جیهان هێرشەكەی سەر هەولێر سەركۆنە دەكات

شەیری بکە لە:
جیهان هێرشەكەی سەر هەولێر سەركۆنە دەكات

ئاڤا دیجیتاڵ


دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێكی مووشەكی كردە سەر شاری هەولێر بەبیانووی بوونی "بنكەی هەواڵگریی مۆساد"، بەشێك لە وڵاتان نیگەرانیی خۆیان بۆ ئەو رووداوە دەربڕی و  "بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەكەیان" كرد.


چیرۆكە سەرەكییەكە: كاتژمێر 11:30ـی شەوی ڕابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەكی بالیستیکی هێرشی كردە سەر چەند شوێنێک لە هەولێر، بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و شەشی دیكە برینداربوون، لەنێویاندا پێشڕەو دزەیی،  گەورە بازرگانی شاری هەولێر كە خاوەنی فالكۆن گروپ و ئیمپایەر، لە بۆردوومانەكەدا خۆی و هاوسەرەكەی گیانییان لەدەستدا.


لێدوانە فەرمییەكان: ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند "ئەمریكا بەتوندی سەركۆنەی هێرشە مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەكات، ئەو جۆرە هێرشانە سەقامگیری عێراق تێكدەدەن".

 

 تۆماس سیلە، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە تویتێكدا، هێرشەكانی ئەم دواییانەی ئێران بۆ سەر هەولێر بە  دژی سەروەری عێراق  ناودەبات و دەڵێت "ئەو جۆرە هێرشانە جێگەی نیگەرانییەكی گەورەیە، چونكە دەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیری عێراق".


سیلەرباسی لەوەش كردووە " یەكێتیی ئەوروپا داوای لە لایەنە كاریگەرو چالاكەكانی ناوچەكە كرد، بەوپەڕی دان بەخۆداگرتن و ئارامییەوە كار لەسەر وەستاندنی پەرەسەندنی گرژییەكان بكەن".


ستیفن چارڵز هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق گوتی "بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكەی دوێنێ شەوی ئێران بۆ سەر هەولێر دەكەم، لەم كاتەدا پشتیوانیی خۆم بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتدەكەمەوە".


هەر لەدرێژەی كاردانەوەكاندا باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق ڕایگەیاند:"ئەمە كردەوەیەكی شەرمنانەیە و بەتوندی سەركۆنەی دەكەین".


"بەتوندی سەركۆنەی ئەو كارە دەكەین و سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری قوربانییەكان دەكەین" ئەمەش گوتەی كونسوڵخانەی ئەمریكا بوو لە هەرێمی كوردستان.


هەروەها گوتی "ئەو هێرشانە، گورزن بۆ سەر سەقامگیریی عێراق، پشتیوانی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لە هەوڵەكانیان بۆ هێنانەدی خواستی گەلانی عێراق".


" بەتوندی ئیدانەی هێرشەكەی سەر هەولێر دەكەین و داوا دەكەین سەروەریی خاكی عێراق بپارێزن، پرسە ئاسایشییەكان پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن نەک لە ڕێگەی هێرشەوە" ئەمەش گوتەی یونامی بوو لەبارەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر.


وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەڕاگەیێندراوێكدا ڕایگەیاند "فەرەنسا زۆر بەتووندی سەركۆنەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكات، كە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كراوە، ئەو كارە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراقە و دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەكان".


هاوكات باڵیۆزی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە " ئەوجۆرە كردەوانە، پێشێلكردنی ڕوون و قبوڵنەكراوە و جێگەی نیگەرانیمانەو دەستدرێژییە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی كوردستان، ئەم ڕەفتارانە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە زیاتر دەكات، سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییەكانیش دەكەین".

 

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "بەتوندی هێرشی نابەرپرسیارانەی ئێران بۆ سەر هەولێر سەرکۆنە دەکەین. بیرمان لەلای کەسوکاری قوربانییەکانە".

 

 باڵێۆزخانەی ئیتاڵیا لە عێراق، لە تۆری کۆمەڵایتی " ئێکس"  بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر راگەیاند کە کوژران و برینداربوونی هاووڵاتی سڤیلی لێکەوتەوە.
"ئەو جۆرە هێرشانە مەترسیدارن و دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری ئەمنیی  لە عێراق، لە ماوەی دووساڵی رابردوودا ئیتاڵیا بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت بووە لە پاراستنی ئەو سەقامگیرییە ئەمنییە لە ناوچەکەدا هەیە، هەروەها پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان رادەگەێینین". راگەیێنراوەکە وادەڵێت.

 

زانیاریی زیاتر: بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لیژنەیەكی ئەمنی بە سەركردایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق پێكهێنرا، بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر.


شێوازی جێبەجێكردن:  "لیژنەكە لە هەولێرە و بڕیارە لە 48 كاتژمێردا ئەنجامی سەرجەم لێكۆڵینەوەكانی پێشكەش بە سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عێراق بكات، كاری لیژنەكە خستنەڕووی ڕاستییەكانە بۆ ڕای گشتی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی". ڕاگەیێنراوی فەرمی حكومەتی عێراق ئەمەی ئاشكرا كردووە.  


باكگراوند: لە رۆژی حەوتی ئۆكتۆبەرەوە، دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق و سووریا 169 جار هێرشی مووشەكی و درۆنییان كردووەتە سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا، هەر لەو ماوەیەدا 69 جار  بنكەكانی هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە هەریر و نزیک فڕۆكەخانەی هەولێر كراونەتە ئامانج، ئەمە دووەمجارە سوپای پاسداران بەفەرمی بەرپرسیارێتیی هێرشەكەی لە ئەستۆگرت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ