هۆشدارییەک بۆ خەڵکی هەولێر؛ تکایە لە ماڵەکانتان بمێننەوە

شەیری بکە لە:
هۆشدارییەک بۆ خەڵکی هەولێر؛ تکایە لە ماڵەکانتان بمێننەوە

ئاڤا نیوز

بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و هەستکردن بە مەترسیی دروستبوونی لافاو، دانیشتووانی هەولێر ئاگادار دەکرێنەوە تاوەکو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵ نەیەنە دەرەوە.

وێنە گەورەکە: لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێکی بارانبارینی چڕ چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، لە چەند ناوچەیەک بەتایبەت لە دهۆک لافاو دروست بووە و گیانلەدەستدان و زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: بەپێی پێشبینی کەشناسی و شارەزایان، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ لە کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ تاوەکو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە، بارانێكی به‌خوڕ و ته‌زره‌ی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دەبارێت.

ڕاگەیێنراوی فەرمی:  پارێزگای هەولێر هۆشداری بە خەڵک دەدات  بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە، هەروەها نزیکى ڕووبار و ئەو شوێنانەش نەبنەوە کە ئاستی ئاویان بەرز دەبێتەوە. داواش دەکات هەموو ئەو ڕێگا و شوێنانەی پێشتر ئاگادارییان لەبارەوە بڵاوکراوەتەوە، ئوتۆمبێلی لێ ڕانەگرن و بەکاریان نەهێنن.


خاڵە ئەرێنییەکان: سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەولێر لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕوونی کردووەتەوە؛ لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی داڕشتنی پلان و بەرنامە و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە و، گرتنەبەری ڕێگه‌چارەی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو و هۆکارەکانى، تا ئاستێکی زۆر مەترسییەکان کەمبوونەتەوە".

 

شەیری بکە لە: