سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە کوردستان نییە

شەیری بکە لە:
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە کوردستان نییە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وێنە KRG

ئاڤا نیوز 

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندبوونی دارایی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵی زیاتر لە بەشەکانی دیکەی عێراق جێبەجێکردووە، بەڵام تا ئێستا پشکی خۆی بەپێی پێویست لە بودجە وەرنەگرتووە.

 

وێنە گەورەکە: لە پرۆگرامی "چاوپێکەوتنی تایبەت"ی کەناڵی عەرەبییەی سعودی، کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگ کردەوە لەوانەش مووچە و بودجە، پشکی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر بەغدا .

 

ئەوەش بزانە: سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە خاکی کوردستان بوونی هەبێت و ئاماژە بۆ مەترسی تیرۆر  دەکات و دەڵێ هێشت مەترسیی داعش کۆتایی نەهاتووە.

 

درێژەی چاوپێکەوتنەکە...

 


پێشکەوتن لە چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی هەڵپەسێردراودا هەیە

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، جەختی لەوە کردەوە، پێشکەوتن لە چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی هەڵپەسێردراو لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بەڵام کێشە سەرەتاییەکان هێشتا ماون، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پرسی ناسنامە، زەوییە ناکۆکی لەسەرەکان، نەوت و مووچە.

 


کێشەکانی نێوان هەولێر بەغدا لەسەر مووچە نییە

 

سەرۆکوەزیران ڕوونی دەکاتەوە کە پرسی کورد لە عێراق بەرهەمی ئەو ساتە نییە، بەڵکو بەشێکە لە مێژوویەکی دوور و درێژ دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا ناکۆکی لەسەر مووچە یان نەوت بێت، بەو پێیەی ڕەگ و ڕیشەی لە پرسی ناسنامە و زەوییە ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دوو  لایەنەدایە.

 

باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵدەدات هاوبەشێکی ڕاستەقینە بێت لە حوکمڕانیدا، جەختیشی لەسەر پێویستی پابەندبوون بە دەستوور بۆ دەستەبەرکردنی ئەم هەستە هاوبەشییە کردەوە.

 

زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت 19 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە کێشەی کەڵەکەبووی پەیوەست بە نەوت و گاز و بودجەی گشتی کرد و ڕایگەیاند: ئەو کێشانە چارەسەر نابن تاوەکو ڕێککەوتنێکی هەمیەشەیی لەنێوان هەردوولا نەکرێت.

 

هاوکات ئاماژەی بەوەدا، زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان 19 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، جەختیشی کردەوە کە حکومەتی فیدراڵی هیچ ئامادەییەکی نیشان نەداوە بۆ قەرەبووی هەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامی ئەو زیانەی بەهۆی ڕاگرتنی نەوتەوە بەریکەوتووە.

 

هەرێمی کوردستان پابەندبوونی دارایی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵ جێبەجێکردووە

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە لە پرسی قاچاخچێتی نەوت، داوای لەو کەسانە کرد کە تۆمەت دەبخشنەوە، بەڵگەی ڕاستەقینە بخەنەڕوو.

 

دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندبوونی دارایی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵی تا ڕادەیەکی زۆرتر لە بەشەکانی دیکەی عێراق جێبەجێکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان سەرجەم باجەکانی ڕادەستی خەزێنەی گشتی کردووە، بەڵام تا ئێستا پشکی خۆی بەپێی پێویست لە بودجە وەرنەگرتووە.

 

هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا نییە

 

پەیوەست بە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی فراوانکردنی بازنەی دۆستەکانی دەدات، ڕوونیشیکردەوە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، جگە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و کەنداو.

 

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواخوزە سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سەرەتای باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بێت و ڕەتیکردەوە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا بوونی هەبێت وەک هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن.

 

مەترسیی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنیی عێراق جەختی لەوە کردەوە هێشتا مەترسی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە و داعش هێشتا مەترسی دروست دەکات، ئەمە جگە لە بوونی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بەردەوامبوونی گەندەڵی، هەژاری و نەبوونی دادپەروەریی ڕەنگه پاڵ بە هەندێک کەسەوە بنێت بۆ تۆڵه سەندنەوه له ڕژێمی ئێستا، داوای له حکومەتی عێراق کرد گرووپە چەکداره کان کۆنتڕۆڵ بکات بۆ دڵنیابوون له سەقامگیریی وڵات.

 

پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هێز و سەرکەوتنە بۆ عێراق

 

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە هەرێمی کوردستان دەستوورییە و هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تاکلایەنە بڕیاری دابەشکردنی بدات، ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی کورد ئەوانەن کە لەڕێگەی پڕۆسەی سیاسیی داهاتووی خۆیان هەڵدەبژێرن.

 

 لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی هێز و سەرکەوتنە بۆ عێراق بە گشتی، داوای دروستکردنی هاوبەشییەکی ڕاستەقینەی لەسەر بنەمای کۆدەنگی و هاوسەنگی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق کرد.

 

لێرەوە دەقی چاوپێکەوتنەکە ببینن



زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ