دەزگای خێرخوازیی بارزانی: ئەمساڵ زیاتر لە 433 هەزار خێزان لە هاوکارییەکان سوودمەند بوون

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی میوانی ڕووماڵی تایبەتی بەرنامەی "نان و چا" بوو بۆ سەری ساڵ، ڕایگەیاند، ئەمساڵ 121 پڕۆژەمان ئەنجامداوە و زیاتر لە 433 هەزار خێزان سوودمەند بوون.

 

وێنە گەورەکە: دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دامەزراوەیەکی ناحکومی خێرخوازییە، لە کارەساتە سروشتی و ڕووداوە نەخوازراوەکان ئامادەییان هەیە و یارمەتی لێقەوماوان دەدەن.

 

لێدوانی فەرمی: موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتی، "لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دراوسێ ئەو شوێنانەی دەستمان پێ بگات خزمەت پێشکەش دەکەین، ئەمساڵ جگە لە پارێزگاکانی ناوخۆ لە سێ پارێزگای عێراق، تەنانەت لە لوبنان و سووریاش بە تایبەت لە عەفرین کارمان کردووە".

 

ژمارەکان وادەڵێن: موسا ئەحمەد ئەوەش دەڵێت: بەگشتی لە 121 پڕۆژە زیاتر لە 10 ملیار و 448 ملیۆن دینار خەرج کراوە، ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو پڕۆژانەوە سوودمەند بوون سێ ملیۆن و 229 هەزار و 561 کەس بوون. جگە لەوە پڕۆژانەی لە ناوخۆ جێبەجێکراون لە عێراق 41 پڕۆژە ئەنجامدراوە، لە سووریا نۆ پڕۆژە و لە لوبنان یەک پرۆژە ئەنجامدراوە، بەکۆی گشتییان ملیۆنان کەس سوودمەند بوون.

 

سەبارەت بە کەمپەکان موسا ئەحمەد دەڵێت: دەزگای خێرخوازیی بارزانی کاری هابەشی زۆری لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکان هەبووە، ئیدارەدانی کەمپەکان پڕۆژەی هاوبەشی نێوان دەزگای خێرخوازی بارزانی و UN بوو. ئێستا 30 کەمپی ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، پێشوتر دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر دەژیان، بەڵام ئێستا لەو کەمپانە 191 هەزار و 763 ئاوارە و پەنابەر دەژین، کە لە 40 هەزار و 251 خێزان پێکدێن.


لەبارەی پڕۆژەی هاوبەشی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، موسا ئەحمەد وتی، "ئێستا گەورەترین هاوبەشی وەزارەتی پەروەردە دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، ساڵی ڕابردوو 50 قوتابخانەمان نۆژەنکردەوە، سیستمی کارەبا لەڕێگەی وزەی خۆر بۆ 20 قوتابخانە دابین کراوە".

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ