ئەوەی پێویستە لەبارەی بەرەی مقاوەمە بیزانیت

شەیری بکە لە:
ئەوەی پێویستە لەبارەی بەرەی مقاوەمە بیزانیت

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز 


بەرەی مقاوەمە یان بەرەی بەرگریکردن هاوپەیمانی ژمارەیەک گرووپی چەکدارییە لە وڵاتانی لوبنان، عێراق، سووریا و یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، خۆشیان بە بەرەی بەرگریکردن دژی هەژموونی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو دەبەن.

 

وێنە گەورەکە: بیرۆکەی دروستکردنی بەرەی مقاوەمە بۆ شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە، ڕوحوڵڵا خومەینی ڕابەرایەتی کرد و دەیویست شۆڕشەکەی هەناردەی دەرەوەش بکات، خومەینی لە یەکەم هەنگاوییدا ئیسرائیلی وەک وڵاتێکی دوژمن ناساند. لەو کاتەشەوە تاران لەلایەک و واشنتن و تەلئەڤیڤیش لەلایەکی دیکەوە شەڕێکی ئایدۆلۆژیی و ستراتیژییان لە دژی یەکتری دەستپێکردووە.

 

چیرۆکی سەرەکی: لایەنە پێکهێنەرەکانی بەرەی مقاوەمە کە ئێران پشتیوانییان دەکات بریتین لە حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپی ئەنساروڵڵا "حوسییەکان"ی یەمەن، حکومەتی سووریا، گرووپە چەکدارییەکانی شیعە لە عێراق، بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس) و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کە دوو گرووپی فەڵەستینین. لەکاتی گرژییەکانی ناوچەکەشدا ئەو گرووپانە لە یەک کاتدا چەندین بەرەی سەربازی دژی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەنەوە.

 

حیزبوڵڵای لوبنان

مێژووی دروستبوونی هەر کام لەو گرووپانە جیاوازە و لەکاتی شۆڕش و گۆڕانکارییە خێراکاندا دروستبوون، لەوانەش حیزبوڵڵای لوبنان کە ساڵی 1982 و دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان، لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە دروستکرا کە لایەنگری بزووتنەوەی هیوا بوون و دژی ئیسرائیل خەباتی چەکدارییان دەستپێکرد، لەو پرۆسەیەشدا سوپای سووریا و ڕێکخراوەکانی فەلەستین هاوکاریان بوون.

 

ئەنساروڵڵا

ئەنساروڵڵا یان حوسییەکانی یەمەن، ڕەوتێکی ئاینیین و ڕابەرەکەیان بەدرەدین حوسییە، ئەوان ساڵی 1991 وەک گرووپێک خۆیان ڕاگەیاندووە و ساڵی 2014 کە دۆخی یەمەن ڕووی لە نائارامی کرد، هێرشیانکردەسەر سەنعای پایتەخت و سەرۆکی وڵاتەکەیان ناچارکرد بەرەو سعوودیە هەڵبێت، دواتریش سعودیە سەرۆکایەتی هاوپەیمانییەکی سەربازی کرد بۆ گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ یەمەن، بەڵام لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبوو.

 

حکومەتی سووریا 

حکومەتی سوریا بە بەشێک لە بەرەی مقاوەمە دادەنرێت، چونکە پشتیوانی گرووپەکانی دژی ئیسرائیل دەکات و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبناندا هەیە. جگە لەوەش هاوپەیمانێکی سەرەکی تارانە، بەو هۆیەش ئەو وڵاتە بووەتە ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و گرووپەکانی سەر بە ئێران.

 

گرووپەکانی شیعە لە عێراق

ئەوەی پەیوەندی بە گرووپە چەکدارییەکانی شیعەش لە عێراقەوە هەیە، چالاکییەکانیان زیاتر بۆ دوای ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە و حکومەتی عێراق و ئێران پشتیوانی سەربازیی و داراییان بۆ دابین دەکەن، ئەو گرووپانە ساڵی 2014 و لە شەڕی دژی داعشدا لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا یەکخراون و بوونەتە دامەزراوەیەکی فەرمی دەوڵەتی عێراق.

 

حەماس و جیهادی ئیسلامی

بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس) بە تاکە گرووپی سوننی ناو بەرەوی مقاوەمە دادەنرێت و ساڵی 1987 لە هەناوی گرووپی ئیخوان موسلیمینەوە وەک گرووپێکی چەکداری دروستبووە، بە ئامانجی دەرکردنی ئیسرائیل لە خاکی فەلەستین و دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکان، بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیش لە ساڵی 1981ـەوە بە هەمان ڕوانگە و ئامانجی حەماس خەباتی چەکداری دەستپێکردووە و ئێران لەسەرەتاوە پشتیوانی دارایی و سەربازی کردووە.

 

بەرەی مقاوەمە دوای شەڕی غەززە

لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ئێران لەڕێگەی ئەو گرووپانەوە سەدان جار بنکە و بارەگاکانی ئەمریکای بە ئامانج گرتووە، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل لە دەرەوە و ناوخۆی ئێران بەرژەوەندییەکانی تارانی بە ئامانج گرتووە، دواهەمینیشیان ڕووداوی کردنە ئامانجی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس بوو لەناو تاران.

هەرچەندە ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیاریێتی خۆی بەرامبەر ئەو ڕووداوە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئێران هەڕەشەی تووند لەو وڵاتە دەکات و بە بەپرسیاری هێرشەکە تۆمەتباری دەکات، بۆیەش ئێستا جیهان چاودێری کاردانەوەی بەرەی مقاوەمە دەکات لە بەرامبەر کوژرانی یەکێک لە سەرکردە هەرە دیار و ناسراوەکانی.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: