بایدن و ناتەنیاهۆ بە تەلەفۆن باسی ئەگەر هێرشی ئێرانیان کردووە

شەیری بکە لە:
بایدن و ناتەنیاهۆ بە تەلەفۆن باسی ئەگەر هێرشی ئێرانیان کردووە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمریکا

ئاڤا نیوز


سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لە تۆڵەی کوژرانی هەنیە کردووە.

 

وێنە گەورەکە: دوای ئەوەی ئیسرائیل فواد شوکری لە بەیرووت و ئیسماعیل هەنیەی لە تاران کوشتن، ئێران، حیزبوڵا و حەماس هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن. ئەمریکا دەیەوێت هاوشێوەی هێرشی 13ـی نیسانی ئەمساڵی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمجارەش ئیسرائیل بپارێزێت و مووشەکەکان بخاتە خوارەوە.

 

زانیاریی زیاتر: کابینەی بایدن دەیانەوێت ڕێگە لە فراوانبوونی شەڕی غەززە بگرن و نەهێڵن ببێتە شەڕێکی ناوچەیی فراوان. هاوکات ئەمریکا پابەندیی خۆی بۆ پاراستنی ئیسرائیل دووپات کردووەتەوە. 

 

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: بە گوێرەی ئاژانسی ئاکسیۆسی ئەمریکی، بەرپرسانی ئەمریکا لەو باوەڕەدان کە ئێران بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حیزبوڵای لوبنانی هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی فراوان دەکەنە سەر ئیسرائیل کە لە هێرشەکەی مانگی نیسان فراونتر و گەورەتر دەبێت.

 

ئەمەش بزانە: دروستکردنی ئەم هاوئاهەنگییە سەربازییەی نێوان ئێران و حیزبوڵاش چەند ڕۆژێکی پێویستە. هاوکات بە گوێرەی مەزەندەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، ئێران هەمان ئەو سەکۆ مووشەکییانە بەکاردەباتەوە کە لە هێرشی جاری پێشوویدا بۆ سەر ئیسرائیل سوودی لێوەرگرتن.

شەیری بکە لە: