پارێزبەندی ئەمریكا لەسەر پارەی عێراق... چۆن دەستی پێكرد و مانای چییە؟

شەیری بکە لە:
پارێزبەندی ئەمریكا لەسەر پارەی عێراق... چۆن دەستی پێكرد و مانای چییە؟

بانكی ناوەندی عێراق- AFP

ئاڤا نیوز  


زیاتر لە دوو دەیەیە ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا، کار بە جێبەجێکردنی چەندین فەرمانی پەیوەست بە عێراق دەکەن بە ئامانجی پاراستنی سامانەکەی.


بۆچی گرنگە: لە ساڵی 2010، بە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سندووقی گەشەپێدان بۆ عێراق هەڵوەشایەوە، هەروەها کۆتایی بە سەرجەم گەرەنتییە نێودەوڵەتییەکان هێنرا وپارێزبەندی بەخشرایە عێراق لە داوایانەی بۆ قەرەبووکردنەوە درابوو.


ڕاگەیێنراوی فەرمی: "هێشتا ئاستەنگ لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی عێراق و گەڕاندنەوە و پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە وڵات و پەرەپێدانی دامەزراوە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەکان ماوە".


دوو دەیەیە فەرمانێک جێبەجێ دەکرێت


لە 22ی ئایاری 2003، جۆرج بووش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، فەرمانی جێبەجێکردنی دەرکرد بۆ پاراستنی سندووقی گەشەپێدان بۆ عێراق، کە داهاتی فرۆشتنی نەوتی تێدا دانرابوو، بە ئامانجی پاراستنی لە هەر جۆرە لێپێچینەوەیەکی یاسایی.


دوای زیاتر لە دوو دەیە، ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا کار بە جێبەجێکردنی ئەم فەرمانەو فەرمانەکانی دیکەی پەیوەست بە عێراق دەکەن و ئامانجیشتان پاراستنی سامانەکەیەتی.


جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، واژۆی لەسەر مەرسوومی درێژکردنەوەی باری نائاسایی نیشتیمانی پەیوەست بە دۆخی عێراق بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە کرد، وەک لە مەرسوومەکەدا هاتووە: "هێشتا ئاستەنگ لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی عێراق و گەڕاندنەوە و پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە وڵات و پەرەپێدانی دامەزراوە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەکان ماوە".


لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ئاستەنگانە "مەترسییەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دروست دەکەن. بۆیە (جۆ بایدن) بڕیاری داوە پێویستە ئەو باری نائاسایی نیشتمانییە بە فەرمانی جێبەجێکردن 13303 سەبارەت بە سەقامگیری عێراق بەردەوام بێت".


فەرمانی جێبەجێکردن 13303 چییە؟


ئامانج لەو فەرمانە پاراستنی سندووقی گەشەپێدانە بۆ عێراق و هەندێک موڵکی دیکە کە عێراق بەرژەوەندیی تێدا هەیە.


وەک لە دەقی فەرمانەکدا هاتووە: جۆرج بوش، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا پێیوابووە کە مەترسی دەستبەسەرداگرتن یان گرتنەبەری ڕێوشوێنی دادوەریی دیکە لەدژی سندووقی گەشەپێدان بۆ عێراق و نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق و ئەو داهاتانەی لێیەوە سەرچاوەی گرتووە هەیە".


هەروەها لە فەرمانی جێبەجێکردنەکەدا ئەوەش هاتووە کە ئەم دۆخە "مەترسییەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دروست دەکات، هەر بۆیەش باری نائاسایی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم مەترسییە ڕاگەیێنراوە".


هەر لە فەرمانەکەدا هاتووە: هەر دەستبەسەرداگرتن، بڕیارێک، فەرمانێک یان ڕێوشوێنێکی دیکەی دادوەری دژ بە سندووقی گەشەپێدان بۆ عێراق یان نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان عێراق و داهات و پابەندییەکانی پەیوەست بە فرۆشتن یان بەبازاڕکردنیان پووچەڵ دەبێتەوە.


ئەو فەرمانە ڕێگە لە هەموو هاووڵاتییەکی ئەمریکی و نیشتەجێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەروەها هەر قەوارەیەک کە بەپێی یاساکانی ئەمریکا ڕێکخراوە دەگرێت، سکاڵا دژ بە پارەی عێراقی تۆمار بکات.


بەپێی یاسای فریاگوزاری نیشتمانی ئەمریکا، فەرمانی جێبەجێکردن لە ماوەی 90 ڕۆژدا لە ڕێکەوتی نوێکردنەوەی پێشووەوە نوێ ناکرێتەوە، ئەمەش مانای وایە کە فەرمانی جێبەجێکردنەکە پووچەڵ دەبێتەوە.


سندووقی گەشەپێدان بۆ عێراق


سندووقی گەشەپێدان بۆ عێراق لە دوای ساڵی 2003 دامەزرا و پێش ئەوە پارەی فرۆشی نەوتی عێراق دەخرایە سەر حسابێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەی دەبرد لە چوارچێوەی ئەوەی کە بە پرۆگرامی نەوت بۆ خۆراک ناسرابوو.


لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە نەوت بۆ خۆراک دەرچوو، مەرجی فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی عێراقی لە بەرامبەر کڕینی دەرمان و خۆراک لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێندا دانا. کە لە ئەنجامی داگیرکردنی کوێت لە ساڵی 1990 ڕووبەڕووی سزا نێودەوڵەتییەکان کرایەوە.


ئەم دۆخە تاوەکو ساڵی 2003 بەردەوام بوو، کاتێک بڕیارنامەیەکی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایش دەرچوو، بەپێی ئەو بڕیارە زۆربەی سزا ئابوورییەکان هەڵوەشانەوە، بەمەرجێک کێشەکانی پەیوەست بە لەشکرکێشی بۆ سەر کوێت چارەسەر بکرێن، وەک قەرەبووکردنەوە، زیندانییەکان و ئەوانی دیکە.


"کاتێک سزاکان هەڵگیران، کێشەیەک سەریهەڵدا"


عەقیل عەباس، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی عێراقی دەڵێت: "کاتێک سزاکان هەڵگیران، کێشەیەک سەریهەڵدا، ئەویش ئەوبوو بە دەیان و سەدان کۆمپانیا کە بەهۆی لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوێت لە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە زیانیان پێگەیشتبوو، سکاڵای یاساییان لە دژی عێراق تۆمارکرد".


عەباس ئەوەشی بە ماڵپەڕی حوورە گوتووە: "باڵیۆزخانەکانی عێراق لەو کاتەدا ئامادەی دانیشتنەکانی دادگا نەبوون بۆ بەرگریکردن یان کەمکردنەوەی قەرەبووکردنەوەکان، بەمجۆرە دادگاکان بە غیابی بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانەی دەرکرد بە بڕە پارەیەکی زۆر". 


"فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی دادوەری لەسەر سامانی عێراق هەیە تا ئەو کاتەی بڕە پارەی ئەو داوایانەی دادگاکان بڕیاری لەسەر دەدەن، جێبەجێ دەکرێت، ئەوەی عێراقی لەم داوایە یاساییانە ڕزگار کرد، بڕیاری پاراستن بوو کە لە ساڵی 2003 جۆرج بوش سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەریچوواند". عەباس ئەوەشی گوتووە.


ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە سیاسییەی عێراق دەشڵێت: "بەپێی فەرمانی جێبەجێکردنی سەرۆکایەتی، پارەی عێراقی لە سندووقی گەشەپێدان بۆ عێراق پارێزراوە وەک ئەوەی پارەی ئەمریکی بێت".


کاریگەری گەورەی ئەمریکا


لە ساڵی 2010، بە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سندووقی گەشەپێدان بۆ عێراق هەڵوەشایەوە، هەروەها کۆتایی بە سەرجەم گەرەنتییە نێودەوڵەتییەکان هێنرا وپارێزبەندی بەخشرایە عێراق لە داوایانەی بۆ قەرەبووکردنەوە درابوو.


لەشوێنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سندووقە، هەژمارێکی سەر بە بانکی ناوەندی عێراق لە بانکی فیدراڵی ئەمریکا کرایەوە کە سەرجەم داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراقی تێدا دانرا، بەڵام ئەمریکا بەردەوام بوو لە نوێکردنەوەی فەرمانی جێبەجێکردنی سەرۆکایەتی، کە لە ساڵی 2003 دەرچووبوو، ساڵانە بە ئامانجی پاراستنی سامانی عێراق لە هەر جۆرە لێپێچینەوەیەکی دادوەری ئەو فەرمانە نوێدەکرێتەوە.


لە لایەکی دیکەوە، عەقیل عەباس ئاماژە بەوە دەکات بەستنەوەی پرسی پاراستنی سامانی عێراق لە لێپێچینەوە دادوەرییەکان بە ئەمریکا "کاریگەرییەکی گەورە بە واشنتۆن دەبەخشێت بەسەر بەغدادا".


عەباس، ئەوەش دەڵێت: "چارەسەرکردنی قەیرانەکە پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەیە، وەک ئەوەی لەگەڵ یۆنان و ئەرجەنتین ڕوویدا، بۆ نموونە داوای هاوکاری لە کۆمپانیایەکی یاسایی بەناوبانگ بکات و دەسەڵاتی تەواوی پێدەدرێت".


ئەرکی ئەم کۆمپانیایە بریتی دەبێت لە سەرژمێریکردنی وردی ئەو دۆسیانەی کە لە دژی عێراق تۆمارکراون و قەبارەی ئەو بڕە پارانەی کە بڕیارەکانیان تێدا دەرچووە.


پاشان بەو پێیەی عێراق ناتوانێت پەنا بۆ دادگاکان ببات بەهۆی ئەوەی بڕیارەکان کۆتایین، دەتوانرێت ڕێککەوتن لەگەڵ سوودمەندبووان بکرێت.


عەقیل عەباس نموونە بەوە دەهێنێتەوەو و دەڵێت: "دەکرێ ڕێککەوتن لەگەڵ سوودمەندبووان بکرێت بۆ ئەوەی داوا یاساییەکانیان هەڵبوەشێننەوە لە بەرامبەردا 40 بۆ 50٪ پارەیان پێبدرێت"، دەشڵێت "بە ئەگەرێکی زۆرەوە قبووڵی دەکەن چونکە ئەو بڕەی وەریدەگرن باشترە لە چاوەڕوانی و ئەگەری دەستنەکەوتنی هیچ شتێک".


عەقیل عەباس ئاماژە بەوە دەکات "ئەم بابەتە پێویستی بە چەندین ساڵ کارکردن و بڕیارێکی سیاسی یەکگرتوو لە عێراق و پێدانی دەسەڵاتی فراوان بە کۆمپانیاکە هەیە بە مەبەستی دانوستان بەناوی دەوڵەتی عێراقەوە. ئەم بابەتە لە وڵاتێکدا کە بەدەست بیرۆکراسیەوە دەناڵێنێت، نزیکە لە مەحاڵەوە".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: