کەمال محه‌ممه‌د: لە دیاریكردنی نرخی كارەبای 24 كاتژمێری ڕەچاوی بژێویی خەڵك دەكەین

شەیری بکە لە:
کەمال محه‌ممه‌د: لە دیاریكردنی نرخی كارەبای 24 كاتژمێری ڕەچاوی بژێویی خەڵك دەكەین

ئاڤا نیوز

وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، لە دیاریكردنی نرخی كارەبا ڕەچاوی بژێويی خەڵكی كەمدەرامەت و مامناوەند دەكەین و لە بلۆكی ناوچە هەژارنشینەكان، نرخەكەی لەگەڵ گوزەرانی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت گونجاوە.

چیرۆكی سەرەكی: ئەمڕۆ 25-3-2025، کەمال محه‌ممه‌د، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لەبازنەی گفتوگۆ كرد کە تایبەت بوو بە پرۆژەی ڕووناکی، تێیدا وتارێكى پێشكه‌ش كرد و بەتێروتەسەلی باسی لە دەسكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سێكتەری كارەبادا كرد.

لێدوانی فەرمی: وەزیری كارەبا ڕايگه‌ياند، لە كابینەی نۆیەمدا توانراوە هه‌زار و 840 مێگاوات كارەبای تازە بكەوێتە كار و چەندین وێستگەی كارەبا لەسەرجەم پارێزگاكان دامەزرێندراون.

- وێستگەی 165 مێگاواتی كارەبا، یەكەمین پرۆژەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، بە ڕێگەی گازی بەفیڕۆچووی بیرەنەوتەكان كار دەكات.

- لە ماوەی پێنچ ساڵی كابینەی نۆیەمدا هەر سێ پرۆژەی كارەبای 29 مێگاواتیمان لە گازوایلەوە گۆڕی بۆ گازی سروشتی كە نرخەكەی زۆر هەرزانترە.

- تونراوه‌ زیاتر لە 61 هەزار سەرپێچی و زێدەڕۆیيی سەر تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا ڕابگيرێ.

- پرۆژەی هایدرۆپاوەری 38 مێگاواتی دێرەلۆك بنیات نرا كە یەكەمین پرۆژەی كارۆئاوييه‌، دوای بەنداوی دوكان و دەربەندیخان.

- لە دهۆك وێستگەیەكی 1000 مێگاواتی كە پێشتر هەندێك لەیەكەكانی بە گازوایل كاریان دەكرد، ئێستا گازی سروشتی بۆ دابین كراوه‌ كە دەبێتە هۆكاری ئەوەی بە تەواوی توانای خۆی و بە تێچوونێكی كەمتر كار بكات.

- لەم كابینەیەدا لە سێكتەری گواستنەوە كاری زۆر گەورە کراون، توانیمان پێكەوەگرێدانی تۆڕی كارەبای پاڵەپەستۆی بەرزی ئەم شوێنانە تەواو بكەین (خەبات - بەردەڕەش، هەولێر - دهۆك، بازیان - ڕاپەرین، سەیدسادق - هەڵەبجە، كەلار - وێستگەی ساڵح و شێروان مەزن، گەیاندنی كارەبای نیشتمانی بۆ حاجی ئۆمەران).

- چەندین وێستگەی كارەبا لە پارێزگه‌ی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دامەزرێندران.

- بە داهاتی تەنیا لە 8%ی كرێی كارەبا توانراوه‌ سێ هه‌زار و 500 پرۆژە لە سێكتەری دابەشكردنی كارەبا، بە گوژمەی 235 ملیار دینار ئەنجام بدرێت.

- بەسەركەوتوویی پرۆژەی پێوەری زیرەك جێبەجێ كرا كە بۆ ژێرخانی پرۆژەی ڕووناكيی 24 كاتژمێريی، گرنگی ڕادەبەدەری هەیە.

- 150-160 هەزار هاوبەشی كارەبا لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان لە پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری سوودمەند بوون.

- بۆ ئەمساڵ پرۆژەی ڕووناكی لە تەواوی سەنتەری شارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە تەواو دەكرێت و لە كۆتایيی 2026يش له‌ تەواوی قەزا و ناحیەكان تەواو دەكرێت.

- لە دیاریكردنی نرخی كارەبا ڕەچاوی بارودۆخ و بژێويی خەڵكی كەمدەرامەت و مامناوەند دەكەین و لە بلۆكی یەكەم و دووەم كە پێداویستيی ماڵێكی مامناوەندە نرخەكەی لەگەڵ گوزەرانی هاووڵاتیيانی كەمدەرامەت گونجاوە.

- لە سەرەتای كابینەی نۆیەمدا تەنیا 350 مەق مەق گازی سرووشتیمان هەبوو ئێستا لە كۆرمۆر گەیشتۆتە 520 مەق مەق و لە خۆرمەڵەشدا گەیشتووه‌تە 160 مەق مەق ، واتە 680 مەق مەق گازی سروشتیمان هەیە.

- سێ كۆنتراكتمان بۆ وەبەرهێنان لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە تیشكی خۆر واژۆ كردووە.

شەیری بکە لە: