شاندی ئەمریکا و ئۆکراینا لە سعوودیە کۆدەبنەوە

شەیری بکە لە:
شاندی ئەمریکا و ئۆکراینا لە سعوودیە کۆدەبنەوە

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا - دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ئاڤا نیوز

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئۆکراینان لە سعوودیە کۆببنەوە و هەوڵەکانی گەیشتن بە ئاگربەست لەگەڵ ڕووسیا تاوتوێ بکەن.

بۆچی گرنگە: ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئاستی باڵا دەبێت لە نێوان ئەمریکا و ئۆکراینا لە دوای گفتوگۆ توندەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی کە هەفتەی ڕابردوو لە ئۆفیسی سەرۆک لە کۆشکی سپی ڕوویدا.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم ڕووداوە بووە هۆی قەیرانێکی بێ وێنە لە نێوان ئەمریکا و ئۆکراینا. ئەمریکا بڕیاریدا ناردنی چەک و پێدانی زانیاری هەواڵگری بە ئۆکراینا ڕابگرێت.

ئەمەش بزانە: ئەم کۆبوونەوەیە لە سعوودیە دوای کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە دێت کە بەرپرسانی ئەمریکا دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکانیان لە ڕیاز ئەنجامیاندا.

زانیاریی زیاتر: کۆبوونەوەکەی ئەمریکا و ڕووسیا دڵەڕاوکێ و توڕەیی لای سەرکردەکانی ئۆکراینا دروستکرد و نیگەرانبوون لەوەی وەک لایەنێکی دۆخەکە بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکرابوون و لەڕێگەی میدیا جیهانییەکانەوە هەواڵی کۆبوونەوەکەیان بیست.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: کۆبوونەوەی داهاتووی ڕۆژی چوارشەممە لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان مایک والتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی و ئەندری یەرماک، یاریدەدەری سەرۆکی ئۆکراینا بڕیاری لەسەردراوە، پێش ئەو کۆبوونەوەیە بڕیارە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا سەردانی سعوودیە بکات و لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆببێتەوە.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکە لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە بەڕێوەبچێت و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە شاندەکەی ئەمریکادا بن، هاوکات ئەندری یەرماک، یاریدەدەری سەرۆکی ئۆکراینا سەرۆکایەتی شاندی ئۆکراینا دەکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: