سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

شەیری بکە لە:
سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

بەربژێرەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

ئاڤا میدیا – ئەلجیبال

هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئاراستەیەکی نادیاردا دەڕوات بەتایبەتی دوای ئەو سیناریۆیەی تا کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە پێشبینیکراو بوو، دیاریکردنی کەسێک بۆ جێگەکەی محەمەد حەلبووسی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست دەبێتەوە، دیارترینیان ئەوەیە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان رەتیدەکەنەوە سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان لە حیزبی تەقەدووم بێت کە حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات.


پێشهاتی تازە چییە؟


لە تازەترین پێشهاتدا هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش هەندێک لایەنی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەتیدەکەنەوە سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە حیزبی تەقەدووم بێت، هەردوو پەرلەمانتار یوسف کیلابی و فالح خەزعەلی  لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکردووە و داوای پووچەڵکردنەوەی بەربژێرکردنی شەعلان کەریم دەکەن.


لە سکاڵاکەدا داوایان کردووە، کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ رابگرێت تا ئەوکاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەبێتەوە، ئەوەش وادەکات تا کاتێکی نادیار نەتوانرێت کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بکرێت، لەهەمان کاتیشدا هەندێک ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کاردەکەن بۆ ئەوەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی رێوشوێن دژی شەعلان بگرێتەبەر.


کامل نەواف غرێری، پەرلەمانتاری پێشووی سوننە و سەرۆکی حیزبی عێراق پێناسەمانە دەڵێت، بەئامانجکرنی شەعلان کەریم بەئامانجکردنێکی کەسی نییە، ئامانج لێی ئەوەیە رێگری بکرێت لەوەی هیچ بەربژێرێکی حیزبی تەقەدووم بەسەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی ببێت بە  سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە نوێنەرانی پێکهاتەی سوننە قسەی خۆیان کردوو شەعلان کەریم زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، پێویستە لەسەر فراکسیۆنەکانیش رێز لەوە بگرن.


ئەنجامەکان چۆن بوون؟


 لە گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق،  شەعلان کرەییم  بەربژێری حزبی تەقەدوم 152 دەنگ، سالم عیساوی بەربژێری هاوپەیمانی سیادە 97 دەنگ، مەحموود مەشهەدانی 48 دەنگ، عامر عەبدولجەباریش 6 دەنگی بەدەستهێنا، تەڵال زەوبەعی هیچ دەنگێکی بەدەستنەهێنا، 10 کارتی دەنگدانیش پووچەڵکرانەوە، عەبدولرەحیم شەمەریش لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کشایەوە.


سیناریۆکان چین؟


وەکو هیشام کندی، سەرۆکی کۆمەڵەی نەبع بۆ توێژینەوە باسی دەکات،  پێدەچێت هەموو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەنگ نەبن لەسەر رەتکردنەوەی بەربژێرکردنی شەعلان کەریم، بەڵام قەناعەتێکی گشتی لەناویاندا دروست بووە هەر کاندیدێک رەتبکەنەوە کە کۆدەنگی هەموو لایەنەکانی لەسەر نەبێت، بۆ ئەوەی سیناریۆی هەڵبژاردنی محەممەد حەلبووسی دووبارە نەبێتەوە کە ناکۆکی لەنێو ماڵی سوننەکاندا دروست کرد، پێیانباشە سیناریۆی دیاریکردنی محەممەد شیاع سوودانی دووبارە بکرێتەوە، کەسایەتییەک هەڵبژێرن  هەموو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئەهانگی و ئیدارەی دەوڵەت لەسەری کۆدەنگ بن، بەهەمانشێوەی سیناریۆی دیاریکردنی سەرۆککۆماریش.


"سەدام سەری شەعلانی خوارد"


بەبڕوای کندی، رێگریکردن لە شەعلان کەریم لەبەرئەوە نەبووە کە کاندیدی حیزبەکەی حەلبووسی بووە، لەبەر ئەو گرتە ڤیدیۆ بوو کە بڵاوبوویەوە و تێیدا بە باشە وەسفی حیزبی بەعسی کردووە، هەندێک لایەنی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێیانوایە لێدوانەکانی پێچەوانەی دەستوور و یاسا بووە، ئەوەش وادەکات رێگربێت لەبەردەم کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەندێکیشیان پێیانوایە لێدوانەکانی پێشتر کردوونی و ئەو بابەتە کۆن بووە. وەک کندی دەڵێت، ئەگەر هەموو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شەعلانیان رەتبکردایەتەوە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە ناوی پێشنیاز نەدەکرا و زۆرترین دەنگیشی بەدەست نەدەهێنا.


"هەڵەکەی حەلبووسی راستدەکرێتەوە"


هیشام کندی، سەرۆکی کۆمەڵەی نەبع بۆ توێژینەوە ئاماژە بەوەش دەکات، جارێکی دیکە کارکردن بە دەستەواژەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کارادەکرێتەوە، کە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە بڕیاری لەسەر درا، ئەوەش بە هەنگاوێک بۆ راستکردنەوەی هەڵەیەکی محەممەد حەلبووسی دادەنێت. سەرۆکی پێشووی پەرلەمان کارکردنی بە دەستەواژەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەهێشتبوو، تەنیا خۆی و دوو جێگرەکەی، روونیشی دەکاتەوە، کارکردن بە دەستەواژەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان وا دەکات سەرۆکی پەرلەمان رێگری لێبکرێت وەکو دیکتاتۆر مامەڵە بکات.

شەیری بکە لە: