ئیسرائیل چۆن دوو بارمتەی لە چنگی حەماس دەرهێنا؟

شەیری بکە لە:
ئیسرائیل چۆن دوو بارمتەی لە چنگی حەماس دەرهێنا؟

دوو بارمتەكە پاش ئازادكردنیان.. سەرچاوەی وێنە: حوڕڕە

ئاڤا نیوز


ئیسرائیل لە بەیانییەکی زووی ئەمڕۆ دووشەممە، توانی دوو بارمتە لە کەرتی غەززە لە پڕۆسەیەکی سەربازییدا لە ناوچەی ڕەفەحەوە بگەرێنێتەوە وڵاتەکەی.


لە یەکەیەکی نیشتەجێبووندا مابوونەوە


هەریەک لە فرناندۆ مارمان 61 ساڵ ، لویس هار کە تەمەنی 70 ساڵە، بە خێزانەکەیان شادبوونەوە، دوای ئەوەی هێزێکی تایبەتی ئیسڕائیل لە یەکەیەکی نیشتەجێبوونی شاری ڕەفەح لە کەرتی غەززە توانی لەژێر دەستی حەماس دەریان بهێنێت.


سوپای ئیسڕائیل دەڵێت دۆخیان باشە


سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند ئەو دوو بارمتەیە کە "ئازاد" یان کردوون دۆخیان باشە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شیبان لە نزیک تەلەڤیڤ تا پشکنینان بۆ ئەنجام بدرێت.


ناوەندە تەندروستییەکەش لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت "دوای پشکنینی پزیشکی بۆ دوو بارمتەکە دەرکەوتووە دۆخیان باشە و جێگیرە".


پێگەی تایمز ئۆف ئیسڕائیل لەزاری کەسێکی نزیکی یەکێک لە بارمتەکان ئەوەی ئاشکراکردووە " لەماوەی چوار مانگدا کە لەلای حەماس بوون لە غەززە ئەو دوو بارمتەیە بەشێوەیەکی بەرچاو کێشی جەستەیان دابەزیوە".

 

ئەو دوو بارمتەیە چەند ڕۆژێک بووە بە برسێتی ماونەتەوە


ئەو کەسە نزیکەی یەکێک لە بارمتەگان بەمەرجی ئەوەی ناوی بڵاونەکرێتەوە قسەیکردووە و ئەوەشی گوتووە " ئەو دوو بارمتەیە چەند ڕۆژێک بووە بە برسێتی ماونەتەوە و ئەوەش هێندەی دیکە لاوازی کردوون".

 

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: لەسەر بنەمای زانیاری ورد پڕۆسەکە بەڕێوەچووە

 
لەوبارەیەوە دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "پڕۆسەی ڕزگارکردنی ئەو بارمتانە لەژێر ئاگری جەنگدا زۆر قورس بوو لە نێوجەرگەی ڕەفەحدا، بۆیە لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری و هەستیاردا پڕۆسەکە بەڕێوەچوو".

 

نەتەنیاهۆ: "دەستخۆش بۆ شەڕکەرە ئازاکانمان" 


بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل دەستخۆشی لە تیمە تایبەتەکەی وڵاتەکەی کرد بۆ ئەو کردەیەی ئەنجامیانداوە و گوتی "دەستخۆش بۆ شەڕکەرە ئازاکانمان و ئەو پڕۆسە ئازایانەیان" کە بووە هۆی ڕزگارکردنی دوو بارمتە، "بەڵێنیش دەدەین گوشاری سەربازیی بەکاردەهێنین بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکانی دیکە.


سەبارەت بە پڕۆسەکە، ئاژانسی فڕانس پرێس ئەوەی ئاشکراکردووە، هێزە تایبەتەکانی ئیسڕائیل تەقینەوەیان بۆ تێکدانی یەکە نیشتەجێبوونەکە بەکارهێناوە کە لەنێوەندی ڕەفەح بووە و هەردوو بارمتەکەی تێدابوون، کە بزووتنەوەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو ڕفاندوونی و لە نهۆمی هەشتی یەکەیەکی نیشتەجێبوون بەندی کردوون.


بەگوتەی سوپای ئیسڕائیل ئەو دوو پیاوە بارمتەیە لەناوەڕاستی شەڕێکی قورسدا لە ڕەفەح ڕزگارکراون و سوپا توانیویەتی لە ڕەفەحەوە بیانپارێزێت تا دەیانگەیێنێتە شوێنێکی ئارام.


وەک سوپای ئیسڕائیل دەڵێت "پێش ئەوەی دوو بارمتەکە ببرێنە نەخۆشخانە لە هێلیکۆپتەرێکی سەربازیدا پشکنینی سەرەتاییان بۆ ئەنجامدراوە.


"دەستی ئاڵتوونی"


ئیسڕائیل پڕۆسەی ئازادکردنی ئەو دوو بارمتەیەی لە ژێر دەستی حەماس ناوناوە "پڕۆسەی دەستی ئاڵتوونی" هەریەک لە فەرماندەکانی سوپا و پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ "شین بیت" بەڕێوەیان بردووە و ڕاستەوخۆش بە ئاگاداری بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیران و یوواف گالانت وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل بووە.


بەگوتەی پێگەی "تایمز ئۆف ئیسڕائیل" پلانی پڕۆسەکە ئەوەبووە، پێکدادانی نێوان سوپای ئیسڕائیل و چەکدارانی حەماس لەوکاتەدا چڕ بکرێتەوە لەگەڵ زیادبوونی ئەو بۆردوومانەی ڕۆژانە ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح ئەنجامیان دەدات.


وەک بەڵگەیەکیش بۆ پلانەکەی ئیسڕائیل ئاژانسی فڕانس پرێس قسەی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە کردووە و ئەوان گوتویانە "لەیەک کاتدا گوێیان لە دەیان تەقینەوە و بۆردوومانی ئاسمانیی سوپای ئیسڕائیل بووە" و ئەوەش لەبەیانییەکی زوودا بووە و دانیشتووانی ناوچەکەی بەخەبەر هێناوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: