
ئاڤا دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەتوانرا سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەکە دیاری بکرێت، ئێستا دەنگۆ و مقۆمقۆی زۆر هەن و پێشبینی جیاواز بۆ چارەنووسی کورسییەکەی حەلبووسی دەکرێت.
چیرۆکە سەرەکییەکە: بڕیاربوو رۆژی 9-1-2024 سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی کۆببنەوە بۆ دیاریکردنی رۆژی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا. رۆژی شەممە 13-1-2024، بڕیاربوو لە کاتژمێر 15:00، دانیشتنی ئەنجوومەنی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بکرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووان، کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێرێکی دیکە دواخرا.
بەربژێرەکان: لایهنه سوننهكان لهناو خۆیاندا لهسهر یهک بەربژێر بۆ پۆستی سهرۆكی پهرلهمان ڕێكنهكهوتن، محهممهد حهلبووسی كه سهرۆكایهتیی هاوپەیمانی تهقهدووم دهكات و زۆرترین كورسیی پێكهاتهی سوننهی له پهرلهمان ههیه، بۆ شوێنهكهی خۆی شهعلان كهریمی بەربژێر كرد، خهمیس خهنجهر سهرۆكی هاوپهیمانیی سیاده، سالم عیساوی بۆ پۆستی سهرۆكی پهرلهمان بەربژێر كرد، هاوپهیمانیی عهزم كه موسهننا سامهڕائیی سهرۆكایهتیی دهكات، مهحموود مهشههدانی كاندید كرد، جیا لەوانەش دوو ئەندامی دیکە خۆیان بەربژێر کرد.
لە کاتژمێر 16:00، زەنگی چوونەژوورەوەی پەرلەمانتاران لێدرا، سەرەتا دەستەی سەرۆکایەتی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، بەڵام دواتر 314 ئەندام بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگداندا کرد.
ئەنجامی گەڕی یەکەمی دەنگدانەکە بەمشێوەیە بوو:-
- شەعلان کەریم – هاوپەیمانی تهقهدووم 152 دەنگ
- سالم عیساوی - هاوپهیمانیی سیاده 97 دەنگ
- مەحموود مەشهەدانی – هاوپەیمانیی عەزم 48 دەنگ
- تەڵاڵ زوبێحی – هاوپەیمانی حەسم 1 دەنگ
- عامر عەبدولجەبار – سەربەخۆ 6 دەنگ
- پووچەڵ - 10 دەنگ
لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، پرۆسەی دەنگدان چووە گەڕی دووەم و تەنیا شەعلان کەریم و سالم عیساوی توانیان لە کێبڕکێیەکە بەردەوام بن.
چاوەڕوانییەکان: لە نێوان دەنگدانی یەکەم و زەنگی چوونەژوورەوە بۆ دەنگدان بۆ دانیشتنی دووەم چوار کاتژمێری پێچوو، لەو ماوەیەدا ھاوپەیمانییەکانی تەقەدووم و سیادە، دەستیان بە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکاندا کرد بۆ گەرەنتیکردنی سەرکەوتنی بەربژێرەکەی خۆیان، ئەو دوو بەربژێرەی کە لە کێبڕکێیەکەدا مانەوە، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا پێویستیان بە 50+1 دەنگەکان هەبوو بۆ ئەوەی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری بکرێن.
لە کاتژمێر 23:30 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زهنگی ئاگاداركردنهوه بۆ دهستپێكردنی گەڕی دووەمی دانیشتنی ههڵبژاردنی سهرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق لێدرا، بەڵام دوای کاتژمێرێک گفتوگۆکردن لەبارەی هەموارکردنەوەی بڕگەیەک لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی جێگرەکان، پشێوەی لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکە دروستبوو، کاتژمێر 00:45 خولەک سەرۆکی کاربەڕێکەری پەرلەمان بەناچاری دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
لێدوانە فەرمییەکان: "دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا. د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وای بە ئاڤا میدیا گوت.
"هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوەی دەسەڵاتی جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەن زیادبکرێت، پەرلەمانتارانی تەقەدووم ڕازینەبوون بۆیە دانیشتنەکە هەڵگیرا." شوان محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئاڤا میدیا.
ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: چوارچێوەی هەماهەنگی ھەوڵدەدەن لەگەڕی داھاتووی دەنگدان گرفت بۆ تەواو بوونی ڕێژەی یاسایی دروست بکەن و ڕێژەی یاسایی بشکێنن. پەرلەمانتار یوسف کیلابی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سکاڵا دژی شەعلان کەریم تۆمار دەکەین و بەڵگەی گرنگمان ھەیە کە پەیوەندی بە حیزبی بەعسی هەڵوەشاوەوە هەبووە و ڕۆڵی لە شاڵاوی ئەنفالدا گێڕاوە".
ئەوەی پێشبینی دەکرێت: لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، کێ زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا دەبێته سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراق، بۆیە ئێستا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەستیان بە کۆبوونەوە کردووە، هەردوو لایەنی براوەی گەڕی یەکەم کار بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ھاوپەیمانیی عەزم دەکەن، چونکە لە گەڕی یەکەم بەربژێرەکەیان کە مەحموود مەشهەدانی بوو 48 دەنگی بەدەستهێنا و بووە سێیەم، بەهۆیەوە لە پڕۆسەکە کرایەدەرەوە، بۆیە دەنگی ھاوپەیمانیی عەزم وەکو لایەنێکی پێکھاتەی سوننە کە ھاوپەیمانە لەگەڵ لایەنە شیعەکان، لە گەڕی دووەمی دەنگداندا دەنگی کاریگەر و یەکلاکەرەوە دەبێت.
زانیاری زیاتر: ناکۆکی زۆر لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ هەیە، لە دانیشتنەکەی دوێنێ شەویشدا، "لەنێو هۆڵی پەرلەماندا هەوڵدراوە دەنگ بکڕدرێت و بەرامبەر بە کڕینی یەک دەنگی ئەندامەکان 100 هەزار دۆلار پێشنیازکراوە". میدیا عێراقییەکان سەرچاوەی ئەم زانیارییەن.
هۆکارە زانراوەکان: هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەن و گەڕاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە بری سەرۆک و دوو جێگرەکەی، هۆکاری دروستبوونی گرژی بوون لەنێو پەرلەماندا، ئەندامانی هاوپەیمانیی تەقەدووم بەو هەوڵە ڕازینەبوون بۆیە دانیشتنەکە هەڵگیرا.
پەرلەمانتارانی چوارچێوەی ھەماهەنگی هەوڵیاندا لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، گرفت بۆ تەواوبوونی ڕێژەی یاسایی دروست بکەن و ڕێژەی یاسایی بشکێنن.
زیانە سەرەکییەکان: ئەمڕۆ یەکشەممە رێککەوتی 14-01-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و بڕیاری دا یاسای بودجە هەموار بکاتەوە، تەواوی وەزیرەکان رەزامەند بوونە و بڕیارەکە بۆ پەرلەمانی عێراق دەنێرێت، بەڵام پەرلەمانی عێراق بەهۆی کێشەی سیاسییەکان ئێستا بێ سەرۆکە و ناتوانێت پڕۆژەیاساکە پەسەند بکات.
· پەرلەمانی عێراق ناتوانێت هیچ پرۆژەیاسایەک پەسەند بکات، تاوەکو سەرۆکی نەبێت.
· پەرلەمان ئێستا لە وەرزی یاسادانانە، بەڵام توانای دەرکردنی یاسای نییە، چونکە سەرۆکی نییە.
باکگراوند: رۆژی 14-11-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بڕیارێکدا کۆتایی بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی هێنا و له ناوهڕاستی تشرینی دووهمی رابردووهوه پۆستی سهرۆكی پهرلهمانی عێراق چۆڵ بووه، ئێستا موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەڕەچەڵەک کوردی فەیلییە، لە جێگەی حەلبووسی سەپەرشتیی کۆبوونەوەکان دەکات.
بابەتە ستراتیژییەکە: حەلبووسی لە کایەی سیاسیی عێراق زۆر گەشەی کردبوو، لایەنە شیعەکان بە مەترسییان دەزانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بەتایبەت چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دوای دوورخستنەوەشی، بیر لەوە دەکەنەوە بیدەنە دادگە و سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن، ئێستا کە شەعلان کەریم نزیکە لەوەی ببێتە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە هەمان هاوپەیمانێتیی حەلبووسییە، بۆ لایەنە شیعییەکان هیچ جیاوازییەکی نییە و وای دەبینن کە هەر حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەن کە شەعلان کەریم نەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 4 خولەک لەمەوپێش
ترەمپ و سیسی سەبارەت بە غەززە گفتوگۆ دەکەن
- کوردستان
- 33 خولەک لەمەوپێش
عەلی تەتەر: هێرشكارەكەی ئەمڕۆ خەڵكی دهۆك نییە
- کوردستان
- 47 خولەک لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە بەرهەم ساڵح دەکات
- ببینە و ببیستە
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
لە دهۆک جەژنی ئەکیتۆی کلدانی و ئاشووری و سریانییەکان بەڕێوەچوو
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
نانسی عەجرەم دێتە هەولێر و لە پاڤیلیۆن کۆنسێرت دەکات
10 کاتژمێر لەمەوپێش
لە ئەمڕۆوە شەپۆلی گەشتیاری ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
11 کاتژمێر لەمەوپێش
ژنانی ئێران بەشدارییان لە نوێژی جەژن کرد
31 ئازار
ئاڤا ڕەمەزانێکی ملیار بینەری تێپەڕ کرد
30 ئازار
ئایا خواردنەوەی چا بۆ خانمانی دووگیان زیانبەخشە؟
29 ئازار