هەمواری یاسای بودجە؛ چارەسەری کێشەی نەوت بە پاراستنی تایبەتمەندی کوردستانەوە

شەیری بکە لە:
هەمواری یاسای بودجە؛ چارەسەری کێشەی نەوت بە پاراستنی تایبەتمەندی کوردستانەوە

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق. وێنە - ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە هەر کێڵگەیەک بەجیا هەژمار دەکرێت و نرخێکی نەگۆڕ بۆ هەموو کێڵگەکان دیاریی ناکرێت، ئەوەش داواکارییەکی بنەڕەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا.

چیرۆکی سەرەکی: بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دوای مشتومڕێکی چەند مانگی، هەمواری یاسای بودجەی پەسەندکرد.

لێدوانی فەرمی: د. ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لە بەیانییەوە ڕێکارەکانی تایبەت بە ناردنی هەمواری یاسای بودجە بەمەبەستی ڕەوانەکردنی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار دەستپێدەکەن، بەگوێرەی دەستووریش، سەرۆککۆمار لە ڕۆژێک بۆ 15 ڕۆژ کاتی لەبەردەمە بۆ واژۆکردن لەسەر هەموارەکە، دواتریش لە تازەترین ژمارەی ڕۆژنامەی وەقائع بڵاودەکرێتەوە و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

زانیاری زیاتر: لە هۆیەکانی پەسەندکردنی هەموارەکەدا هاتووە، ئامانج لە هەمواری یاسای بودجە بەمەبەستی هێنانی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستانی دیاریبکات، ئەوەش بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سامانی نیشتیمانیی و داهاتی ڕاستەقینەی فیدڕاڵی بکرێت، هەروەها تا کۆمپانیای سۆمۆ بتوانێت بەباشترین شێوەی دەروازەکانی هەناردەکردن بەکاربهێنێت و فرەجۆریان بکات.

بڕگەی (ج) لە ماددەی 12ی یاسای بودجە کە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەیدا ئەم بڕگانە لە خۆدەگرێت:

- وەزارەتی دارایی عێراق لە خەرجی سیادی قەرەبووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە دۆسیەی پەیوەست بە هەناردە و گواستنەوەی نەوت کە ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکرێت، هاوکات بەشێوەیەکی دادپەروەریش خەرجی هەناردە و گواستنەوەی نەوت لە هەر کێڵگەیەکی نەوتیدا دیاری دەکرێت.

- لایەنێکی ڕاوێژکاری هونەریی نێودەوڵەتی کە وەزارەتی نەوت بە هاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، لە ماوەی 60 ڕۆژدا خەرجی هەناردە و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، ئەگەر لەو ماوەیەدا (دیاریکردنی لایەنەکە) جێبەجێ نەکرا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو لایەنە نێودەوڵەتییە دیاری دەکات.

- ئەرکی ئەو لایەنە نێودەوڵەتییە مەزەندەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەبێت و ڕاپۆرتی خۆی دەداتە وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

- دەستبەجێ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت، تاوەکو مەزەندی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن ئەو لایەنە ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییە تەواو دەکرێت، لەم قۆناغەدا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار خەرج دەکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ