ئایا گرووپە چەكدارەكانی نزیک لە ئێران كۆتاییان دێت؟

شەیری بکە لە:
ئایا گرووپە چەكدارەكانی نزیک لە ئێران كۆتاییان دێت؟

ئاڵای ئیسرائیل و ئێران و ئەمریكا

ئاڤا نیوز

 

ئێران لەسەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تا ئەفریقاش تۆڕێكی جاڵجاڵۆكەی لە گرووپی چەكداری بەدەوری وڵاتەكەیدا دروستكردووە، پارە و چەكیان بۆ دابیندەكات، شرۆڤەكاران دەڵێن ئایندەی ئەم گرووپانە پەیوەستە بە دوای هەڵبژردنەكانی ئەمریكا و دووبارە بردنەوەی نەتەنیاهۆوە.

 

وێنە گەورەكە: پێكدادان و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ درێژەی هەیە، هێرشی گرووپە چەكدارە عێراقییەكان بۆ سەر كۆنسوڵخانەی ئەمریكا كوشتنی قاسم سولەیمانی لێكەوتەوە، هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل كوژرانی 30 هەزار زیاتر دانیشتووی غەززەی لێكەوتەوە، پسپۆڕانیش هۆشداری دەدەن هێرشەكانی لوبنان و حووسییەكانیش كەمتر نابن لەم دوو كارە.


باكگراوند: بە نزیكەیی 80گرووپ لە عێراق كە سەرجەمیان شیعەن ئێران ڕاستەوخۆ پشتیوانییان دەكات، گرنگترینیان كەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقییە، لە لوبنان حیزبوڵڵای لوبنان و لە یەمەن حووسییەكان و لە سووریا چەندین گرووپی ملیشیایی و لە ئەفریقاش یەك دوو گرووپی بچووك سەریانهەڵداوە كە ئێران پشتیوانییان دەكات و لەڕێگەیانەوە هەناردەی فەرهەنگی شیعەگەرایی خۆی دەكات.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپشت بەستن بە زانیارییەكانی ماڵپەڕی ئاكسیۆسی ئەمریكی، ئێران ساڵانە زیاتر لە 18 ملیار دۆلار بۆ پشتیوانی ئەم گرووپانە خەرج دەكات، ئەم گرووپانە نزیكەی ملیۆنێك سەربازی ڕێكنەخراویان هەیە.

 

هیلالی شیعی دەپارێزن

كۆماری ئیسرامی ئێران بۆ پاراستنی دەوڵەتەكەی بە دەوری وڵاتەكەدا تۆڕێكی دروستكردووە، پێی دەگوترێت هیلالی شیعی، كە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن و تەنانەت بەشێك لە ئەفریقا دەگرێتەوە، ئەمە تۆڕێكە و شێوەیەكی بازنەیی دەوری ئێرانی داوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئێران لە ئاڵۆزییەكان بپارێزێت و نەبێتە هۆی هێرشی دەرەكی بۆ سەر ئەو وڵاتە.

 

ئەم گرووپانە مەترسین

بەبەردەوام ئەم گرووپانە هەڕەشەن بۆ سەر ئەمریكا و ئیسرائیل، چونكە دەستیان دەگات بە بنكە و بارەگا و ناوچەكانی بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریكا، بۆ نموونە لە لوبنان و سووریا و یەمەن دەتوانن ڕاستەوخۆ ناو خاكی ئیسرائیل بكەنە ئامانج، هەروەها دەشتوانن هێرشبكەنە سەر سوپای ئەمریكا و بنكە سەربازی و باڵوێزخانە و ناوەندە سیاسییەكان و دەیان شوێنی دیكەش، ئەمریكا و ئیسرائیل ئەمانە بە مەترسی دەزانن بۆسەر وڵاتەكەیان.

 

ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ دژایەتی ئەو گرووپانە درێغی ناكەن
لە 10 ساڵی ڕابردوودا سوپای ئەمریكا و ئیسرائیل درێغیان نەكردووە لە هێرشكردنە سەر ئەم گرووپانە و پەیتا پەیتا لە سووریا لە عێراق بۆردوومانیان دەكەن و دەكوژرێن، لە دوای هێرشەكانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئیتر وێنەكە لە هێرشی شاراوەی سی ئای ئەی و مۆساددا نەما، بەڵكو بوو بە هێرشی ڕاستەوخۆ، كار گەیشتە ئەوەی ئیسرائیل حكومەتێكی بەناوی حكومەتی جەنگ دروستكرد و "نەتانیاهۆ سوێندی خوارد تا حەماس لەناونەبات ناوەستێت".

 

هێرشەكان دەكرێن بە دوو بەشەوە

ئینستتیوتی واشنتن لە بارەی هێرشەكانی گرووپە چەكدارەكانەوە بۆ سەر ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەكان دەكرێن بە دوو بەشەوە، لەڕووی زیانی سەربازییەوە تا ئێستا زیانێكی ئەوتۆیان نەبووە، بەڵام بوونەتە مەترسی بەتایبەتی بۆ كۆمەڵگە جوونشینەكانی سەر سنور بەتایبەتی ناوچەی هیلات و ناوچەی ژێر هەژموونی ئیسرائیل لە هێڵی هەزار كیلۆمەتری باشووری لوبنان، بەشێك لە ئامانجەكەیان پێكاوە كە تێكدانی سەقامگیری ئیسرائیلە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمانە ناو نانرێن مەترسی ستراتیژی، چونكە هێشتا نەیانتوانیوە لە ناو تێلئەڤیڤ یان شوێنێكی گەورەتر ترس و تۆقاندن دروستبكەن.

 

ئەمریكا هێرشی بەرفراوانی هەیە

سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەیوەستە بە سەقامگیری ئیسرائیلەوە، لە دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست جۆرێك لە ئاڵۆزی گەورە دروستبووە كە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئابووری هەبووە، ئەمە ئەمریكا و بەریتانیای بەتەواوتی توڕە كردووە، هەر بۆیە گەورەترین هێرشیان كردە سەر حووسییەكان.

 

گرێبەستی سەدە و پڕۆژەی ئاشتی ئەبراهام

كاتێك تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكابوو، جارید كۆشنەری بە ڕەچەڵەك جوو سەرمایەدار و سیاسەتمەداری گەورە لە كۆشكی سپی پلانێكی بەناوی گرێبەستی سەدە پێشكەش بە ئیسرائیل كرد، بە كورتی پڕۆژەكە بریتی بوو لە دروستكردنی دەوڵەتێك بۆ فەلەستین لە دەشتی سینا و هەروەها پڕۆژەیەكی دیكە هەبوو بۆ ئاشتكردنەوەی عەرەب و ئیسرائیل، ئەم پڕۆژەیە بەرەی ئێرانی زۆر زۆر توڕەكرد، هەر بۆیە هەموو شتێك كرا تا ئەم پڕۆژەیە سەرنەگرێت و هاوكێشەكە ئاوەژوو كرایەوە.

 

سەری مارەكە
نەتەنیاهۆ، كە ئێستا سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلە دەڵێت:" ئێمە خۆمان ماندوو دەكەین لە هێرشكردنە سەر گرووپە چەكدارەكان، تەنیا ڕێگەیەك هەیە بۆ كوشتنی ئەم مارە ژەهراوییە ئەویش ئەوەیە بدرێت لەسەری مارەكە و سەرچاوەی پارە و چەكیان بەتەواوەتی لەناوبچێت".

 

نەتەنیاهۆ دەشڵێت " ئێران ئەم گرووپانە بەخێودەكات و تەنیا كاتێكیش ناوچەكە ئارام دەبێت كە ئێران نەمێنێت". ئێرانیش جارجار خۆی بەدوور دەگرێت لە گرووپەكان، لە گوتارێكدا بۆ پشتیوانی غەززە عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران گوتی:"ئێمە نەبووین هێرشمان كردە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئەو دەستانە ماچدەكەین كە هێرشەكەیان كرد".

 

كۆتایی سەری مارەكە

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی و سەربازی، ئیسرائیل ناتوانێت بە تەنیا لەگەڵ ئێران بجەنگێت، دەیەوێت بەلایەنی كەمەوە ئەمریكا و بەریتانیا لە شەڕەكە بگلێنێت و دواتر هەموو جیهانیش بچنە ناو شەڕەكەوە، ئەو كاتە چین و ڕووسیاش دەبنە بەشێك لە یارییەكە و وەك چۆن نەیان هێشت بەشار ئەسەد بكەوێت بەو شێوەیەش بەرگریی لە مانەوەی ئێران دەكەن.

 

بە گوتەی چاودێرانی سیاسی "ئیسرائیل نەیتوانیوە كۆدەنگییەكی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئێران دروست بكات بە جۆرێك كەئەگەر هێرشیان كردە سەر ئێران بەلایەنی كەمەوە چین و ڕووسیا بێدەنگبن، لە ڕاستیشدا ئەمریكا نایەوێت ئەم ڕیسكە بكات، چونكە ئەوەندە ئاڵۆزی و كێشە هەیە، نە هێز نە پارە نە كات هاوكار نییە بۆ ئەوەی شەڕەكە ڕووبدات".

 

ترەمپ و نەتانیاهۆ لە گەڕی دووەمدا
ئینستتیوتی واشنتن نووسیویەتی "ڕێگەكان بۆ بوون بە سەرۆكی  ترەمپ ئاسانتر بوونە، ئەگەر نەتەنیاهۆش بتوانێت ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی ڕازی بكات و ببێتەوە بەسەرۆك ئەوا ئەگەری زۆری هەیە ئەگەر لەگەڵ ترەمپ "سەری مارەكە" پان بكەنەوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە كارێكی قورسە، ئەگەر نا دەبێت پردی پەیوەندی سەرجەم گرووپەكان و ئێران بەتەواوەتی ببڕن، ئەگەر ئەم دوو كارە نەكرێت هەرگیز ئیسرائیل سەقامگیر نابێت و هەموو ڕۆژێك دەبێت چاوەڕێی حەوتی ئۆكتۆبەرێكی دیكە بن".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: