: لەمەودوا مۆڵەتی هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازی و هەندێک جۆری چەک بۆ تورکیا لە چوار چێوەی یاساکانی مافی مرۆڤ و مۆڵەتی ستانداردی جیهانی دەبێت، پێویستە بەرلەوەی کەرستە سەربازییەکان هەناردەبکرێن، "کەیس بە کەیس لەسەر بنەمای مەترسییەکانی سەر کەنەدا پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت".


شێوازی جێبەجێکردن: کەنەدا لەبارەی بەکارهێنانی چەکەکانەوە، لەسەر هاوردەکارانی تورکیای دەکاتە مەرج دەبێت بەڵێننامەی حکومی پێشکەش بکەن کە بەڕوونی ئاماژە بەوە بکات ئایا تورکیا ئەو کەرەستەیە دووبارە هەناردە دەکاتەوە، یان دەدرێت بە وڵاتێک کە لە ناتۆدا ئەندام نەبێت؟ کەنەدا لە راگرتن یان هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکاندا سەرپشک دەبێت.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە 16 ی نیسانی 202 حکومەتی کەنەدا بڕیاری سنووردارکردنی کۆمپانیا پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی چەکی بۆ سەر تورکیا دەرکرد. بەهۆی ئەو بڕیارەوە، کۆمپانیاکانی کەنەدا لە نێوان 250-300 ملیۆن دۆلاردا زیانیان بەرکەوت.

لەلایەکی دیکەوە: ئەم بڕیارەی کەنەدا نیگەرانیی لای ئەرمینییەکان دروستکردووە، راستەوخۆ دوای دەرچوونی بڕیارەکە، ئەرمینییەکانی کەنەدا ئەم کارەیان سەرکۆنە کرد، چونکە پێشتر تورکیا یارمەتیی ئازەربایجانی دابوو چەکی کەنەدی لە دژی ئەرمینیا بەکاربهێنێت.

لێدوانی فەرمی: "ئەم بڕیارە نیگەرانییەکی زۆری لە نێو کۆمەڵەی ئەرمینی-کەنەدییەکاندا دروستکردووە، چونکە پابەندبوونی کەنەدا بە مافەکانی مرۆڤ و ئاسایشی نێودەوڵەتی و دادپەروەری دەخاتە مەترسییەوە"، کۆمەڵەی ئەرمینییەکانی کەنەدا ئەمەیان راگەیاندووە.

هۆکارە زانراوەکان: حکومەتی کەنەدا گەمارۆی چەکی بەسەر تورکیادا سەپاند بەهۆی ئەوەی لایەنگری ئازەربایجان بوو لە شەڕی نێوان ئەرمینییەکان و سوپای تورکیا لە قەرەباغ. ئەرمینییەکان لە 27 ئەیلولی 2020 لە دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان لە ئازەرباینجان لە بەرامبەر تورکیا وەستانەوە و شەڕەکە ماوەی 44 رۆژ بەردەوام بوو.

دواتر لە 1-10-2020 کەنەدا بەفەرمی گەمارۆی هەناردەکردنی پیشەسازی بەرگری بەسەر تورکیادا سەپاند، بەهۆی ئەوەی تورکیا ئەو کەرستە و فڕۆکە سەربازییانەی لە کەنەدای کڕیبوو بۆ هێرشکردنە سەر ئەرمەنییەکانی ئازەربایجان بەکاری دەهێنا، کە ئەمە "دژی یاساکانی مافی مرۆڤی کەنەدایە".

ئیدارەی ئۆتاوا یەکەم گەمارۆی خۆی لە کاردانەوە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ سەر سووریا لە ساڵی 2019 دەستپێکرد، بەڵام لە مانگی حوزەیرانی 2020 لە ئەنجامی دانوستانە باڵاکانی نێوان لایەنەکان لەم بڕیارە پاشەکشەی کرد.

باکگراوند: تورکیا لە ساڵی 2021 وە واژۆکردنی پرسی بەئەندامبوونی سویدی لە ناتۆ راگرتبوو، بەڵام لە دوای سەردانەکەی بلنکن بۆ تورکیا و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە، مەرجی رازیبوونی پەرلەمانی تورکیا بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، جگە لە فرۆشتنی 40 فڕۆکەی F-16ی سەربازی ئەمریکی بە تورکیا، دووبارە هەناردەکردنەوەی چەکی کەنەدیشی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش وادەکات تورکیا لەڕووی سەربازییەوە بەهێزتر ببێت.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: داواکەی سوید، ئەگەرچی لە پەرلەمان پەسەند کرا، بەڵام هێشتا واژۆی ئەردۆغانی ماوە و وا چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەم لابردنی قەدەغەیەی کەنەدا ئەردۆغانیش واژۆ لەسەر بەئەندامبوونی سوید بکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان