عێراق تا کەی دەتوانێت هاوسەنگیی نێوان ئەمریکا و گرووپەکانی سەر بە ئێران بپارێزێت؟

شەیری بکە لە:
عێراق تا کەی دەتوانێت هاوسەنگیی نێوان ئەمریکا و گرووپەکانی سەر بە ئێران بپارێزێت؟

دیمەنێک لە مەراسمی بەخاکسپاردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی کە لە هێرشەکەی ئەمریکا کوژران, وێنە: AFP

ئاڤا دیجیتاڵ

لەکاتێکدا ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانیان لە عێراقدا هەن، گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە دوژمنی تۆڵەستێنی ئەمریکان، لە عێراقدا جێگیرن. لەگەڵ ئەوەدا کە عێراق ساڵانێکە توانیویەتی ئەم هاوسەنگییەی نێوان هێزە دژ بە یەکەکان بپارێزێت، بەڵام پێشهات و گۆڕانکارییە نوێیەکانی ناوچەکە بوونەتە هۆی ئەوەی عێراق چیدیکە هەست بە ئاسوودەیی نەکات.

 

ئێستا دۆخەکە لەرزۆکە

 

ئەو کاتانەی هەریەک لە واشنتن و تاران و بەغدا لەسەر  یەک بابەتی وەک تێکشکاندنی داعش هاوڕا بوون، پەیوەندییەکانی نێوانیشیان جێگیر بوون. بەڵام لەم چەند مانگەی دواییدا بەهۆی شەڕی غەززەوە گۆڕانکاریی نوێ هاتوونەتە ئاراوە. هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سەر بە ئێران چەندینجار لە عێراق و سووریا پێکیانداداوە؛ دوایینیشیان هێرشی هەفتەی ڕابردووی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکان لە عێراق بوو کە کوژرانی 16 کەسی لێکەوتەوە. ئەمە وای کرد عێراق زیاتر هەست بە مەترسیداریی دۆخەکە بکات و داوا بکات ئیتر بەس بێت.

 

بەرپرسانی عێراق دژی ئەمریکا دەدوێن

 

نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیێندراوێکیدا دەڵێت ''خاک و سەروەریی عێراق شوێنێکی گونجاونییە بۆ هێزە ڕکابەرەکان تا پەیامی خۆیانی لەڕێگەوە بنێرن و هێزی خۆیانی تێدا نمایش بکەن''.

 

بۆ چەندین ساڵ هەریەکە لە ئەمریکا و ئێران لەنێو حکومەتی عێراقدا لایەنگری خۆیانیان هەبوو. سەربازانی ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیش لە دۆخێکی تاڕادەیەک لەگەڵ یەکدی هەڵیان دەکرد.

 

باکگراوندی ناکۆکییە نوێیەکان:

 

لە ساڵی 2020 ئەمە گۆڕانکاری بەسەردا هات، ئەویش کاتێک بوو کە ئەمریکا لە هێرشێکی درۆنیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە بەغدا کوشت. لەوکاتەوە ئێرانییەکان دەستیان بە هەوڵدان کرد بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان لە عێراق. لەگەڵ ئەمەشدا عێراق توانی بەرگەی گوشارەکان بگرێت، ئەمەش لەبەر دووبەرەکی نێو سەرکردەکانی. تەنانەت دوای 2022، کاتێک کە پارتە نزیکەکانی سەر بە ئێران توانیان حکومەت پێکبهێنن، هێشتا هەر بەرپرسانی عێراقی سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە بە ئاشکرا شتێک و بە نهێنیش شتێی دیکەیان دەگوت.

 

تا دێت هەڵوێستی سوودانی تووندتر دەبێت

 

لە ڕاگەیێنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا هێرشەکەی ئەمریکا بە دەستدرێژییەکی ئاشکرا وەسف کراوە، خراوەتە بەر ڕەخنە و هاوکات هۆشداریی ئەوەشی داوە کە تووندوتیژی تەنیا تووندوتیژی بەرهەمدێنێتەوە. ڕاگەیێنراوەکە ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخەیە کە حکومەتی عێراق بەهۆی بوونی هێزەکانی ئەمریکاوە تێیکەوتووە؛ لەکاتێکدا دەیەوێت دانوستان لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکات کە لە ساڵی 2003ەوە لەو وڵاتە جێگیرکراون.

 

لای خۆیەوە ئێران هەوڵی داوە گوشار لەسەر عێراق دروست بکات تا هێزەکانی ئەمریکا بکاتەدرەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراقی و ئەمریکی لەو باوەڕەدان بوونی سنوورداری هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە بەرژەوەندیی عێراقدایە و عێراق دەتوانێت بۆ بوارەکانی ڕاهێنانی سەربازی و لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعش سوودیان لێببینێت.

 

شرۆڤەی دۆخی عێراق

 

حکومەتی عێراق پەیوەندییەکی سیاسی و سەربازیی قووڵی لەگەڵ ئێراندا هەیە؛ هەر بۆیەش لە ڕاگەیێنراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا تەنیا یەکجار بە ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کراوە، لەکاتێکدا لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە زیاتر لە 160 جار کەمپ و بنکەکانی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج.

 

هەر ئەو هێرشانە، وەک هێرشی سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژئاوای ئوردن، کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، بووە هۆی ئەوی ئەمریکاش هێرشی تۆڵەکردنەوە بکات، کە لە یەکێکیاندا 16 عێراقی کوژران و حکومەتی عێراقی تووڕە کرد.

 

ئەو شرۆڤانەی لە نزیکەوە بەدوداچوون بۆ دۆخی عێراق دەکەن لەو باوەڕەدان ڕووداوەکانی ئەمدواییە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکای خستووەتە دۆخێکی نوێی وەرچەرخانەوە، بەجۆرێک داواکاریی کشانەوەی خێراتری هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زیاتر بووە. ئەمەش شتێکە زۆر کەس لە عێراق خۆزگەی بۆ دەخوازن.

 

رێناد مەنسوور، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری عێراقی لە خانەی توێژینەوەی چاتم هاوس لە لەندەن دەڵێت: “کێشەی هەردوو حکومەتی عێراق و ئەمریکا ئەوەیە هیچ کامیان هەڵکشانی گرژییەکانیان ناوێت و هیچ کامیشیان مانەوەی بەردەوامی هێزەکانی ئەمریکایان ناوێت“. ئەو دەڵێت تا بەر لە ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، عێراق و ئەمریکا لە یەک بەرە بوون و دەیانویست بەجۆرێک گفتوگۆ لەبارەی ڕێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکەن کە لە بەرژەوەندیی هەردوو لایاندا بێت. بەڵام ئێستا گوشاری نوێ هاتوونەتە ئاراوە، ئەگەریش هەردوو وڵات بیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پێش ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، بەڵام واقیعەکە لە گۆڕاندایە و شتی نوێ سەریهەڵداوە.

 

کۆلین پی. کلارک، سەرۆکی گرووپی سۆوفان بۆ توێژینەوە لە واشنتن، کە دامەزراوەیەکی راوێژکاریی تایبەت بە هەواڵگری و ئاسایشە، دەڵێت ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جێگەی نیگەرانیی ئەو بووە، ئەو جۆرە لە قسەکردنەیە کە لەنێو بەرپرسانی ئەرمریکی و عێراقیدا زیاتر بووە. بەگوتەی ئەو، مەترسییەکە لەوەدایە شەڕەقسەکە ببێتە شەڕی خۆسەپاندن بەوەی هەر کامەیان هەوڵی سەپاندنی قسەی خۆیان بدەن.

 

ئەو ترسی لەوەش هەیە ئەمریکا هێزەکانی خۆی زۆر بەخێرایی بکشێنێتەوە و هەمان دانوستانەکانی ساڵی 2011 دووبارە بکاتەوە کە بووە هۆی کشانەوەی هەموو هێزەکانی لە عێراق. دواتریش لە ماوەی دوو ساڵدا داعش دەستی بە سەر ڕۆژئاوای عێراق و پاشانیش بەسەر بەشی زۆری باکووری عێراقدا گرت و لە شەڕێکی چوار ساڵیدا دەیان هەزار کەس کوژران.

 

بۆچوونی نووری مالیکی و هادی عامری:

 

دوای هێرشە خوێناوییەکەی هەفتەی ڕابردووی ئەمریکا، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، کە ڕێبەرایەتیی پارتێکی خاوەن کاریگەریی لەنێو پەرلەمان دەکات، لانیکەم بەئاشکرا بوارێکی زۆری بۆ ئەمریکییەکان نەهێشتەوە و گوتی: ئەوان بە خوێنی ساردەوە عێراقییەکانیان کردووەتە ئامانج.

 

هادی عامری، یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە پاڵپشتی لە سوودانی دەکات، لە مالیکی زیاتر ڕۆشت و گوتی: ئێمە باوەڕمان بە دانوستان نییە. بەپێویستیشی زانی هێزەکانی ئەمریکا دەستبەجێ لە عێراق بکشێنەوە.

 

چی بەڕێوەیە؟

 

ئەوەی لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕوودەدات، دەوەستێتە سەر ئەوەی سوودانی چۆن گوشارە دوولایەنەکانی ئێران و ئەمریکا بەڕێوەدەبات. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران دووشەممەی ڕابردوو لە بەغدا بوو؛ هەروەها سەرۆکی سوپای قودس، جەنەڕال ئیسماعیل قائانی، هەفتەی پێشوو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەکانی عێراق لە بەغدا بوو.

 

ڕەند ڕەحیم، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی کە پەرە بە مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەدات، دەڵێت لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بەشێوەیەکی سیستماتیکی ڕۆڵی سوودانی کاڵ کراوەتەوە. ئەو دەڵێت  سوودانی هەموو هەوڵی خۆی داوە بۆ ئەوەی ئەو میلیشیایانەی سەر بە ئێران سنووردار بکات کە هێزەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج، بەڵام میلیشیاکان بەگوێیان نەکردووە. ”ئەمەش ئەویان زۆر تووڕە کردووە. دواتریش هێرشەکەی ئەمریکا ئەویان تووڕەتر کرد، چونکە ئێستا عێراق بووتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ئەمریکا و ئێران تا حیسابی خۆیانی تێدا یەکلابکەنەوە،”

 

بڕیاری کۆتایی چۆن دەبێت؟

 

شرۆڤەکارانی عێراقی لەو باوەڕەدان کە سوودانی، هەر وەک بایدن و خامنەیی، نیگەرانی سیاسەتی ناوخۆی وڵاتەکەیەتی.

 

لەمبارەیەوە ئیحسان شەمەری، پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا دەڵێت: "سوودانی ئێستا نیگەرانە و بەلاوازی دەردەکەوێت”. دۆخی ئێستا سنووردارییەکانی دەستەڵاتی ئەوی نیشان داوە، تەنانەت لە یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی سیاسەتی دەرەوەدا کە عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە بەتەواوەی پەیوەست نییە بەوەوە؛ ئەویش بریتییە لە بابەتی داهاتووی ڕۆڵی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو دەشڵێت ”سوودانی چاوەڕێیە گوێی لە هەڵوێستی ئێران بێت تا دواتر لەسەر بنەمای ئەوە و بە ڕەچاوکردنی پاراستنی هاوسەنگی بڕیاری خۆی بدات. ئەمەش وا دەکات ئەو هەست بە گۆشەگیری بکات.”

 

سەرچاوە: نیویۆرک تایمز

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان