سەرۆک بارزانی: ئەم پەلامارانە ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێنن

شەیری بکە لە:
سەرۆک بارزانی: ئەم پەلامارانە ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێنن

ئاڤا دیجیتاڵ

 

سەرۆك بارزانی لەدیدارێكدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق ستایشی ڕۆڵی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی كرد ، ڕایگەیاند " هەوڵی جددی داوە بۆ بەدواداچوون و گەیشتن بە ڕاستییەكان و ئەركە دەستوورییەكانی سەرشانی جێبەجێكردووە بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە خەڵكی كوردستان كرا".


چیرۆكە سەرەكییەكە: ڕۆژی چوارشەممە 17-1-2024  لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕومەنسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.


لێدوانی فەرمی: لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق باسی لەوە كرد  ئامانج لە سەردانەكەی بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی و پشتیوانی خۆی و وڵاتەكەیەتی بۆ گەلی كوردستان بەهۆی بۆردومانە بێ پاساوەكانی سووپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان، " ئەو كردەوەیەی بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند ئەم پەلامارانە هیچ بیانویەك هەڵناگرن و ئێمە ئاگاداری ئەوەین كە ئەوانەی بوونەتە قوربانی خەڵكی سڤیلن و ئەو شوێنەی موشەكباران كراوە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكی سڤیل بووە".


لەلایەكی دیكەوە: سەرۆك بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئەمریكای كرد بۆ گەیاندنی هاوسۆزی و هاوخەمی گەل و حكومەتی ئەمریكا،  رایگەیاند  "ئێمە هەمیشە خوازیاری هەبوونی پەیوەندی پتەو و دۆستانەی بەهێزی هەرێمی كوردستان و عێراقین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری خاكی یەكتر و ڕێكەوتنی هاوبەش".


سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەشدا "پەلامارەكانی سووپای پاسداران بێ بنەمابوون و زوڵمێكی گەورە بوو لە هەموو گەلی كوردستان كرا و پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام ئەم جۆرە پەلامارانە ئیڕادەی گەلی كوردستان ناشكێنن، بەڵكو بەهێزتر و پتەوتری دەكەن".
" هەرگیز لەگەڵ ئاژاوە و توندوتیژی و ناسەقامگیری نین و خوازیاری پەیوەندی دۆستانە و بەهێزین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ، بەڵام ناچینە ژێرباری سەپاندنی بڕیاری تاكلایەنانە و خۆسەپاندن، لەو پێناوەشدا دەستبەرداری بەها پیرۆزەكانی گەلەكەمان و دۆزە ڕەواكەی نابین لە ژێر هیچ پەلامار و فشارێكدا" سەرۆك بارزانی وای گوت.


هەنگاوەكانی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و هاتنی لیژنەی دەرخستنی ڕاستییەكان بۆ لێكوڵینەوە لە پەلاماری سووپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر تەوەرێكی دیكەی گفتووگۆكان بوون، سەرۆك بارزانی "ستایشی ڕۆڵی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی كرد ،كە هەوڵی جددی داوە بۆ بەدواداچوون و گەیشتن بە ڕاستییەكان و ئەركە دەستوورییەكانی سەرشانی جێبەجێكردووە بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە خەڵكی كوردستان كرا".


لە كۆتایی دیدارەكەدا بیروڕا لە بارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكان ئاڵوگۆڕكران.


باكگراوند: درەنگانی شەوی دووشەممە 15-1-2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەند مووشەكێكی بالیستی هێرشی كردە سەر هەولێر و چەند ناوچەیەكی مەدەنی كردە ئامانج، بەهۆیەوە پێنج كەس گیانیان لەدەستداو شەش كەسیش برینداربوون.

شەیری بکە لە: