200 خێزان لەکەمپی هۆلەوە بۆ عێراق دەگەڕێنرێنەوە

شەیری بکە لە:
200 خێزان لەکەمپی هۆلەوە بۆ عێراق دەگەڕێنرێنەوە

سێ ئافرەت و چەند منداڵێک لە کەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان

ئاڤا نیوز

لەچوارچێوەی گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکانی کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ زێدی خۆیان، ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی نزیکەی 200 خێزان دەکرێت.

چیرۆکی سەرەکی: کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سووریا (خۆسەر) سەرپەرشتی دەکات، نزیکەی 43 هەزار چەکداری پێشوو و ژن و منداڵی ئەندامانی داعش لەو کەمپە کۆکراوەتەوە، 15 هەزاریان عێراقین، بەغداش جەخت لە گەڕانەوەی هەموویان دەکاتەوە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەکی سووری بە میدیای عێراقیی ڕاگەیاند،  بڕیارە سبەی شەممە 29-3-2025، نزیکەی 200 خێزانی عێراقی کە لە 700 کەس پێکهاتوون، کەمپی هۆل بەرەو عێراق بەجێبهێڵن.

زانیاریی زیاتر:  لەو چوارچێوەیەشدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی چەندین پاسی عێراقی بە یاوەری هێزەکانی ئەمریکا، چوونەتە نێو خاکی سووریا ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی ئەو خێزانانە دەکەن سەرەتا لە کەمپی هۆلەوە بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا.

لەلایەکی دیکە: "هەماهەنگی لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی عێراق بەردەوامە تا هەر خێزانێکی عێراقی ئارەزوو بکات، بۆ وڵاتەکەی بگەڕێنرێنەوە".

ئەمەش بزانە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کردووە، تا ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو سێ هەزار و 200 خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ وڵاتەکانیان گەڕاندووەتەوە کە پێکهاتوون لە 12 هەزار و 500 کەس.
 


زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: