حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕیار بۆ زامنکردنی مووچە دەردەکات

  • بزنس
  • 2 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕیار بۆ زامنکردنی مووچە دەردەکات

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

ئاڤا نیوز

بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوویەوە و دڵنیایی درا لەوەی درێخی لە کارکردن بۆ زامنکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران و بەردەوامبوونی ڕێكکەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ناکرێت.

وێنە گەورەکە: ڕۆژی 05-02-2025، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە، هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ڕێکخستنی داهاتی ناوخۆی هەرێم، دەستیپێکرد.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە سێ بڕگە پێکهاتبوو، کە ئەمانەن:

بڕگەی یەکەم: شاندی دانوستکار لەگەڵ بەغدا ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو، لە پێناو زامنکردنی بەردەوامبوونی ئەم ڕێککەوتنە، چەند پێشنیازێک خرانەڕوو بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتیی بۆ ساڵی 2025 لە بەر ڕۆشنایی دوا ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم.

- ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیازانەی دا کە لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، لە پێناو زامنکردنی مووچەی هەر 12 مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانوویەکی تەکنیکی بۆ ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

- ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردن و پابەندبوونی بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 دا بە گوێرەی ئەو ژمارە و خەرجییانەی لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە، سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک لایەنی تایبەتمەند بە خانەنشینی لەسەر تاسەری هەرێم.

لەلایەکی دیکەوە: هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی بەئەلکترۆنیکردنی لیستی پێدانی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی خستەڕوو، کە بۆ یەکەمجار لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ئاسانکاری باشی کردووە و کاریگەری بەرچاوی هەبووە.

بڕگەی دووەم: ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ کرد کە تایبەت بە ماددەی 12 و پێشوازیی لە هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات، بە هەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا، هاوکات بەهۆی ڕاگرتنیەوە زیانێکی زۆر بەر بودجەی گشتیی کەوتووە، بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندیی خۆی بە هەمواری یاساکە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تا لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سۆمۆ دەستپێبکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدراڵی.

بڕگەی سییەم: گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا، بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025 بۆسەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوو.

لەلایەکی دیکەوە: لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تا لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ