کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان: لە کابینەی نۆیەمدا هاوردەکردنی دەرمانی قاچاغ %95 بنبڕ کراوە

شەیری بکە لە:
کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان: لە کابینەی نۆیەمدا هاوردەکردنی دەرمانی قاچاغ  %95 بنبڕ کراوە

دەرمانخانە

ئاڤا دیجیتاڵ

 

یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، بەرزکردنەوەی کوالێتی کەرتی تەندروستیی بەگشتیی و بابەتی دەرمان بووە بەتایبەتی. بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان جەختدەکاتەوە کە ئەم کابینەیە توانیویەتی 95٪ کۆنترۆڵی هاوردەکردنی دەرمانی قاچاغ و بازاڕی ئازادی دەرمان بکات، کە پێشتر بەشێک لە کۆمپانیاکان بۆ ساغکردنەوەی دەرمانی نایاسایی و یاریکردن بە نرخ ستیکەری وەزارەتی تەندروستییان بەکاردەهێنان.

 

لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا د. شێروان سادق بارزانی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان KMCA وەڵامی پرسیارەکانی ئاڤا میدیا دەداتەوە.


"کابینەی نۆیەم بۆ رێگریی لە گەندەڵی کەرتی گشتی و تایبەتی جیاکردەوە"

 

ئاڤا میدیا: لە چوار ساڵی رابردوودا لە پرسی کوالێتی دەرمان چی کراوە، ئایا پلانێکی روون و بەرچاو هەبووە کارتان لەسەر کردبێت؟

د. شێروان سادق بارزانی: بەڵێ بێگومان گرنگترین کارێک کە لە دەستبەکاربوونی ئێمە و سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجاممان دا، جیاکردنەوەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بوو، بەجۆرێک کارمەندەکانی دامەزراوەکە بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە لایەنداری و گەندەڵی بە فەڕمی رێگری کرا کار لە کەرتی تایبەتدا بکەن. هەروەک پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی کوالێتی کۆنترۆڵ، کە لە %95ی کارەکانی KMCA بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچن، کە تاکە دامەزراوەیە لە ئاستی کوردستان و عێراق بەو جۆرە کارەکانی رایی بکات.
یەکێکی دیکە لە کارەکانمان رێکخستنەوەی رێنماییەکان بوو لە هاوردە و هەناردە و چاودێریی بازاڕ و پۆلێنی پزیشکی. رێنماییشمان دەرکرد بۆ لەناوبردنی دەرمان بە شێوەیەکی زانستی. هەروەها گرنگیدان بە رێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی کارتێکەرە عەقڵییەکان و ماددە هۆشبەرەکان و دانانی رێبەرێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە، هەر لە سەرچاوەی هاوردەکردنی تاوەکو بەکارهێنانی و چۆنێتی مامەڵەکردن پێوەی لەلایەن نەخۆشخانەکان و پزیشک و دەرمانخانەکان لە گرنگترین ئەو دەستکەوتانە بوون کە پێشتر نەبوون.


"ئەو کارگەی دەرمانانەی پێویست نەبوون داخران"

 

ئاڤا میدیا: چیتان کرد بۆ رێکخستنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر هەبوون؟

د. شێروان سادق بارزانی: پێداچوونەوەی تۆماری کارگەی بەرهەمهێنانەکانمان کردە خەمێکی گرنگی خۆمان، چونکە کۆمەڵێکی زۆر کارگەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوون، کە بەشێکی زۆریان پێویست نەبوون و هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی دەرمانی کوالێتی خراپ و ئاست نزم لە بازاڕەکاندا هەبن. پێداچوونەوەمان کرد بە دۆسیەی گشتیی ئەو کارگانە، کە ئەوەش هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی دەرمانی کوالێتی بەرز و دەرمانی کاریگەر و باش، لەگەڵیشیدا بڕیار درا کە رێگە نەدرێت لە هەموو سەرچاوەیەکەوە دەرمان بگاتە هەرێمی کوردستان، 
دانانی داتا لۆگەریشمان کردە مەرجێک کە لەناو هەموو بارهەڵگرەکان لە سەرچاوەی دروستکەری دەرمانەکەوە تاکو دەگاتە هەرێمی کوردستان هەبێت،کە دوو کاری گرنگ دەکات، ئەویش رێژەی شێ لەناو ئەو بارهەڵگرەدا هاوسەنگ رادەگرێت، هەروەها پلەی گەرمیی دەرمانەکە کە بە چ رێکارێکدا بگاتە کۆگاکان.

 

"سەرۆکوەزیران بارزانی هەمیشە دەڵێت خزمەتکاری میللەت بن"

 

ئاڤا میدیا: پێشتر باسی کێشەی تاقیگە و نەبوونی تاقیگەی ئاستبەرز دەکرا، ئایا توانرا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت؟

د. شێروان سادق بارزانی: رۆڵی جەنابی سەرۆک وەزیران بارزانی بووە هۆی ئەوەی تاقیگەکانمان بۆ سێ ئەوەندەی پێشتر زیادبکرێت. هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو لە چاکسازیی دەرمان، پێشتر کۆمپانیاکان بەبێ پشکنین دەرمانیان هاوردە دەکرد و مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبوو، بەڵام ئێستا خاوەنی تاقیگەی زۆر پێشکەوتووین لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهانیش. ستانداردی نێودەوڵەتی پشکنینیان تێدایە. نەک هەر تاقیگەکان، بەڵکو کەمکردنەوەی رۆتین و تەواوبوونی مامەڵەکانیشمان چارەسەر کرد لەکاتی خۆیدا و ئێستا نۆرەبڕی نەماوە، کە پێشتر رێگەپێدان دوو مانگی پێویست بوو. لەهەمان کاتدا هەڵسەنگاندن و پشکنین زۆرجار دوو ساڵی دەخایاند، بەڵام ئێستا لە کابینەی نۆیەمدا هەموو مامەڵەیەک لەکاتی خۆیدا جێبەجێدەکرێت. ئێمە لە کارکردندا رەچاوی وتەیەکی سەرۆکوەزیران بارزانیمان کردووە،کە دەبێت هەموو فەرمانبەرێکی حکومەت خۆی بە خزمەتکاری گەلەکەی خۆی بزانێت و ئەوەمان کردووە بە کردار.

 

"هاوردەکردنی دەرمانی قاچاغ بە رێژەی 95٪ بنبڕکراوە"


ئاڤا میدیا: هەمیشە لەو دامەزراوانەی رێگەدان و مۆڵەت و پشکنینیان هەیە باسی داهات و خەرجی کراوە، ئێوە چیتان کردووە بۆ رێکخستنەوەی ئەم لایەنە؟

د. شێروان سادق بارزانی: داهات رێکخرایەوە، بەجۆرێک بە رێژەی لە 600٪ داهاتمان زیاد کردووە بەراورد بە پێش کابینەی نۆیەم، لەبەرامبەردا خەرجی کوالێتی کۆنترۆڵمان بە رێژەی لە 300٪ کەمکردەوە. کارێکی دیکەمان لەم کابینەیە زیادکردن و فراوانکردنی لیژنەکانی چاودێری بازاڕ بووە، هەماهەنگی زیاترمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و خاڵە سنوورییەکان کردووە و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەندیکای دەرمانسازان زۆر زیاتر کردووە. بە دڵنیاییەوە دەتوانم ئەو قسەیە بکەم، کە رێژەی هاوردەکردنی دەرمانی قاچاغ زیاتر لە %95 بنەبڕ کراوە بە تایبەتی لە شوێنە فەڕمییەکان، تەنیا کێشەمان هەبێت نۆرینگە نافەرمییەکانی ناو کۆڵان و گەڕەکەکانە کە لەوێ زۆرجار دەرمانی نایاسایی و قاچاغ دەستدەکەوێت و هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی هاوبەشمان لەگەڵ نوێنەرانی داواکاری گشتی هەیە و لە پارێزگای هەولێردا توانراوە هەندێک شوێنی زۆر دابخرێن.

 

"تیممان هەن بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە دەرمانی ساختە"

 

ئاڤا میدیا: لە ئێستادا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی دەرمان پڕۆژەی سەلامەتیتان راگەیاندووە، ئامانج لەو پرۆژەیە چییە؟

د. شێروان سادق بارزانی: ستافێکی تایبەت و دڵسۆز لێرە کار دەکەن، کە دەستبەرداری کاری تایبەتی خۆیان بوون، ئامانجمان ئەوەیە خەڵک تێبگەیێنین جیاوازیی چییە لەنێوان دەرمانێک کە بە پڕۆسەی زانستی و پشکنین تێدەپەڕێت و بەرهەم دێت، لەگەڵ دەرمانێک کە ساختەیە و قاچاغە. 
بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ کۆمپانیایەک کە سپۆنسەری کارەکەی کردووە بە ناوی (ئەسترازینیکا) ئەم پڕۆژەیەمان راگەیاندووە، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا بە گشتی، کە خەڵک لەو بابەتە هۆشیار دەکەینەوە.


ئاڤا میدیا: چی کراوە بۆ ستیکەر؟ ئایا لە سەدا چەندی دەرمانی دەرمانخانەکان ستیکەریان هەیە؟

د. شێروان سادق بارزانی: لە 5ی ئایاری 2021وە رێگە نەدراوە بەبێ مۆڵەتی رێگەپێدانی دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان بچێتە بازاڕەوە، واتە بەبێ بوونی ستیکەر، بەڵام لێرەولەوێ کۆمەڵێک هۆکار هەیە وا دەکات بەشێک لە دەرمانەکان ستیکەریان نەبێت، کە سەرەکیترین هۆکار کۆمپانیاکان خۆیانن، کە نایەنەوێت ئەو کارە بکەن بۆ ئەوەی دەرمانی هاوردەکراوی قاچاغ و نایاسایی ساغبکەنەوە، یان دەیانەوێت بە ویستی خۆیان نرخ دیاری بکەن. لە ئێستادا زیاتر لە 14 هەزار جۆری دەرمان نرخمان بۆ داناون،کە ئەمە لە پێش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە.

 

"ستیکەری دەرمان ساختە ناکرێ و ناشێوێنرێت"

 

ئاڤا میدیا: سزاکان چ دەبن بۆ سەرپێچیکاران و ئەوانەی ستیکەر بەکارناهێنن؟

د.شێروان سادق بارزانی: سزای سەرپێچیکاران دەدەین و لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکدەهێنین و دەیاندەینە دادگا، بۆیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەتوندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین لە هەر شوێنێک دەرمان لە دەرمانخانە و کۆگاکەیدا هەبێت و ستیکەری لەسەر نەبێت لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکدەهێنین و دەیاندەینە دادگا. بەڵام کێشە گەورەکەمان ئەوەیە، هەندێک جۆری دەرمان هەیە زۆر پێشتر هاتوون و ستیکەریان بۆ نەکراوە، ئێستا لۆدمان لەسەر دروست بووە بۆ ئەوەی ستیکەر بۆ هەموویان دروست بکەین، دوای ئەو قۆناغە کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێ، ستیکەرێکی توانابەرزمان هەیە کە بە هیچ جۆرێک ساختە ناکرێت و ناشێوێنرێت. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: