لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەریەککەوتنی خەڵک و دەسەڵات لەسەر نەورۆز زیاتر دەبێت
- ڕاپۆرت
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش

ئاهەنگی نەورۆزی شارۆچکەی ساحێو لە پارێزگای سنە
ئاڤا نیوز
بەریەککەوتنی خەڵک و دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز ڕۆژی هەینی قوڵتر بوو، کاتێک خەڵک بە هەموو شێوەیەک هەوڵیاندا بۆنەکانی نەورۆز بەڕێوەببەن و هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا ڕێگری بکەن.
وێنە گەورەکە: بۆ پیشوازیکردن لە هاتنی ساڵی نوێی کوردی و ئاهەنگگێڕانی نەورۆز، هاونیشتمانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکاری تەواویان کردووە و ڕۆژانە لە ناوچە جیاوازەکانەوە ئەم یادە بەرز ڕادەگرن، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕوویان دەبنەوە و ڕێگرییان لێ دەکەن.
چاودێرانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان پێیان وایە، هەوڵی خەڵک و دەسەڵاتیش سەرچاوەیەکی سیاسی هەیە، خەڵک دەیانهەوێت ناڕەزایەتی خۆیان و شوناسی خۆیان نیشان بدەن، حکومەتیش دەیهەوێ ئەم هەوڵە ناکاریگەر بکات.
لێدوانی فەرمییەکان:
٠ مەسعود کوردپوور، رۆژنامەوان، دەڵێت: کەلێنێکی گەورە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست بووە، بەتایبەت لە کوردستان، خەڵک زۆر ناڕازین و دەسەڵات ترسی لەوە هەیە دەسەڵاتی خۆی بە تەواوەتی لە دەست بدات.
٠ فەرهاد ئەمین پوور، رۆژنامەوان و چاودێری سیاسی، پێی وایە؛ ئاهەنگەکانی نەورۆز لایەنێکی شوناسخوازانەی هەیە و بەشێکیشی سیاسی و دەربڕینی ناڕەزایەتییە، بەتایبەت دوای شۆڕشی ژینا و رووداوەکانی دوای ئەوە.
ڕۆژی هەینی ڕۆژی بەریەککەوتن
ڕۆژی هەینی لە شارەکانی کرماشان، سەقز، ساحێو و شنۆ هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵیاندا ڕێگریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز بکەن.
چی ڕوویدا: "ئامانج" دوای نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری شنۆ دەچوون بۆ ئەوەی بەشداریی لە ئاهەنگێکی نەورۆزدا بکەن، بەڵام سەر ڕێگا بە هێزی سەربازی تەنرابوو؛ ڕێگە بە بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە نەدرا.
ئامانج لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە بۆ ئاڤای ناردووە ئەو هێزانە نیشان دەدات کە لە سەر ڕێگای شنۆ بۆ گوندی سینگان، شوێنی دیاریکراو بۆ ئاهەنگەکە، خاڵی پشکنینی کاتییان داناوە و بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی نیمچەقورس چاودێریی هاتوچۆی خەڵک دەکەن.
بەڵام خەڵک پێداگربوون لەسەر ئەوەی ئاهەنگەکەی خۆیان بەڕێوەببەن، لە ڕێگای سەیرانگای قەڵاتوک خەڵک لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان تووشی شەڕ و ئاڵۆزی بوون.
لە کۆتاییدا خەڵک چوونە گەڕەکی تاچین ئاوێ، شوێنێکی دوورتر لە گوندی سینگان خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە و ئاهەنگی نەورۆزیان بەڕێوەبرد، هەڵپەڕکێیان کرد، خۆشییان دەربڕی و ئاگری نەورۆزیان کردەوە. بەڵام هێزەکانی سوپای پاسداران هێرشیان کردە سەر خەڵک و بە زۆر و بە هەڕەشە بڵاوەیان بە خەڵک کرد.
زانیاریی زیاتر: ئەم دیمەنانە رۆژی 14.03.2025، لە شوێنی دیکەش دووبارە بوونەوە، لە کرماشانیش هەر وابوو، لە شاری سەقزیش سەرەڕای چاودێریی و رێگریی هێزەکانی سوپای پاسداران خەڵک چوونە سەر چیای "جاقل" و نەورۆزیان بەڕێوەبرد.
خەڵک لە سەر چیای جاقل جلوبەرگی خاکی کوردییان لەبەر کردبوو، جامانەیان لە مل کردبوو کە سیمبولی پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دروشمی سیاسییان بۆ پشتگیری لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گوتەوە.
لە شارۆچکەی ساحێب، لە نزیک شاری سەقز، رێوڕەسمێک بە بەشداریی دەیان هەزار کەس بەڕێوەچوو. بەگوتەی بەڕێوەبەرێکی ئاهەنگەکە، هێزەکانی سوپای پاسداران هەوڵیاندا تێکیبدەن، بۆیە کاتژمێرێک زووتر لە وادەی دیاریکراو، کۆتایی بە ئاهەنگەکە هێنرا.
زانیاریی بەدەستهاتوو: بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، لەم ماوەیەدا لە شار و ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دامەزراوە ئەمنییەکان چالاکوانانی کولتووری، بەڕێوەبەرانی ئاهەنگەکان، گرووپەکانی مۆسیقا و تەنانەت گۆرانیبێژەکانیان بانگ کردووە و لە پەیوەندیی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز هۆشداریان پێدرابوو کە نابێت هیچ ئاهەنگێک بەڕێوەببرێت.
"نەورۆز بووەتە بۆنەیەکی سیاسی"
مەسعود کوردپوور، رۆژنامەنووس لە شاری بۆکانەوە، شەوی 14ـی ئاداری 2025 قسەی بۆ نیوریجن کرد و گوتی: "ئێستا هەر بۆنەیەک بەڕێوەدەچێت دەبێتە هۆکارێک بۆ نیشاندانی کوردایەتی و دەبێتە بۆنەیەکی سیاسی، بەتایبەت بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و جامانە هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن."
فەرهاد ئەمین پوور، رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی، لە شاری سەقزەوە بە ئاڤای گوت: "ئەمساڵ حکومەت هەوڵی زۆر زیاتری داوە بۆ ئەوەی رێگری لە ئاهەنگەکان بکات، ساڵی رابردوو گوشارەکان کەمتر بوون، چونکە ناڕەزایەتییەکانی ژینا هێشتا گەرم بوون، بۆیە نەیاندەوێرا زۆر رێگریی بکەن. هەروەها بابەتی وروژاندنی پرسی خاکیپۆشان کە لەلایەن حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە زۆر پەرەی پێدرا، بووە هۆی هەستیاریی زیاتری دەسەڵات و وایکرد حکومەت بترسێت لەوەی کە حزبەکانی رۆژهەڵات پەرە بە دەستڕۆیشتووی خۆیان بدەن."
نەورۆز لە هەموو ئێراندا بەڕێوەدەچێت. بەڵام فەرهاد ئەمین پوور دەڵێت: نەورۆز لە کوردستان جیاوازی هەیە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران، چونکە سیمبۆلە شوناسخوازییەکانی تێدا زیاترە و دەسەڵاتیش ئەمە وەک هەڵسوکەوتی سیاسی لە کوردستان دەبینێت، بۆیە بە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەستیارترە.
مەسعود کوردپوور دەڵێت: لە دوای شۆڕشی ژیناوە دەسەڵات هەستیارییەکی زۆری هەیە لەسەر کۆبوونەوەی خەڵک بە هەموو جۆرەکانیەوە، خەڵکیش نەورۆز بەکاردێنن بۆ کۆبوونەوەی زیاتر.
ئەمەش بزانە: شۆڕشی ژینا ئاماژەیە بۆ بزووتنەوەی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە ساڵی 2022 و دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی هەموو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و بووە گەورەترین شۆڕش لە زیاتر لە چوار دەیەی مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.
باکگراوند: ژینا ئەمینی کچێکی 22 ساڵ خەڵکی شاری سەقز، سەر بە پارێزگای سنە بوو، کە لە گرتنگەی پۆلیسی تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەرکرا و بەشێوەیەکی جێی گومان گیانی لەدەستدا.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- ژینگە
- 41 خولەک لەمەوپێش
لە شەقڵاوە کەسێک بەهۆی بڕینی داربەڕوو دەستگیر دەکرێت
- جیهان
- 48 خولەک لەمەوپێش
لە دوو مانگدا ئیلۆن مەسک 148 ملیار دۆلار سامانەکەی لەدەست داوە
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
گەلی سووریا ساڵیادی شۆڕشەکەیان زیندوو دەکەنەوە
- ببینە و ببیستە
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
بەربانگی ئاڤا؛ ئارامگرتن و خواردنە تەندروستەکان
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
گۆڕانکاری لە کاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70 دەکرێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
جارێکی دیکە کوڕەکەی مەسک لەگەڵ ترەمپ دەردەکەوێتەوە
1 کاتژمێر لەمەوپێش
لە ئەندەنووسیا تیمساح ئافرەتێک دەخوات
8 کاتژمێر لەمەوپێش
زنجیرە درامای بەرەو بەرزاییەکان - ئەڵقەی 12
15 کاتژمێر لەمەوپێش
لە هەولێر دوو هەزار دۆنم زەوی سەوزە تێکدراوە کە بە ئاوەڕۆ بەرهەم دەهات
14 ئازار
چەند مەیموونێک خەڵکی گەڕەکێکی هەولێر هەراسان دەکەن
13 ئازار
- ڕاپۆرت
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
ترەمپ پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمریکا واژۆ دەکات
- ڕاپۆرت
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش
زیانەکانی جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا
- ڕاپۆرت
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
چین داوای کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر ئێران دەکات