هۆشدارییەک بۆ حەجخوازان

شەیری بکە لە:
هۆشدارییەک بۆ حەجخوازان

دیمەنێکی مەککە لە سعودیە

ئاڤا نیوز


وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە جەخت لەسەر پێویستی وەرگرتنی ڤیزەی حەج لە ساڵی 2025 دەکاتەوە و هۆشداریش دەدات لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی حەج بەبێ مۆڵەت.

 

وێنە گەورەکە: ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری حەجخواز لە ڕێگەی وەرگرتنی ڤیزای گەشتیاری و ڤیزای یەک ساڵە، توانیان بچنە سعودیە و فەریزەی حەج بەجێبهێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی چاودێری و بەرزیی پلەی گەرما ژمارەیەکیان تەندروستییان تێكچوو و بەشێکیشیان گیانیان لەدەست دا، بەشێک لەوانەش هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان بوون.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە ڕاگەیێنراوەکەدا جەختی لەسەر گرنگی پابەندبوون بە ڕێسا و ڕێنماییەکان کردووەتەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی حاجیان و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ڤیزە بە هەموو جۆرەکانیەوە مافی ئەنجامدانی حەج بە خاوەنەکانیان نادات، جگە لەوانەی خاوەن ڤیزەی حەجن.

 

لە هەمان کاتدا: حەج و عومرەی سعودیە هۆشداری داوە لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج بەبێ مۆڵەت، چونکە ئەمە سەرپێچیکردنی ڕێسا و ڕێنماییەکانی حەجە. هاوکات هۆشداریش دەدات لە کارە ساختەکان کە لە ڕێگەی ڕیکلامی ساختە و چەواشەکارانەی هەڵمەتی حەجەوە لە سۆشیال میدیا پەرەی پێدەدرێت، کە بانگەشەی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و گواستنەوە بۆ حاجیان لەناو شوێنە پیرۆزەکاندا دەکەن.

 

لەلایەکی دیکەوە: بەگوێرەی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، دوایین وادە بۆ ئەوانەی ئێستا لە گەشتی عومرەن و ڤیزای عومرەیان وەرگرتووە، ڕۆژی سێشەممە 29ـی نیسانی 2025ـە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بە گوتەی کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان بۆ ئاڤا، ناوەڕاستی مانگی پێنج یەکەم کاروانی حاجییانی کوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ